باکگراوند

بارانی سیاسی

10:18 - 2024-02-18
جەمال ئارێز
209 خوێندراوەتەوە

(32)

هەرێمی کوردستان بەجۆرێک بارگاوی بووە، یان بارگاوی کراوە بە سیاسەت، تەنانەت دیاردە و کارەساتە سروشییەکانیشی لێ بەدەر نییە.
لەم ساڵانەی دواییدا دۆخێک لە هەرێمی کوردستاندا زەق بۆتەوە کە هەموو دیاردەیەکی (کۆمەڵایەتی، سروشتی، ئایینی، ئابووری و ...هتد) نەک هەر لە جوغزێکی سیاسیدا قەتیس دەکرێت، بەڵکو دەشکرێتە کەرەستەیەکی ململانێی سیاسی و حزبیی نێوان حزبەکان، ناوچەگەری، ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات، بگرە هەندێک لە ئاستێکی زۆر نزمدا تەوزیفی دەکەن  بۆ دروستکردنی نوکتە و کۆمیدیای بێتام، لەکاتێکدا بەشێک لەو دیاردە سروشتییانە قوربانی و زیانی گیانی و مادییان لێ دەکەوێتەوە، بەڵام ئەو جۆرە کەسانە بەبێ گوێدانە مەینەتیی خەڵکەکە لایک و کۆمێنت لەسەر ئەو مەینەتییەی خەڵک کۆدەکاتەوە و پەیج و ئەکاونتەکەی خۆی پێ ئەکتیڤ دەکات.
ئەگەر باکگراوندی ئەم دیاردەیە شرۆڤە بکەین، رەنگە زۆر رەگێکی قووڵی هەبێت، بەڵام زۆر ناگەڕێمەوە بۆ ئەو باکگراوندە دوورە، بەڵکو ئەوەی دەهێنێت قسەی لەسەر بکەین و بیبەستینەوە بە دوا شەپۆلی بارانەوە کە بەگوێرەی راگەیەندراوەکانی دامەزراوەی کەشناسی، ئەگەری هەیە تا ناوەڕاستی ئەم هەفتەیەش بەردەوام بێت، ئەو مشتومڕە بێتامەی ناو کەناڵەکانی میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە، کە باران و لافاو لە دیاردەیەکی سروشتییەوە چۆتە قاڵبی دیاردەیەکی سیاسییەوە و ئەم ئەوی پێ عەیبدار دەکات و ئەمیش ئەو، ئۆپۆزسیۆن دەسەڵات، خەڵک حکومەت، حکومەت خەڵک، لەکاتێکدا هەموان بەشێک لە ئۆباڵەکەیان دەکەوێتە ئەستۆ و هاوکات وەک دیاردەیەکی سروشتی هیچیشیان تاوانبار نین.
لە ئەنفلۆنزای باڵندەوە لە ساڵی 2006 بگرە تا دەگاتە زنجیرە بوومەلەرزەکەی ساڵی 2016 و 2017 تا کۆڤید – 19 لە 2020 و ...هتد، کە بەشێکی دیاردەی سروشتییە و بەشێکی پەتایەکی جیهانیی یان ناوچەییە، بەڵام هێندە رەهەندەکانی بە سیاسی کراون، دەرچەیەکیان نەهێشتۆتەوە بۆ بیرکردنەوە لە چۆنێتی روبەڕوبوونەوە و دەرچوون لێی بە کەمترین زیان.
دیاردەی لافاو و بارانی بەخوڕ لەم چەند ساڵەی دواییدا بەهۆی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەواوە لەسەر ئاستی جیهان بۆتە دیاردەیەک کە زۆر ناوچە و وڵات بە کارەسات بەسەریاندا شکاوەتەوە، هەر لە ئەمریکاوە بیگرە تا دەگاتە ئەرجەنتین و چیللی و بەشێک لە وڵاتانی ئەفریقا و پاکستان و ئێران و...هتد، لەو وڵاتانەش تۆبۆگرافیا کاریگەریی لەسەر ئاست و رێژەی زیانە گیانی و مادیییەکان هەبووە، بۆیە نە نەکەوتنەوەی زیان هەمووی ئازایەتی دەسەڵاتی ئیداریی ناوچەیەکە و نە زۆریی زیانەکانیش هەمووی کەمتەرخەمیی ئیدارەی ناوچەیەکە، بەڵێ بەشێک لە زیانەکان پەیوەستن بە کەمتەرخەمی پلان و نەخشەی شارسازیی و گەشەکردنی شارەوە، بەڵام بەشێکیشی پەیوەستە بە پابەندنەبوونی هاووڵاتییانەوە بە مەرجەکانی دروستکردنی بینا لە شوێنە نزمەکان و کەنار جۆگە و رووبارەکان و بەهەند وەرگرتنی هۆشداریی و ئاگادارکردنەوەکان لەبارەی ئەگەری بارانی بەخوڕ و لافاو و...هتد.
ئەوەی زیاتریش دەبێتە مایەی ئازاردانی زیانلێکەوتوان ئەو بابەتانەن کە بەبێ گرنگیدان بە هەستی خەڵکانی زیانمەند لە لافاو و ئاگرکەوتنەوە و بوومەلەرزە و ...هتد، لە سۆشیال میدیاوە، ئەو کۆمێنت و نوکتە و گاڵتەجارییانەیە کە هەندێک (هەزەلیی سیاسی) پەیج و ئەکاونتەکانیانی پێ ئەکتیڤ دەکەن! 

وتارەکانی نوسەر