پرۆسەی ئاشتی لە توركیا، لە تورگۆت ئۆزالەوە تا ئەمڕۆ

11:51 - 2024-10-31
ئالان محەمەد جه‌زا
143 خوێندراوەتەوە

كە باس لە دانوستان دەكرێت لە توركیا بۆ چارەسەركردنی كێشەی كورد، دەرچەیەكی باشە بۆ رێگەچارەی ئاشتییانە لەو بەشەی كوردستان لەجیاتی زمانی چەك

لە سەرەتای دروستبوونی پارتی كرێكارانی كوردستانەوە لە باكووری كوردستان، ململانێ‌ و شەڕ لە نێوان حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی توركیا و گەریلاكانی پەكەكە بەردەوامی هەبووە، چەندین جاریش ئاگربەست كراوە، بەڵام زۆر جار حكومەتی توركیا بە مەبەست پێشێلی کردووە و درێژەی بەشەڕ داوە لە پێناوی دەسكەوتی سیاسی و جوگرافی و ئابووری لەناوچەكەدا .
لەدوای ئاگربەستی نێوان توركیا و پەكەكە كە بە یەكەم دانیشتنی ئاشتییانە دادەنرێت لە نێوان توركیا و پەكەكە كە بەدەستپێشخەریی سەرۆك مام جەلال لەگەڵ سەرۆكی ئەوكاتەی توركیا تورگۆت ئۆزال و سەرۆكی پەكەكە عبداللە ئۆجەلان لە19ی ئازاری 1993 پرۆسەكە بەسترا، چووە قۆناغی جێبەجێكردنەوە كە درێژكرایەوە تا 15/4/1993، دواتر لە 16/4/1993بە ئامادەبوونی  سەرۆك مام جەلال و عبداللە ئۆجەلان و ئەحمد تورك و چەندین سیاسی بەشداربوو لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لەدوای 24 كاتژمێر بەسەر رێكەوتننامەكەیاندا شەڕ لە نێوان پەكەكە و توركیا راگیرا، ئەمە گەورەترین دەسكەوت بوو بۆ كورد لە تورکیا، لەكاتی جێ‌بەجێ‌كردنی ئەو رێكەوتنە ئاشتییەدا، دوای تێپەڕبوونی 24 سەعات بەسەریدا، هەواڵی مردنی گوماناویی ئۆزال راگەیەنرا.
سەرەنجام دوای گۆڕانكاری حكومرانیی لە توركیا، سیاسەتیش بەرامبەر بە ئاشتی لە نێوان توركیا و پەكەكە گۆڕانكاریی بەسەردا هات، شەڕی نێوان توركیا و پەكەكە درێژەی كێشا و تائێستا بەردەوامە.
كێشەی كورد لە توركیا كێشەیەكی خاك و نەتەوەیە كە لە هەرچوار پارچەی كوردستاندا هەیە، بەڵام توركیا لەدوای نەمانی ئۆزال، تەواو لە هەوڵی سڕینەوەی كوردە نەك تەنها لە تورکیا، بەڵكو بۆ داگیركردنی بەشەكانی تری كوردستان پەلی هاویشتووە و بەشێكی لە خاكی هەرێمی كوردستانی داگیر كردووە، بە دەیان بنكەی سەربازی و هەواڵگریی تیادا جێگركردووە، ئەوەش بە هاوكاری حزبێكی باڵادەست، لە رۆژئاوای كوردستانیش بە هاوكاری گروپە تیرۆرستەییەكانی پاشماوەكانی داعش، چەندین ناوچە و شاری داگیركردووە. 
راگرتنی نەوتی هەرێمی كوردستان لەڕێگەی تورکیاوە کە بە گرێبەستی 50ساڵەی نێوان توركیا و هەرێم رێکخراوبوو، زیانێكی ئابووریی گەورەی دا لە توركیا کە دواتر توركیا ویستی بەدیلی ڕاگرتنی نەوت بەغازی ژێردەستی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان قەرەبوو بكاتەوە و بە دەردی نەوتەكەی ببات، بەڵام یەکێتی و خودی سەرۆ بافڵ رێگرییان کرد لەمە، لەوكاتەوە توركیا هەموو هێرشێكی دەستپێكرد بۆ دژایەتیكردنی سنووری قەڵەمڕەوی ی.ن.ک، بە داخستنی گەشتە تورکییەکان و ئەوروپییەکان بۆ فڕۆكەخانەی سلێمانی، تا ناردنی درۆنەكان و بۆمبارانكردنی سنوورەكە و لێدان لە شوێنە گەشتیاری و نیشتەجێكان لە شارباژێر و پێنجوێن و گەرمیان و دوكان، بەڵام یەكێتی خۆڕاگرانە لە پێناوی خەڵك و خاكەكەی نەچۆتە ژێرباری هیچ رێكەوتنێك كە زیانی بۆ ئابووری و سیاسی كوردستان هەبێت، ئێستاش كە باس لە دانوستان دەكرێت لە توركیا بۆ چارەسەركردنی كێشەی كورد، دەرچەیەكی باشە بۆ رێگەچارەی ئاشتییانە لەو بەشەی كوردستان لەجیاتی زمانی چەك .

وتارەکانی نوسەر