بۆچوونەکان لە دەرەوەی ناوەندێتی دیموکراسی

08:02 - 2022-05-08
هیوا محەمەد
520 خوێندراوەتەوە

هەندێک جار کادر و ئەندامانی حزبێک لە روانگەی دڵسۆزی و سوور بوونیان لەسەر خزمەتکردن و بەرەو پێشبردنی حزبەکەیان، بیری توندڕەوی و پەرچەکردار لێرە و لەوێ دەردەبڕن، کە رەنگە ئەمانە کات و شوێنی لەباری خۆی نەبێت بۆ خستنە روویان.
ئەم دەربڕینانە دەکرێت لە ناو کەسە سەرکردەکانی حزبەکەشدا ببیندرێت، هەروەک ئەوەی لە رابردوودا لە رێگەی باڵباڵێن و کەرت بوون و جیابوونەوەکانەوە لە ناو زۆربەی لایەنە سیاسییەکانی کوردستاندا دیتومانە.
هەر ئیتیجاهێک لەوانە خۆی بە دڵسۆزتر دەزانێت، هیچیان لە دژی حزبەکەیان نین، بەڵام پێیان وایە دەربڕنی خۆیان راستە و دەبێت حزب بە پێی رەوت و بیرکردنەوەی هەریەک لەوان هەنگاو بنێت بۆ چارەسەریی یان هەڵوێست نواندن لە بەرامبەر هەر باسێک کە هاتۆتە گۆڕێ.
بوونی بیری جیاواز لە ناو حزبدا و لەگەڵیدا پابەند بوون بە ناوەندێتی حزبەکە، دەبێتە هۆی گەشەسەندنی بیرۆکەکە و سوود لێوەرگرتنی، یان راستکردنەوەی ئەو هەڵانەی کە لە بۆچوونەکەی ئەودا هەیە، ئەمەش رێگەی مامەڵە دیموکراسییە راستەقینەکەیە لە کاری حزبیدا، بە پێچەوانەوە بیرە جیاوازەکان و پابەند نەبوونیان بە ناوەندێتییەوە، دەبێتە هۆکاری هێنانەکایەی دۆخێکی هەمە چەشنە لە دەربڕین و خوێندنی هەریەکە لە ئاوازێک، ئەمەش زیانی گەورە دەگەیەنێت بە هەناوی حزبەکە و دەیپوکێنێتەوە.
نەیار و دوژمنانی حزب، هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدان کە ریزەکانی رێکخستنەکانی حزبەکە لاواز بکەن، تا بتوانن بە سەریاندا زاڵ ببن، دروستکردنی سیخوڕ و کڕینی ویژدانی ئەندامێکیش لەلایەن نەیارەکانەوە یەکێکە لەو شێوازانەی بۆ لاواز کردنی حزبەکە دەیگرنە بەر.
کەوابوو ئەو بیرە جیاوازانەی ناو حزب کە هەریەکەیان دەیەوێت لایەنگر و ئەندامانی حزبەکە و هەیئەتە حزبییەکان بۆ لای خۆی رابکێشێت، زیانیان زۆر زیاترە لە نەیارەکانی حزبەکەیان.
لینین لەم بارەوە دەڵێت: باڵە چەپە توندڕەوەکانی ناو حزبێکی شۆڕشگێڕ، هەمان زیان دەگەیەنن بە رەوتی شۆڕش کە لایەنە راستڕەوەکان دەیگەیەنن.
سیاسەتی پەرتکە و زاڵ بە، بیستراوە و دەزانین کە لە چەندین قۆناغدا بەکارهاتووە، دەکرێت هەموو حزبێک پەنای بۆ بردبێت، چونکە ئەمە بەشێکە لە شێوازی خەبات و خۆسەرخستن، بیرە جیاوازەکانی نا پەیوەست بە ناوەندێتی حزب، دەکرێت لە خزمەتی سیاسەتی پەرتکە و زاڵ بەدا بێت، چونکە ئەمە باشترین ئاسانکارییە بۆ بەردەم جێبەجێکردنی ئەو سیاسەتە کە نەیار و دوژمنەکان دەیگرنە بەر.
هەرکەسێک دەتوانێت تا سەر ئێسقان گلەیی هەبێت لە حزبەکەی خۆی لەسەر هەموو ئۆرگانەکان و سیاسەتەکانی، دەتوانێت رەخنە لە سیستمی حکومڕانیی حزبەکەی بگرێت، هەموو ئەمانە دەتوانێت لە رێگەی نامەوە یان لەناو کۆبوونەوە داخراوە حزبییەکاندا بیخاتە روو، بەڵام ئەگەر ویستی لە ناو خەڵکدا یان بە ئاشکرا دەریببڕێت، ئەوا ناچێتە خانەی خزمەتکردنی هێڵی گشتیی حزبەکەیەوە، بەڵکو دەچێتە خانەی خۆدەرخستن یان پاشەکشە و هەڵوێست فرۆشتنەوە بە باقی ئەندامانی حزبەکەی لە ئەگەری هاتنەدی بیروبۆچوونەکانی ئەو، ئەمەش دەچێتە چوار چێوەی هەلپەرستییەوە.

بیری جیاواز لە ناو حزبدا و پابەند بوون بە ناوەندێتی حزبەکە، دەبێتە هۆی گەشەسەندنی بیرۆکەکە و سوود لێوەرگرتنی، یان راستکردنەوەی ئەو هەڵانەی کە لە بۆچوونەکەی ئەودا هەیە

وتارەکانی نوسەر