زانیار جەوهەر
یەكێتی حزبی شەهیدان و قوربانیدانە، حزبێكی مۆدێرن و دیموكراسیخوازە و لە هەموو بوارەكانی كاری رێكخراوەییدا، هەوڵی نوێكردنەوەی خۆی داوە تاكو بتوانێت لەگەڵ دونیابینی سەردەمدا بگونجێت و لە كاروانی خزمەتكردن بە چین و توێژەكانی كۆمەڵگە دوانەكەوێت.
یەكێتی بە سەرۆكایەتی بافڵ جەلال تاڵەبانی لە ئان و ساتێكی هەستیار و تایبەتدا پێنجەمین كۆنگرەی خۆی بەست و خۆی نوێكردەوە، ئەم نوێگەری و گۆڕانكارییە بە شێوەیەكی پراكتیكی شۆڕدەبێتەوە بۆ خوارەوە و سەرجەم ئۆرگانە جیاوازەكانی حزب دەگرێتەوە، بۆ ئەوەی لەگەڵ سەردەمی مەدەنیەت و نوێگەریدا بگونجێت، لە چەند رۆژی رابردوودا مەكتەبی رێكخستنی حزب بە بیرۆكە و بەرنامەی جیاوازەوە هاتۆتە مەیدانی خزمەتكردن بە سەرجەم چین و توێژەكان، هەوڵی گۆڕانكاری و نوێگەری بنچینەیی دەدات لە مەڵبەند و كۆمیتەكان و ئۆرگانەكان، لە رێگای بەستنی كۆنفرانسەوە، دەیەوێت راو سەرنجە جیاوازەكان كۆبكاتەوە و بیكاتە بەرنامە و كارنامەی خۆی، چونكە پێیوایە ئەركی حزب لە سنوورەكە قورستر بووە لە خزمەتكردن بە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان. بەوپێیە ئێستا ئاڕاستەی قسەی گەل و تاكی كورد لە یەكێتییە و ئەم حزبە بە سەرچاوەی خزمەتكردن و بەدەنگەوە چوونیان دەزانن، بۆیە ئەو ئەركە پیرۆز و گرنگە، مەكتەبی رێكخستن پێی هەڵدەستێت نوێگەریی لە كار و پلان و پڕۆژەی ئۆرگان و رێكخستنەكان دەكات و بەكاری تازەوە دێتەوە مەیدانی خەبات و بەرخۆدان لەپێناوی سەرخستنی دۆزی رەوای گەل، بۆ گەیشتن بە ئامانج و درێژەپێدان بە رێبازی پیرۆزی هەڤاڵ مام جەلال.
بە پێویستی دەزانن ئۆرگانەكانی حزب زاخاو بدرێت بە گەنجانی سەردەم، تا لەو رێگایەوە حزب و ئۆرگانەكانی گەنجتر ببنەوە و بچنەوە خزمەتی ئەو توێژەی دونیای گڵۆباڵ كە تویژێكی زیندووی نێو كۆمەڵگەن، هەندێك جار بە دوورە پەرێز لە سیاسەتكردن باس دەكرێن. بۆیە مەكتەبی رێكخستنی حزب، رۆڵی ژنان و كچان بە كاریگەر دەبینێت لە نێو ئۆرگانەكاندا تا تەواوكەری خزمەتەكان و رۆڵی تێكۆشانیان لە بەرچاو دەگرێت، چونكە هەر ئەوان بوون رۆژگارێك خزمەتیان كردووە.
مەكتەبی رێكخستن لە رێگای ئەم كۆنفرانسەوە بەرنامەی بۆ سەرجەم چین و توێژەكان هەیە و دەیەوێت رۆڵی رۆشنبیران، میدیاكاران، وەرزشكاران، پیشەوەران، چالاكوانان، ئەندامان و لایەنگرانی حزب، لەبیر نەكات و وەك پایەیەكی گرنگی نێو ئۆرگانەكانی حزب هەژماریان بکات.
لەم سەردەمەدا حزب، حزبی هەڵبژاردن و چەسپاندنی دیموكراسییە، بۆیە مەكتەبی رێكخستن لە رێگای كۆنفرانسەوە پلان و پڕۆژە و كاری تایبەتی دەبێت بۆ ئەم پرسە گرنگە و لە ئەولەویەتی كارەكانی دایدەنێت.
رۆڵی ناوچە دابڕێنراوەكان لە بەرچاو دەگیرێت و پڕۆژەی ستراتیجی جیاوازیان دەبێت بۆ ئەم پرسە گرنگە، چونكە یەكێتی خۆی بە خاوەنی ناوچە دابڕێنراوەكان دەزانێت.
بەستنی كۆنفرانسێكی لەم شێوەیە گرنگی و تایبەتمەندی خۆی دەبێت و بە زەروریەتی كاتەكەی دەزانین بۆ یەکێتی، چونکە هەموو پرسە گرنگەكان لە خۆ دەگرێت و لە هەموو شار و شارۆچكەكانەوە بە بیرۆكەی جیاوازەوە تیایدا
بەشدار دەبن.