كۆشكی‌ سپی ‌ له‌ خولێكی‌ نوێدا

10:11 - 2024-03-28
ئالان محەمەد جه‌زا
511 خوێندراوەتەوە

ئالان محه‌مه‌د جه‌زا


چوار ساڵ جارێك هه‌ڵبژاردن له‌ ئه‌مریكا به‌ڕێوه‌ده‌چێت، بڕیاره‌ 5ی‌ تشرینی‌ دووه‌می‌ 2024 هه‌ڵبژاردنی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌مریكا بكرێت، ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ ده‌بێته‌ 60 هه‌مین خوولی‌ هه‌ڵبژاردن، له‌ ساڵی‌ 1850 ه‌وه‌ دوو حزب له ‌ئه‌مریكا ركابه‌ریی ده‌كه‌ن بۆ به‌ده‌ستهێنانی ده‌سه‌ڵات و بردنه‌وه‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ئەو وڵاتە، كه‌ ئه‌وانیش حزبی دیموكرات و حزبی كۆمارییه‌، له‌پاڵ چه‌ندین حزبی تر.
 سه‌رۆكی‌ ئێستای‌  ئه‌مریكا جۆ بایدن كاندیدی‌ دیموكراته‌كانه‌ له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا،  كه‌ له‌ 2020 ه‌وه‌ سه‌رۆكی‌ وڵاته‌کەیە، رایگه‌یاندووه‌ خۆی‌ كاندید ده‌كاته‌وه‌ بۆ پۆستی‌ سه‌رۆكایەتی‌.
كاندیده‌كه‌ی‌ دیکەش دۆناڵد تره‌مپه‌، كه‌ له‌ خوولی پێشوودا سه‌رۆك بوو، تره‌مپیش هاوشێوه‌ی‌ بایدن ته‌مه‌نی‌ زۆرە، له‌ ئێستاوه‌ هه‌ڵمه‌تی‌ بانگه‌شه‌یان‌ له‌ سۆشیال میدیاوە دژبه ‌یه‌كتری‌ دەستپێکردووە و كێبڕكێی‌ نێوانیان گرمکردووە.
 تره‌مپ رایگه‌یاندووە ئه‌مجاره‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌مریكادا گۆڕانكاری‌ له‌ مێژووی‌ ئه‌و وڵاته‌دا رووده‌دات و زمانێكی‌ توندیشی به‌كارهێناوە و دەڵێت: ئه‌گه‌ر له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ سه‌رۆكایه‌تیدا سه‌رنه‌كه‌وم، خوێنڕشتن رووده‌دات!
گوشاره‌كان بۆ سه‌ر جۆ بایدن له ‌ناوخۆ و ده‌ره‌وەی‌ ئه‌مریكا زیاتره‌، ئه‌ویش به‌هۆی‌ كشانه‌وه‌ی‌ هێزەکانی وڵاتەکەی له‌ ئه‌فغانستان و رادەستکردنەوەی بە بزووتنەوەی تالیبان. هه‌روه‌ها گوشارێكی‌ زۆر هه‌یه‌ لەلایه‌ن موسڵمانه‌كانی‌ ئه‌مریكاوە به‌هۆی‌ سیاسه‌ته‌كانی‌ بایدن  و كۆمه‌ڵكوژییه‌كانی‌ غه‌زه لەلایەن ئیسرائیلەوە‌، بەتایبەتی کە لەم ‌مانگی‌ ره‌مه‌زانەدا هێرشه‌كانی‌ ئیسرائیل بۆ سه‌ر غه‌زه‌ به‌رده‌وامە.‌
  عه‌ره‌به‌كانی‌ ئه‌مریكا لەئێستاوە هه‌ڕه‌شه‌ ‌ده‌كه‌ن کە جاریكی‌ دیكه‌ ده‌نگ به ‌كاندیدی‌ دیموكراته‌كان ناده‌نەوە. 
به‌پێی‌ راپرسیی ناوەندەکانی راپرسیی ئەو وڵاتە، نووسینگه‌ی‌ سه‌رژمێریی ئه‌مریكا رایگەیاندووە کە زیاتر له ‌100 هه‌زار ‌ ئه‌مریكیی بە رەگەز عەرەب ‌ له ویلایەتی ‌شیكاگۆ ده‌ژین، 350 هه‌زار موسڵمان له‌ ویلایه‌تی‌ ئیلینۆس ده‌ژین، ئه‌م عه‌ره‌ب  ‌و موسڵمانانه‌ دژی‌ سیاسه‌ته‌كانی‌ جۆ بایدن و پشتیوانیه‌كانین بۆ ئیسرائیل له جەنگی غەزەدا‌. 
پێدەچێت ئه‌مجاره‌ ركابه‌ریی توند له‌ نێوان دوو حزبی‌ جیا و دوو سه‌رۆكی‌ رابردووی‌ ئه‌مریكادا ببینین  كه ‌هه‌ریه‌كه‌یان خولێك سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌مریكایان كردووه‌، بەڵام دیار نییە كێ‌ سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست ده‌هێنێت، ئەوە ده‌نگدارانی ئەو وڵاتەن بڕیار له‌وه‌ ده‌ده‌ن.
 ئه‌وه‌ی‌ لێرەدا په‌یوه‌سته‌ به‌ دۆزی‌ كورده‌وه‌، دیاره‌ سیاسه‌ته‌كانی‌  ئەمریکا له‌كاتی‌ ده‌ستبه‌كاربوونی‌ سه‌رۆكێكی‌ نوێدا‌ گۆڕانكاریی‌ به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینێت، ئەگه‌رچی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ ئه‌مریكا و هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ ئاستێكی‌ باشدا بووه‌ له‌ رابردوودا، به‌ڵام ئه‌وه ‌ناكاته‌ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌مریكا تاسه‌ر دۆستی‌ كورد بێت، وه‌ك چۆن ده‌ڵین «له‌ سیاسه‌تدا دۆست و دوژمنی‌ تاسه‌رمان نییه‌». 

وتارەکانی نوسەر