فه‌تحوڵڵا حسێنی
و: گۆران
تارمایی و مه‌ترسی شه‌ڕ به‌سه‌ر سورییه‌كانه‌وه ماوه، له‌سایه‌ی نه‌بوونی میكانیزمێك بۆ راگرتنی له‌لایه‌ن وڵاتانی هه‌رێمی و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه
لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له سوریا جه‌ختی كردۆته‌وه له‌وه‌ی، پێویسته له هه‌موو ناوچه‌كانی سوریا جەنگ رابگیرێت، به‌هۆی ئه‌و نه‌هامه‌تی و كاره‌ساته‌ی به‌سه‌ر گه‌لانی سوریایدا هێناوه، هه‌روه‌ها داوای كردووه ئه‌ڵته‌رناتیڤیك بۆ ئه‌و جه‌نگه سه‌پێنراوه به‌سه‌ر سورییه‌كاندا بدۆزرێته‌وه، كه 12 ساڵه به‌رده‌وامە له‌و وڵاته و ئێستا توندتریش بووه، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه، به‌ڵكو بووه به جەنگێکی وێرانكه‌ر بۆ هه‌موو شتێك هه‌ر له مرۆڤه‌وه تا دار و به‌ردیش.
جه‌نگ له چه‌ند به‌ره‌یه‌كدا
جه‌نگه‌كه‌ش ئێستا له پێنج به‌ره‌ی جیاوازدا هه‌یه، له‌سایه‌ی دیمه‌نێكی ئاڵۆز و ململانێیه‌كی هه‌تا هه‌تاییدا، وه‌كو رۆژنامه‌ی نیویۆرك تایمز وه‌سفی كردووه.
به پێی رۆژنامه‌كه به‌ره‌كانی جەنگ به‌مجۆره‌ن: سوپای سوریا و سوپای روسیا له‌جەنگدان دژ به چه‌ند میلیشیایه‌كی ئۆپۆزسیۆن له باكووری خۆرئاوای سوریا، لای خۆیه‌وه رێكخراوی داعش هێرشه‌كانی بۆ سه‌ر هه‌موو ناوچه‌كانی سوریا زیاتر كردووه، هه‌رچه‌ندە له خۆرهه‌ڵاتی فوراتدا ئه‌و هێزه‌ی نییه، واتا ئه‌و ناوچانه‌ی جێ هەژموونی ئه‌مریكا و هێزه‌كانی سوریای دیموكراتن، لای خۆیه‌وه توركیا به‌شێوه‌یه‌كی ئاشكرا و به‌رده‌وام هێرش ده‌كاته سه‌ر هێزه‌كانی سوریای دیموكرات له باكوور و خۆرهه‌ڵاتی سوریا، هەسەدەش شه‌ڕی تیرۆریستانی داعش ده‌كه‌ن.
تا دێت باردۆخەکە ئاڵۆزتر ده‌بێت
ئه‌مانه‌ش له‌كاتێكدایه بارودۆخی سوریا تا دێت ئاڵۆزتر ده‌بێت و هیچ ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی نێوده‌وڵه‌تیش له‌ئارادا نییه بۆ راگرتنی جەنگ و ئاڵۆزییه‌كان، كه بێ‌مانا و ئامانجن، ناوچه‌كانی جەنگیش فراوانن و میلیشیا جیاجیاكانیش كار بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی وڵاتانی دیکە ده‌كه‌ن، تیرۆر و مه‌ترسییه‌كانیشی هێشتا ماون. له‌سایه‌ی بوونی ئه‌و گرتووخانه زۆره‌ی له باكوور و خۆرهه‌ڵاتی سوریادا هەیە کە ده‌یان هه‌زار چه‌كداری داعش و خێزانه‌كانیانی تێدایه.
هه‌وڵی نێوده‌وڵه‌تی بۆ راگرتنی جەنگ پێویسته
له‌به‌ر هه‌موو ئه‌و ئاڵۆزییه‌ی ناوچه‌كه به‌خۆوه‌ی ده‌بینێت، هه‌وڵی نێوده‌وڵه‌تی بۆ ئیحتیواكردنی جەنگ له سوریا بۆ‌ته مه‌سه‌له‌یه‌كی هه‌ره پێویست، دوای زیاتر له ده‌یه‌یه‌ك له خوێنڕشتن، پێویستی به كۆتایی پێهێنانه له رێگه‌ی هه‌وڵی سیاسی و دیپلۆماسییه‌وه، كه ئه‌مه‌ش به‌داخه‌وه له سوریادا بەدی ناکرێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی جەنگ له به‌ره جیاجیاكانی سوریادا بۆ‌ته هۆی كوژران و ده‌ركردنی زۆرەملێی ده‌یان هه‌زار هاووڵاتی له‌سه‌ر ماڵ و حاڵی خۆیان، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌ش به‌ڵكو بۆ‌ته هۆی وێرانكردنی داموده‌زگای جیاجیای په‌یوه‌ست به ژیانی هاووڵاتیان، له ناوچه كوردنشینه‌كان له به‌رژه‌وه‌ندیی وڵاتانی ئیقلیمی.
وێرانبوونی دام‌و ده‌زگا خزمه‌تگوزارییه‌كان
ململانێی به‌رده‌وامی ئه‌م و ئه‌ویش بۆ‌ته هۆی وێرانبوونی داموده‌زگا خزمه‌تگوزارییه‌كانی سوریا، كه جه‌نگ و ململانێی لایه‌نه‌كان وایكردووه، زیاتر له 90 %ی خوێندنگه و نه‌خۆشخانه و بازاڕ و سه‌رچاوه‌كانی وزه و سامانی ئه‌و وڵاته‌ش وێران ببن، له وڵاتێكدا كه خۆی ئابڵوقه‌ی له‌سه‌ره له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه، ئه‌مه چ جای ئه‌وه‌ی لایه‌ن و هێزه به‌شه‌ڕهاتووه‌كانیش ئابڵوقه‌یان له‌سه‌ر كه‌مپی ئاواره‌كان داناوه كه ماڵ و حاڵی خۆیان به‌جێهێشتووه له شاره‌كانیان به‌هۆی فراوانبوونی جەنگی ناو وڵاته‌كه‌یانەوە.
تارمایی جەنگ به‌سه‌ر سورییه‌كانه‌وه ماوه
تارمایی و مه‌ترسیی جەنگیش به‌سه‌ر سورییه‌كانه‌وه ماوه، له‌سایه‌ی نه‌بوونی میكانیزمێك بۆ راگرتنی له‌لایه‌ن حكومه‌تی سوریا و وڵاتانی ئیقلیمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌وه.
وێرانکاری سوریا بەهۆی جەنگی لایەنە جیاجیاکانەوە