هاشم غەمگین
بەپێی پێوەرە هاوچەرخ و نێودەوڵەتییەكان، مافی كاركردن بە خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان بە یاسا و بڕیار و رێنمایی دەركراوە، بۆئەوەی وەك هاووڵاتییەكی ئاسایی مافی كاركردنیان لە هەر كەرتێكدا دەستەبەر و پارێزراوبێت.
لە كۆمەڵگەی ئێمەدا حكومەتی هەرێمی كوردستان كەمترین خزمەتی پێشكەش بە خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان كردووە، بەجۆرێك لەنێو هەموو توێژەكاندا كەمترین و نزمترین ئاستی مووچەیان پێ رەوابینراوە، ئەمەش سەلماندن و نیشاندانی نادادی و پێشێلكردنی مافی ئەو توێژەیە كە دەبێت باشترین مووچەیان بۆ دەستەبەر بکرێت و ئەوپەڕی خزمەتگوزاریی و پێداویستییەكانیان بۆ دابین بكرێت.
خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان بۆئەوەی نیشانیبدەن وەك هاووڵاتییەكی ئاسایی خاوەن هێز و چالاكی و ئیرادەی خۆیانن، رەوشی بژێوییان و گوزەران و ئابوورییان باشتر بێت، پاشان لە گوشەگیریی و دڵتەنگی ماڵەوە دەربازیان ببێت، دەبێت هەوڵبدەن مافی كاركردنیان بە یاسا رێكبخرێت، بۆئەوەی بتوانن چالاكانە كاربكەن.
ئەركی حكومەتیشە وەك خەڵکانی ئاسایی، مافی دەرفەتی كاركردنی ئازاد و سەربەستیان چ لە كەرتی گشتی و چ لە كەرتی تایبەتدا بۆ بڕەخسێنێت.
لەگەڵ ئەوەشدا قەدەغەكردنی جیاكاری و نەهێشتنی مەرج، سەبارەت بە دامەزراندنی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان لە كەرتی گشتی و تایبەت و دابینكردنی شوێنی گونجاوی كاركردن بۆیان، بە رەچاوكردنی دۆخی كاركردنی سەلامەت و تەندروست و پاراستنی مافی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان لەسەر بنەمای یەكسان لەگەڵ كەسانی دیكەدا، لەوانە دەرفەتی یەكسان و پاداشتی یەكسان بۆ پێشكەوتنی لەهەر كارێكدا.
پێدانی مافی سكاڵاكردن و چارەسەركردن، ئەگەر هاتوو لەكاركردندا بەشێوەیەكی جیاواز و خراپ مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت.
دەبێت حكومەت چاودێریی تەواوی دامودەزگاكان بكات، دڵنیابێتەوە لەوەی كە شوێنی گونجاو بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان لە شوێنی كاردا دابیندەكرێت.
هەروەها پێشخستنی بەدەستهێنانی ئەزموونی كاركردن لەلایەن خاوەن پێداویستییە تایبەتەكانەوە، لە بازاڕی كراوەی كاردا.
پاشان پێشخستنی بەرنامەكانی چاكسازی پیشەیی، دڵنیابوونەوە لەوەی كە خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان دەتوانن مافەكانی كار و سەندیكاكانیان بە شێوەیەكی یەكسان لەگەڵ كەسانی دیكەدا بەكار دەهێنن.
هەروەها دەبێت خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان لە كاركردنی زۆرەملێ و ناچاركردن بپارێزرێن، واتە دەبێت كاركردن لەسەر خواست و داواكاریی خۆیان بێت.
لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی هەرێم مافی كاركردن بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان لە كەرتی گشتی و تایبەتدا بە بڕیار و رێنمایی دەربكات، بۆئەوەی مافەكانیان بەو جۆرەی لە یاسادا دەستەبەر و پارێزراو کراوە دەستەبەر بکرێت.