کتێبێک بۆ زیندووکردنەوەی وشە رەسەنەکان

12:18 - 2024-08-07
جومعە كانی لەلەیی
383 خوێندراوەتەوە

له‌ رۆژانی‌ پێشوو له‌گه‌ڵ دكتۆر هاوژين سڵێوه‌ و عيماد غه‌فورى له‌ ئێواره‌كۆڕێكى شیعر خوێندنه‌وه‌ى براى شاعیر ئاسۆى مه‌لا له‌ شارى كۆيه‌ به‌شداربووين، له‌وێ له‌گه‌ڵ مامۆستا فازيل شه‌وڕۆ كتێبمان ئاڵۆگۆڕ كرد، ئه‌و كتێبى عه‌وڵا جه‌يدى و نه‌نه‌ ئامينه‌ى پێبه‌خشيم، منيش رۆمانى گرێكوێره‌. به‌ده‌م گوێگرتن له ‌هۆنراوه‌ به‌سۆزه‌كانى ئاسۆى مه‌لا، روانيمه‌ ناونيشانى كتێبه‌كه‌ى مامۆستا فازيل، هه‌ر له ‌سه‌ره‌تاوه‌ ناونيشانه‌كه ‌سه‌رنجى راكێشام، چه‌ند لاپه‌ڕه‌يه‌كيشم لێهه‌ڵدايه‌وه‌و هه‌ندێكيانم خوێندنه‌وه‌، ئيدى خوێندنه‌وه‌ى ئه‌م كتێبه‌ بوو به‌ ئه‌رك به‌سه‌رمه‌وه‌.

يه‌كێک له ‌ئامانجه‌ هه‌ره‌ گرنگه‌كانى نووسينى ئه‌م كتێبه‌ ئه‌وه‌يه،‌ رێگه‌ نه‌درێت زمانى كوردى ره‌سه‌نێتى خۆى له‌ده‌ست بدات

نۆره‌بڕێم بۆ عه‌وڵا جه‌يدى و نه‌نه‌ ئامينه‌ كرد، شه‌وى يه‌كه‌م له‌پاڵ گه‌رماى تاقه‌ت پڕوكێن، 25 لاپه‌ڕه‌م لێخوێنده‌وه‌، له ‌ماوه‌ى چوار رۆژدا خوێندنه‌وه‌ى كتێبه‌كه‌م ته‌واوكرد. كتێبه‌كه‌ ئه‌وه‌ده‌هێنێت پێوه‌ى ماندووبيت و له گه‌رما و سه‌رماش، ده‌ست له‌خوێندنه‌وه‌ى هه‌ڵنه‌گريت. به‌وه‌ سه‌رسام بووم مامۆستا فازيل به‌و زمانه‌ كتێبه‌كه‌ى نووسيوه‌ كه‌ باوك و دايكى و ئه‌هلى كۆيه‌ پێى دواون و خۆى فرچكى پێوه‌گرتووه‌، باشتر بڵێم زمانى كۆييه‌كانى ساڵانى چل و په‌نجاكانى چه‌رخى رابردووى هه‌ڵبژاردووه‌ بۆ نووسينه‌وه‌ى، به‌مه‌ش تام و چێژێكى بێوێنه‌ى داوه‌ته‌ چيرۆك و به‌سه‌رهاته‌كانى ناوى.

ده‌شێ كۆييه‌كانى ئێستا له ‌نيوه‌ى وشه‌كانى ئه‌م كتێبه‌ تێنه‌گه‌ن، به‌و هۆيه‌ى زمان له ‌ئاڵوگۆڕ و گۆڕانكارييه‌كى  خێرادايه‌ و شێوه‌زارى ناوچه‌كانى ترى كوردستان و زمانى ئێستاى سۆشيال ميديا، كه‌م تا زۆركاريگه‌رى خستۆته‌ سه‌ر ڕێڕه‌و و شێوه‌ى ئاخافتن و نووسينى نه‌وه‌ى ئه‌م سه‌رده‌مه‌، كتێبه‌كه‌ به‌ زياتر له‌ حه‌وت هه‌زار وشه‌ى ره‌سه‌نى  كوردى كه‌ زۆربه‌يان خه‌ريكه‌ له‌سه‌ر زارى خه‌ڵك نامێنێن و زۆربه‌يان فه‌وتاون، نووسراوه‌ته‌وه‌، ئاخر نه‌وه‌ى ئێستا به‌چى بزانێت باگردێن چيیه ‌و جاجم  بۆچى به‌كارهاتووه‌و كارى چراڕه‌شكه‌ چيبووه‌ و لباد چيیه‌ و له‌چى دروستكراوه‌و  بۆچى به‌كاردێت، ئه‌گه‌ر مامۆستا فازيل شه‌وڕۆ نه‌يخستبێته‌ڕوو؟ ره‌سه‌نى وشه‌كان له‌وه‌دايه‌ بێبه‌شن‌ له ‌زمانى بێگانه‌ و لاسايیكردنه‌وه‌، به‌ڵكو هه‌ر ئه‌و زمان و شێوه‌زاره‌يه‌ كه‌ نزيكه‌ی 300 ساڵ پتره‌ باپيرانمان پێى دوواون. 
بايه‌خى كتێبه‌كه‌ له‌وه‌دايه‌ وشه‌ ره‌سه‌نه‌كان زیندوو ده‌كاته‌وه‌، شێوه‌يه‌كه‌ له ‌وشه‌دان، كه ‌ده‌توانرێت وشه‌ى جوان و ره‌سه‌نى تيا ده‌ربهێنرێت و وه‌ك سه‌رچاوه‌ كه‌ڵكى لێوه‌ربگيرێت، يه‌كێک له ‌ئامانجه‌ هه‌ره‌ گرنگه‌كانى نووسينى ئه‌م كتێبه‌ ئه‌وه‌يه،‌ رێگه‌ نه‌درێت زمانى كوردى ره‌سه‌نێتى خۆى له‌ده‌ست بدات و هێواش هێواش له‌و خڵت و خۆڵ و زيخه‌ پاكبكرێته‌وه‌ كه ‌داگيركه‌ران له‌ڕێگه‌ى جياجياوه‌ خزاندوويانه‌ته‌ ناو زمانى كورديیه‌وه‌ كه ‌مه‌به‌ست لێى شێواندن و كزۆڵكردنى زمانه‌كه‌مانه‌.
گه‌رچى كتێبه‌كه‌ ناوى ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ى نراوه‌ بيره‌وه‌رى، وه‌لێ پڕن له ‌مێژووى شاراوه‌ى كۆيه‌ و ناوچه‌كانى تر كه‌ تا ئێستا كه‌س هيچى له‌باره‌وه‌ نه‌نووسيوه‌، كتێبه‌كه‌ ‌چيرۆك و به‌سه‌رهاتى جياجياى له‌خۆگرتووه‌ كه‌ بۆ رۆژگارى ئێستا مايه‌ى وانه‌ن. گه‌رچى ده‌مويست له‌باره‌ى ئه‌م كتێبه‌وه‌ شه‌ن و كه‌وى زۆرتر بكه‌م و له ‌كزه‌ باى شه‌ماڵى ئه‌ده‌بى دا،   دان و (كا)ى له ‌يه‌كتر هه‌ڵاوێرم، لێ ده‌بێته‌ درێژدادڕى، چونكه‌ رۆژنامه‌ بابه‌تى درێژ هه‌ڵناگرێت، ماوه‌ته‌وه‌ بڵێم كتێبه‌كه‌ بريتيیه‌ له‌ 346  لاپه‌ڕه‌، هه‌روه‌ها ئه‌و وشه‌و چه‌مك و ده‌سته‌واژه‌ جوانانه‌ى له‌م كتێبه‌ به‌ديمكرد جێگه‌ى قايلكردنى من  بوون وه‌ك خوێنه‌رێك لەوانە :چيلكه‌، كۆليت، سوانه‌، گه‌زو نيوێك، كه‌ندوو، گومگومه‌، سه‌رگه‌ردان، چارۆگ، قه‌ڕاسه‌، زه‌نبيل يان زه‌مبيل، ئاون، جه‌ڕه‌، سه‌قا، بوخچه‌..،، سه‌دان وشه‌ى ترى كوردى ناوازه‌ و ره‌سه‌ن.

 

وتارەکانی نوسەر