وشەدان

وشەی تەڕاح

10:11 - 2024-02-20
جومعە كانی لەلەیی
614 خوێندراوەتەوە

جومعە كانی لەلەیی


چەند ساڵێك بەر لە ئێستا لە سەردەمی پێشمەرگایەتیدا بە جەولەیەك روومان كردە گوندی سێگردكانی دڵگیر، بۆ نانی نیوەڕۆش هەر لەوێ ماینەوە و دوو دوو و سێ سێ دابەش بووین بەسەر ماڵەكاندا، من لەوێ خزمێكم هەبوو هەر زوو بڕیارمدا بیكەینە خانەخوێی ئەو رۆژەی خۆمان، خزمەكەمان پێشمەرگە و یەكێتی خۆشدەویست، خۆم و دوو پێشمەرگەی هاوڕێم رووەو ماڵی لالە حەمە رۆیشتین، بەر لەوەی لە دەرگا بدەین گوێم لە لالە حەمە بوو لەناو حەوشەكەیان بە تووڕەییەوە بە كوڕێكی خۆی گوت دەهەستە دەڵێی تەڕاحی لێی پاڵكەوتووی، بۆ من وشەكە نوێ نەبوو و پێشتر چەندین جار بەرگوێم كەوتبوو بەڵام، ماناكەیم باش نەدەزانی، بەر لە چوونە ژوورەوەمان بە جەمال تۆبزاوەیی هاوڕێم گوت دوای نان خواردن بیهێنەوە بیرم تا پرسیار لە مانای تەڕاح بكەم، جەمالیش بە سەرسوڕمانەوە گوتی بۆ چما مانای تەڕاح نازانی؟ گوتم نەخێر ماناكەی نازانم، وەك ئەوەی جەمال پسپۆڕی زمانی كوردی بێت كەوتە پێناساندن و راڤەكردنی وشەكە ‌و گوتی تەڕاح واتە تەمبەڵ و تەوەزەڵ، واتە كەسێك كە حەزی لە كار و كاسپی نەبێت و بە ژیانێكی ئاسایی و بێ زەحمەتكێشان رازی بێت. بڕوام بەم وەڵامە نەبوو، گەرچی زۆرینەی خەڵك بۆ ئەم مەبەست و لێكدانەوەیەی جەماڵ بەكاریان دەهێنا، بەڵام لە بنچینەدا وشەكە مانای تری هەبوو.
لەو رۆژە بەدواوە چووبێتمە هەر گوند و ناوچەیەك و هەر پیاوێكی بەتەمەنم بینیبێ ئەم پرسیارەم ئاڕاستە كردووە، ئەرێ تەڕاح واتای چی دەگەیەنێت؟ مانای تەڕاح چییە و لە چییەوە هاتووە؟ دواجار یەك وەڵامی هاوبەشم دەستكەوت، زۆربەی بۆچوونەكان لەسەر ئەوە كۆك بوون كە تەڕاح بەو كەسە دەگوترێ كاری كڕین و فرۆشتنی دانەوێڵە دەكات، واتە كڕیاری دانەوێڵە.
 لەم رۆژانەی پێشوودا لەدانیشتنێكی خێزانیدا هەمان وشەم بەرگوێ كەوتەوە، بۆیە بڕیارمدا بەدواداچوونی زیاتر بۆ مانای راستەقینەی ئەم وشەیە بكەم و لە گۆشەكەمدا شەن و كەوی بكەم، بۆ دەستكەوتی مانای راست و دڵنیا بوونم لەو مانایەی سەرەوە لە چەندین كەسی شارەزای ناوچە جیاجیاكانی كوردستانم پرسی، لێكدانەوە و راڤەی هەموان لە دوو واتا تێنەپەڕی، یەكەم: كڕیار و فرۆشیاری دەغڵودان، دووەم: كەسانی تەمبەڵ و نەكارا و ناكاسب.
فەرهەنگی ئەناهیتا نووسیویەتی تەڕاح بەو كەسانە دەگوترێت كە كڕیار و فرۆشیاری دەغڵودان و دانەوێڵەن یان كڕیار و فرۆشیاری دار و خەڵوزن، هەروەها فەرهەنگی كوردواتەنی (ع ع شەونم) بەدوو جۆر لێكدانەوەی بۆ كردووە، یەكەم: تەڕاح بەكەسانی بێ كارو كاسبی و پاڵكەوتوو دەگوترێ، دووەم: تەڕاح واتە داری قەبە، تێڵاشی پێدەگوترێ.
لە شاری هەولێریش لە شێخەڵا نزیك مزگەوتی شێخ مستەفا كۆڵانێكی كۆن هەیە پێی دەگوترێ كۆڵانی تەڕاحان، كە پرسیارم كرد بۆچی ناوی ئەو كۆڵانە نراوە تەڕاحان؟ لە وەڵامدا گوتیان ئەم كۆڵانە تایبەت بوو بە كڕین و فرۆشتنی دانەوێڵە بەتایبەتی گەنم و جۆ، بۆیە وای پێگوتراوە .
چەند ساڵێكە وشەی تەڕاح لەناو گفتوگۆی خەڵك نەماوە و بەشی هەرە زۆری خەڵك ماناكەی نازانن، خەریكە وشەی تەڕاحیش وەك هەندێك وشەی تری كوردی رەسەن نامینێت و بەتەواوی لەبیر دەچێتەوە، بەشێوەیەكی گشتی بە كڕیار و فرۆشیاری دانەوێڵە دەگوترێ تەڕاح .

وتارەکانی نوسەر