هه‌ر جاره و رووداوێك یان بڕیارێكی ئیداری و سیاسی یاخود هه‌ر گۆڕانكارییه‌ك، مشتومڕی گه‌رم و چه‌ند و چۆنی توند ده‌خاته نێو كایه‌ی میدیا و لاپه‌ڕه‌ی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، هه‌ندێك جار ئه‌م مشتومڕه ده‌گاته مریشكه ره‌شه به مانا سیاسییه‌كه‌ی.
دواین بڕیاری دادگای فیدراڵی سه‌باره‌ت به كورسی كۆتاكانی هه‌رێم به‌زمێكی نوێی له سۆشیال میدیاکاندا خوڵقاند، به‌جۆرێك زۆرینه‌ی خه‌ڵكی كوردستان به بڕیارێكی ئیجابی و گه‌ڕانه‌وه بۆ سه‌ره‌تاكانی دیموكراسی له قه‌ڵه‌م بده‌ن و هه‌ندێكیش پێی سه‌غڵه‌ت بن، وه‌ك ئه‌وه‌ی بڕیاره‌كه گورز بووبێت له هه‌ندێك لایه‌نی سیاسی و كه‌سایه‌تی دووره په‌رێزی پێكهاته‌كان.
له راستیدا بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدراڵی هه‌ڵقوڵاوی تێگه‌یشتنێكی دروسته سه‌باره‌ت به كاری په‌رله‌مانی و چۆنێتی گوزارشتكردن له مافی پێكهاته‌كان، تێگه‌یشتنه‌كه له‌وه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه ناكرێت چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌ك بیانه‌وێت به‌ناوی مافی پێكهاته و كه‌مینه نه‌ته‌وه‌یی و ئه‌تنیكییه‌كانه‌وه تا دنیایه، هه‌ر ئه‌وان ده‌مڕاستی پێكهاته‌كان بن و هه‌موو مافه‌كانیان له‌بوونی خۆیاندا بتوێننه‌وه و ئازادی و مافه دیموكراسییه‌كانیان قۆرخ بكه‌ن، له‌كاتێكدا ده‌یان كه‌سایه‌تی سیاسی تری پێكهاته‌كان بێبه‌ش كراون له مافی خۆپاڵاوتن و گوزارشتكردن له‌بوونی خۆیان، ئه‌مه‌ش ئه‌و راستییه‌مان بۆ روونتر ده‌كاته‌وه كه كورسی پێكهاته‌كان له بناغه‌وه ئه‌جێندای لایه‌نێكی سیاسی هه‌رێم بووه و هه‌میشه كردوونی بە ئامرازێك بۆ خزمه‌تی پلان و به‌رنامه سیاسییه‌كانی خۆیان، له‌جیاتی داكۆكیكردن له مافەکانیان.
به‌درێژایی مێژووی 100 ساڵی رابردوو، پێكهاته‌كانی هه‌رێم له‌لایه‌ن حكومه‌ته یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی عیراقه‌وه رێگه‌یان نه‌دراوه گوزارشت له‌بوونی خۆیان بكه‌ن، بگره به توندی چه‌وسێنراونه‌ته‌وه و رووبه‌ڕووی گرتن و راوه‌دوونان و ئاواره‌بوون و گۆڕینی شوناس بوونه‌ته‌وه، له‌دوای سه‌ركه‌وتنی راپه‌ڕینی گه‌لی كوردستان كه كورد ده‌سه‌ڵاتێكی دیفاكتۆی به‌ده‌ستهێنا، هه‌ست به مه‌ینه‌تییه‌كانی سه‌رجه‌م پێكهاته‌كان كراوه.
له‌و روانگه‌شه‌وه سه‌ركردایه‌تی كورد، به‌تایبه‌تی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌رپرسیارانه و مرۆڤدۆستانه مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ مافی پێكهاته‌كان كرد و مافه‌كانیان له زهنیه‌تی سیاسی و حكومڕانیدا جێگر و پارێزراو كرد، تا هه‌نووكه و له داهاتووشدا سێبه‌ری حكومڕانیی كورد ده‌بێته باشترین و پارێزراوترین نیشتمان بۆیان، به‌ڵام ناكرێ له په‌نای پێكهاته‌كانه‌وه و به بیانووی به‌ده‌ستهێنانی مافه‌كانیان، رێگه به چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌ك بدرێت كه بازرگانیی سیاسی به مافی پێكهاته‌كانه‌وه ده‌كه‌ن و بۆ مه‌رامی تایبه‌تی و گۆڕینی رێڕه‌وی هه‌ڵبژاردنه‌كان و بێبه‌هاكردنی ده‌نگی هاونیشتمانیان و كۆكردنه‌وه‌ی سه‌روه‌ت و سامان به‌كاریانبهێنن.
هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان، جیاواز دەبێت لەوانی رابردوو