له‌م كه‌ركوكه‌ی خۆمان و له شۆڕیجه حه‌یاته‌كه دوای كه‌وتنی بته‌كان حه‌مه ناسر چێشتخانه‌یه‌كی كرده‌وه و ناوی نا چوار مشقی، جا هه‌ر ناوی چوار مشقی بوو ده‌نا كورسی و مێزیشی تێدابوو، چوار مشقی جۆره دانیشتنێكی كوردییه، من ده‌ڵێم كوردی نازانم یان من نه‌بیستووه و نه‌مبینیوه ئه‌مه دانیشتنی نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ش بێت، شێوازی دانیشتنی تورك و فارس و عه‌ره‌بیشم بینیوه هه‌ستده‌كه‌م شێوازی دانیشتنه كوردییه‌كه كه‌مێك جیاوازتره له دانیشتنی هه‌موو ئه‌وانی تر، ئه‌وه هه‌ر باسی ئه‌وروپی و ئەمریکی و دورتر مه‌كه، ده‌شێت ئه‌م دانیشتنه له پاكستان و ئه‌فغانستان و شوێنگه‌لی دیكه‌ش هه‌بێت، لێره‌دا قسه‌كه له‌سه‌ر ئه‌وه نییه چۆنه و هی كێیه و باشی و خراپی دانیشتنه‌كه چییه، قسه له‌سه‌ر چوار مشقییه‌كه‌ی شۆڕیجه‌ش نییه، قسه له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه كورد كه‌ی به‌یه‌كه‌وه چوار مشقی داده‌نیشن و بیرێك له كه‌ركوك و ناوچه دابڕێنراوه‌كانی دیكه ده‌كه‌نه‌وه؟ ئه‌و ناوچانه‌ی خوێنی زۆری بۆ دراو به ئاسانی له ده‌ستچوون، به‌ڵام له ده‌ستچوونی هه‌میشه‌یی نا، له ده‌ستچوونێك كه پێویسته ببێته په‌ند و عیبره‌ت بۆمان.
په‌ندێكی كوردی هه‌یه وه‌ك ئامۆژگاری باسی ئه‌و چوار مشقی دانیشتنه ده‌كات، ئێمه ده‌مێكه بۆنی ناته‌بایی نێوانمان گه‌یشتۆ‌ته لووتی كورسی دارانی به‌غدا، ئه‌وه بۆیه به كاوه‌خۆ له گه‌ڵمان ده‌ست و په‌نجه نه‌رم ده‌كه‌ن و ده‌زانن ئه‌م كورده هه‌ركات بانگه‌شه‌ی پێكهاتن بكه‌ن، ئه‌وا بزانه هێشتا پێكنه‌هاتوون، دانیشتنه‌كه‌ی چه‌ند رۆژ له‌مه‌وبه‌ری به‌غدا له‌سه‌ر پرسی كه‌ركوك و دیاریكردنی پۆسته‌كانی دوای هه‌ڵبژاردن، كه هه‌ندێك گه‌شبینی تێدابوو، كۆڵێك خه‌ڵكی كه‌ركوك و ته‌نانه‌ت كوردستانی گه‌وره‌شی دڵخۆش كرد، ئاخر كه‌ركوك و تاپۆ و خاوه‌ندارێتیه‌كه‌ی زۆر كوردستانییه به مانا چوار له‌تییه‌كه‌ی، ئه‌و له‌تانه‌ی هێشتان فریادڕه‌سێك په‌یدا نه‌بووه له یه‌كدیان نزیكتر بكاته‌وه، تازه‌كی هه‌واڵه خۆشه‌كه راگه‌یه‌نرابوو له‌پڕ وترا هیچ رێكه‌وتنێك نه‌كراوه، ئه‌و وتنه عه‌ره‌ب و توركمان نه‌یانوت، كورده‌كه وتی، ئیدی ئه‌وه‌ش ده‌رده كورد.
له ده‌ره‌وه‌ی ته‌ره‌فداری و هه‌ر بابه‌تێك، ئاوه‌ز ئه‌وه‌یه به‌رزترین پۆست بۆ ئه‌و لایه‌نه بێت كه زۆرترین ده‌نگی هێناوه و زیاترین كورسی بردووه، به‌م قسه‌یه بێت كورسی پارێزگار پشكی یه‌كێتییه، ده‌بوو له‌مه‌دا پارتی كه ئه‌ویش دوو كورسی بردووه پاڵپشت و هاوكاری یه‌كێتی بێت بۆ وه‌رگرتنی كورسی پارێزگار، ئه‌مه ئه‌لف و بێی كوردایه‌تی و پێكه‌وه‌بوونی كوردییه به‌تایبه‌تی له كه‌ركوك، ده‌كرێت یه‌كێتیش بیر له باشترین كه‌سێتی بكاته‌وه بۆ پارێزگار، پارێزگارێك له زمان و ئاوه‌زی هه‌مووان حاڵی بێت، ناكرێت جارێكی تر كه‌ركوك بدرێته ده‌ست ره‌شه‌بای قه‌ده‌ره‌وه و بخرێته سه‌ر مێزی گه‌مان، بابه‌تی ده‌ستاوده‌ستكردنی پارێزگار له نێوان پێكهاته‌كاندا، بابه‌تێكی نائاوا‌زیه و سته‌مه له ده‌نگده‌رانی لایه‌نێک له پێشی ئه‌وانی دیكه، بۆ ئه‌مه‌ش به‌رپرسیارێتی گه‌وره له ئه‌ستۆی یه‌كێتی و پارتییه، له‌ناو یه‌كێتی و پارتیشدا له ئه‌ستۆی كاره‌كته‌ره‌كانی هه‌ڕه‌مه‌كه‌یه، ئه‌وان ده‌توانن كورد یه‌كبخه‌ن.