هەڵبژاردن، وەك تاكە رێگەی دیموكراسی

10:19 - 2024-02-28
ئالان محەمەد جه‌زا
323 خوێندراوەتەوە

هەڵبژاردن یەكێكە لە پڕەنسیپەكانی دیموكراسی كە هەرتاكێك مافی دەنگدانی هەبێت، دەتوانێت ئەو کەس و لایەنە هەڵبژێرێت کە جێگەی متمانەی خۆیەتی.
دنیای ئەمڕۆش ئەوە دەخوازێ‌  كە بەدیلی  توندوتیژی و ململانێ‌ توندەكان و زمانی چەك،  هەڵبژاردن و سندوقەكانی  دەنگدانە و دەبێ  بكرێتە پێوەر بۆ یەكلاییكردنەوە و چارەسەری كێشەكان بە شێوەیەكی دیموكراسییانە.
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئەو حزبەی بڕوای تەواوی بە دیموكراسی و دەنگی ئازاد و مافی مرۆڤ هەیە كە ئەم سیاسەتەش دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای دروستبوونی یەكێتی لە خەباتی چەكداریی و شۆڕشدا كاتێك ناوچەیەكی كوردستانی ئازاد دەكرد لە دەست دوژمن، ئەنجومەنێكی بۆ دادەنا لە خەڵكی ناوچەكە، تا خۆیان ئیش و كارەكانیان بەڕێوەبەرن، ئەمە سەرەتای كار و بەرنامەی یەكێتی بوو لە شاخ و سەردەمی شۆرشدا. 
ئیستاش یەكێتی  بە هەمان نەفەس هەمووكات لەگەڵ هەڵبژاردندا بووە لە هەرێمی كوردستان، چونكە بەوە دەتوانێت هەم نموونەیەكی جوان بە جیهان نیشان بدات، هەم لەو رێگەیەوە دەتوانرێت زۆر كێشەی ناوخۆیی كۆتایی پێبهێنت بە شێوازیكی دیموكراسییانە، بۆیە یەكێتی هەرگیز لە هەڵبژاردن نەترساوە و هەمووكات پشتیوانیی لە  هەڵبژاردن کردووە.
دوای  ئەوەی لە 2023-12-18هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پاریزگاكانی عیراق كرا، كەركوكیش یەكێك بوو لەو شارانەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم كە چەندین ساڵ تێپەڕی بوو بەسەر وادەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنەكەیدا و بە هۆكاری سیاسی نەدەكرا، یەكێتی بۆ گەڕانەوەی كورد بۆ ئەو شارە كە زۆرینەی پۆستەكانی لە رووداوەکانی 2017 وە لەدەست دابوو بەهۆی ریفراندۆمەوە، توانی بەشداری كارا بكات و دەنگی زۆرینەی ئەو شارە بەدەستبهێنێت، ئەمە باشترین شێوازی دیموكراسییانە بوو لە جیاتی شەڕ و ئاژاوە، توانی بە شێوەیەكی دیموكراسییانە لە رێی سندوقەكانی دەنگدانەوە زۆرینەی كورسییەكانی كەركوك بۆ كورد و یەكێتی بەدەست بهێنێت و بووە سەركەوتن  بۆ كورد پێش یەکێتی. 
شلەدوای سەركەوتنی لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پاریزگاكانی عیراق، لە هەرێمی كوردستانیش هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی لەپێشە كە پێدەچێت ئەگەر كۆمسیۆن بڕیار بدات لە مانگی حوزەیرانی 2024 بکرێت. 
یەكێتی دەبێت بە هەمان نەفەسەوە كاربكات بۆ سەركەوتنی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە بۆ ناوخۆی هەرێمی كوردستان گرنگە لەپێناوی چارەسەری مووچە و قووت و ژیانی هاووڵاتییاندا، واپێویستە كە سەركەوتنی گەورە بەدەستبهێنێت، چونكە سەركەوتنی یەكێتی واتا كۆتاییهاتن بە زۆر كێشە و قەیراكانی حكومڕانیی و تاكڕەوی لە دەسەڵات و كۆتاییهاتن بە جیاكاری لە نێوان شارەكان و خزمەتكردنی هاووڵاتییانی شار و گوندەكان بەبێ‌ جیاوازی.
دەبێت هەڵبژاردنی ئەم جارەی پەرلەمانی كوردستان تەواو گۆڕانكاریی ریشەیی لە دەسەڵات و شێوازی حكومڕانیی لە هەرێمی كوردستاندا بکات كە بێگومان ئەم گۆڕانكارییە تەنها بە یەكێتی دەكرێت و دەتوانێت لەپێناوی مانەوەی قەوارەی هەرێمی كوردستان و دوورخستنەوەی مەترسییە ئیقلیمییەكان گۆڕانكاریی لە ژیانی خەڵكدا بکات و سەركەوتنی گەورەتر بەدەستیهێنێت. 

وتارەکانی نوسەر