له‌م رۆژانه‌ی پێشوودا به ئه‌رشیفه كۆنه‌كانمدا چوومه‌وه كه پڕه له نامه‌ی ده‌سنووسی ده‌یان كه‌سایه‌تی جیا جیا و شه‌هید و فه‌رمانده‌ی دێرین، مه‌به‌ستم بوو نامه‌كان له شێداری و فه‌وتان و كاڵبوونه‌وه و دڕان بپارێزم و هه‌ر یه‌كێكیشیان به‌پێی كات و هه‌لومه‌رجی نووسین و سه‌رده‌می ناردنیان ریزبه‌ندییان بۆ بكه‌م، به‌و پێیه‌ی به‌نده له قۆناغه جیاجیاكانی ژیانمدا كه‌م یان زۆر به‌رپرسیارێتیم هه‌بووه له‌ناو هێزی پێشمه‌رگه و داموده‌زگاكانی حكومه‌تی هه‌رێم به‌شێكی زۆری نامه‌كان ئاراسته‌ی خودی خۆم كراون، له‌ناویدا سه‌رنجم چووه سه‌ر نامه‌یه‌كی خوالێخۆشبوو كاك ئه‌رده‌لان حه‌سۆ كه كاتی خۆی رابه‌ری سیاسیی فه‌رمانده‌یی كۆیه بوو و منیش جێگری شه‌هیدی فه‌رمانده فریاد قه‌سرۆكی بووم هه‌ر له سنووری كۆیه.
نامه‌وێ ناوه‌ڕۆكی نامه‌كه بخه‌مه‌ڕوو به‌ڵكو، مه‌به‌ستمه بڵێم وشه‌یه‌كی ناو نامه‌كه سه‌رنجی راكێشام و وه‌ستانه‌وه‌ی كرده ئه‌رك له‌سه‌ر شانم، خوالێخۆشبوو كاك ئه‌رده‌لان بۆخۆی كه ده‌دوا زمانێكی شیرین و پاراوی به‌كارده‌هێنا، وا راهاتبوو كه زۆربه‌ی قسه‌كانی دووربن له وشه‌ی بێگانه به‌ڵكو، وشه‌كان كوردی په‌تی بن، ئه‌و له نامه‌كه‌یدا وشه‌ی (په‌راگه‌نده)ی به‌كارهێنابوو، نووسیبووی (پێویسته هێزه‌كانمان له په‌راگه‌نده بوون بپارێزین)، ده‌مێك ساڵ بوو ئه‌م وشه‌یه‌م به‌رگوێ نه‌كه‌وتبوو بۆیه پێم وابوو وشه‌ی په‌راگه‌نده‌ش یه‌كێكه له‌و وشانه‌ی كه خه‌ریكه كاڵ ده‌بێته‌وه و وه‌كو زۆربه‌ی وشه و چه‌مك و زاراوه ره‌سه‌نه‌كان له ده‌ربڕیندا بوونی نه‌مینێت و بگره له‌ناوبچێت.
دوای وه‌ستانه‌وه‌م له‌سه‌ر ئه‌م وشه‌یه پێموابوو نه‌وه‌ی ئێستا هیچی له‌باره‌وه نازانن، بۆ ئه‌مه‌ش نامه‌ی ده‌نگیم بۆ په‌نجا هاوڕێم نارد كه پرسیار كردن بوو له بۆچوونی ئه‌وان سه‌باره‌ت به مانای وشه‌ی په‌راگه‌نده، هه‌ندێكیان پێیان وابوو وشه‌كه له بنچینه‌دا كوردی نییه به‌ڵكو له فارسیه‌وه وه‌رگیراوه، هه‌ندێكیشیان به وشه‌یه‌كی كوردیان ده‌زانی، به‌شی هه‌ره زۆریشیان هه‌ر وشه‌كه‌یان نه‌بیستبوو و به‌رگوێیان نه‌كه‌وتبوو چ جای راڤه و لێكدانه‌وەی بۆ بکەن، ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجدانه ئه‌وه‌یه به‌درێژایی ده‌یان و سه‌دان ساڵ زیاتره گه‌لی كورد وشه‌ی په‌راگه‌نده‌ی به‌كارهێناوه له ده‌ربڕیندا، كه‌وابێ وشه‌یه‌كی ره‌سه‌نی كوردییه نه‌ك فارسی، هێمنی شاعیر له دوو به‌یته شیعریدا كه بۆ ماڵوێرانی و ناته‌بایی كوردی نووسیوه ده‌ڵێت:
له كۆ ئه‌سرین ده‌بارێنم له‌بۆ كوردی په‌راگه‌نده
له گه‌رمێن غه‌رقی ئاره‌ق بووم و چاوم هه‌ر له سامره‌نده
زۆر جار له‌سه‌ر زاری خه‌ڵك وشه‌ی په‌راگه‌نده گۆڕاوه بۆ په‌رگه‌نده، كه ده‌شێ له ئه‌نجامی كورتكردنه‌وه ئه‌م گۆڕانكارییه روویدابێت، هه‌ندێكیش له شاره‌زایان پێیان وایه هه‌ردوو وشه‌كه بۆ یه‌ك واتا به‌كارناهێنرێن، بگره بۆ دوو مه‌به‌ست و ئامانجی جیا داڕێژراون، پێیان وایه په‌رگه‌نده به‌وانه ده‌گوترێ كه ئاواره كراون، بۆ نموونه ده‌ڵێن فڵان كه‌س په‌رگه‌نده كراوه، واته له شوێنی خۆی ده‌ركراوه یان ناچار كراوه شوێنی ژیانی خۆی به‌جێبهێڵێت، هه‌رچی په‌راگه‌نده‌یه ناچاری و زۆره‌ملێی تیا نییه، بۆ نموونه ده‌ڵێن فڵان كه‌س له‌كاتی راوكردندا په‌راگه‌نده بووه.
مه‌ڕدار و ئه‌وانه‌ی مانگا و گاوگۆتاڵ به‌خێوده‌كه‌ن ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه زۆر به‌كارێنن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ش له حاجی عه‌زیزی مامه حه‌مه‌م پرسی په‌راگه‌نده واتای چی ده‌گه‌یه‌نێت له كاری ئاژه‌ڵداریدا؟ ئه‌ویش گوتی زۆر جار شوان و گاوان له‌به‌ر هیلاكی و شه‌ونخوونی له‌په‌نای لاپاڵێك خه‌ویان لێده‌كه‌وێت یان به‌كارێكه‌وه ده‌غافڵێن و ئاگایان له مه‌ڕ و ماڵاته‌كه‌یان نامینێت، به‌مه‌ش به‌شێك له مه‌ڕ و ماڵاته‌كه به‌تایبه‌تی بزێوه‌كان هه‌ریه‌كه و به‌لایه‌كدا ده‌ڕۆن و په‌رته‌وازه ده‌بن و له شوانه‌كه ون ده‌بن، به‌م حاڵه‌ته ده‌ڵێن مه‌ڕ و بزنی فڵان شوان په‌راگه‌نده بووه.