ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئەگەر ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، دەنگ لەسەر کشانەوە یان کردنەدەرەوەی ئەمریکا لە عیراق بدات، مەرج نییە کردەی کشانەوەکە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، چونکە لێکەوتەی رووداوەکە وادەبینرێت بڕیارێکی لەو جۆرە، گەورەتر بێت بۆ عیراق وەک شکاندنی یاسایەک کە بە دڵی هەندێک هێزی شیعی یان سوننی بێت، یان ویستی هەندێک وڵاتی ناوچەیی و جیهانیشی، لەپشت بێت.
لە سەروو هەر شتێکەوە، عیراقییەکان خۆیان ئەوە دەزانن کە کشانەوەی ئەمریکا لە عیراق مانای چییە؟ وێناکە وەهایە لە دوای کشانەوەی ئەمریکا هیچ هێزێکی مەدەنی و دیموکراسی لە عیراقدا دروست نابێت، هەر هێزێکی نوێ بۆئەوەی بتوانێت ململانێی ئەوانی دیکە بکات، دەبێت پێش هەموو شتێک دەست بۆ دروستکردنی هێزی سەربازی و چەکدار ببات، ئەمەش واتە زیاتر بەهێزبوونی ئەگەری پێکدادان.
بە هەموو ئەو رەخنە و سەرنجانەشەوە لەسەر شکست یان سەرکەوتنی ئەمریکا هەیە لە عیراقدا، بەڵام ئامادەیی ئەمریکا لە عیراق و بوونی تارماییەکەی بەسەر هێزە رەسمی و ناڕەسمییەکانی عیراقەوە، لەلایەک هیوابەخشە بۆ ئەوەی رێگا لەهەر شەڕ و پێکدادانێکی ناوخۆیی بگرێت و رێگری لە دەرکەوتنەوەی تیرۆر بکات جا ئەگەر داعش بێت یان هەر هێزێکی دیکەی تیرۆریستی، لەلایەکی دیکەیشەوە هێشتا هێزە عیراقییەکان ئامادەیی خۆپارێزییان نییە و ئیشکردنیان لەسەر بونیاتنانی عیراقێکی نوێ لە کردە و دنیابینی ئەواندا نابینرێت، لەدوای ئەمریکا دەوڵەتیش بە هەموو ماناکانییەوە، دەبێتە دەوڵەتی هێز و چەکدار، دوای ئەگەری پێکدادانی هێزە چەکدارەکان، دادگا و هێزی یاساش دەبێتە قوربانیی هێزی چەک و کێشەی گەورەی دێتەڕێ.
کورد لە عیراقی دوای ئەمریکادا، لەبەردەم وێنەیەکی چەند روخساریدایە، ئایا دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا بە مانای بەهێزکردنەوەی کوردە لە بەرامبەر هێزەکانی عیراقدا؟ ئەگەر هێزە عیراقییەکان بیانەوێت ئەمریکا لە هەرێمی کوردستانیش بکەنە دەرەوە، ئەی ئایا کورد نابێتە داهۆڵی دەم رەشەبا لە عیراقێکدا کە هەموو پێوەرێکی پێکەوەژیان و مافە گشتییەکانیان دەکەوێتەبەردەم مەترسی؟
ئەگەر ئەوەش رووبدات، ئەی چی دەوترێت لەسەر ئەو هێزانەی دیکە کە لە هەرێمی کوردستاندایە؟
ئایا لە بەغداوە پلان دادەڕێژرێت بۆ دەرکردنی ئەوانیش، یان نەخێر هەموو هێزە عیراقی و بیانییەکانی هەرێم یەکدەگرن بۆ جۆرێک لە کۆتاییپێهێنانی سیاسیی و جوگرافیی و جووڵەی ئابووریی کورد؟
لە هەر شتێک گرنگتر دوو پرسیارە، کورد لەناوخۆیدا چیکردووە بۆ بەرگری تەحەداکان و مەترسییەکانی دوای ئەمریکا؟ دیپلۆماسییەتی کوردی تا چ رادەیەک ئەمریکا وەک پارێزەرێک دەهێڵێتەوە کە هەمیشە ئاگای لێی بێت؟
کەواتە رەنگە لەدوای نەمانی ئەمریکا لە عیراق ئەوەندەی عیراق پاشەکشێ بکات لە فەرمانڕەواییەکی باش، هێندەش وەک وڵاتێکی خاوەن بڕیاری سەربەخۆ نەمێنێتەوە، وەک چۆن (حەننا بەتاتۆ) دەڵێت «لە دوای نەمانی فەیسەڵ ئیدی سەردەمی فەرمانڕەوایی تەندروست لە عیراقدا کۆتایی هاتووە».
ئەوەی دەمێنێتەوە و دەخوێنرێتەوە، کردنە دەرەوەی ئەمریکا لە عیراق بەمانای پاککردنەوەی وڵات نییە لە عەیبوعارەکانی، بەپێچەوانەوە، ئەم داوایە لە ئەمریکا بەدەستلێدان و سیناریۆ و ئەجێندای دەرەکییە و لە ئایندەدا زیاتر کەموکورتییەکانی عیراق دەردەکەوێت.