دانوستان بۆ راگرتنی شه‌ڕی غه‌ززه‌ ئیسرائیل

10:30 - 2024-03-14
ئالان محەمەد جه‌زا
323 خوێندراوەتەوە

 ئالان محه‌مه‌د جەزا 



گۆڕانكارییه‌كانی ئێستای ناوچه‌كه‌ و جیهان سه‌باره‌ت به‌ شه‌ڕی‌  نێوان حه‌ماس و ئیسرائیل، به‌ره‌و ئاشتی‌ و هێوربوونه‌وه‌ ده‌چێت، دوای‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ وه‌زیرانی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵاتانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ هاریكاری‌ كه‌نداو، كه‌ میسر و ئوردن و مه‌غریبیش به‌شدارن تێیدا، ئه‌و وڵاتانه‌ داوایان كرد ئاگربه‌ست رابگه‌یه‌نرێت له‌نێوان حه‌ماس و ئیسرائیلدا، وەفدێكی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ حه‌ماسیش به ‌سه‌رۆكایه‌تی‌ خه‌لیل حەییە جێگری‌ سه‌رۆكی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ حه‌ماس، گه‌یشته‌ قاهیره‌ی‌ پایته‌ختی‌ میسر بۆ ده‌ستپێكردنی‌ دانوستان و ئاگربه‌ست له‌گه‌ڵ ئیسرائیلدا. له‌به‌رامبه‌ردا وەفدی ئیسرائیلیش سه‌ردانی‌ قاهیره‌ی‌ كردووه‌ بۆ تاوتوێكردنی‌ رێكه‌وتن له‌گه‌ڵ حه‌ماسدا، گوشاره‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانیش له‌سه‌ر ئیسرائیل و بزووتنه‌وه‌ی‌ حه‌ماس تا دێت زیاتر ده‌بێت بۆئه‌وه‌ی زه‌مینه ‌خۆشبكرێت بۆ ئاگربه‌ست و كۆتاییهێنان به‌ شه‌ڕ و كوشتاری نێوانیان.
به‌پێی‌ نوێترین ئاماریش كه ‌وه‌زارتی‌ ته‌ندروستی‌ کەرتی غه‌ززه‌ بڵاویكردۆته‌وه‌، له ‌سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی‌ جەنگی  نێوان ئیسرائیل و حه‌ماسه‌وه‌، ژماره‌ی‌ كوژراوه‌كان گه‌یشتۆ‌ته‌ 30 هه‌زار كه‌س و زیاتر له‌ 70 هه‌زار كه‌سیش برینداربوون، به‌پێی‌ ئاژانسه‌كانی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانیش، زیاتر له‌ نیو ملیۆن كه‌س له ‌لێواری‌ برسێتیدا ده‌ژین، ئه‌مه‌ش هۆكاره‌ بۆئه‌وه‌ی‌ گوشاری نێوده‌وڵه‌تی بۆ سه‌ر ئیسرائیل زیاتر بێت بۆ راگرتنی جەنگ، به‌وپێیه‌ی‌ زۆرترین قوربانییه‌كانیش له ‌غه‌ززه‌یه‌ كه‌ 70 %یان ژنان و منداڵانن، له‌ پاڵ 10 هه‌زار چه‌كداری‌ حه‌ماسیش كه‌ كوژراون.
 له‌به‌رامبه‌ردا زیاتر له‌ 1200 ئیسرائیلی‌ كوژراون و 250 ئیسرائیلیش به‌ بارمته‌ گیراون له‌لایه‌ن بزووتنه‌وه‌ی‌ حه‌ماسه‌وه‌. 
نوێنه‌رانی‌ قه‌ته‌ر و ئه‌مریكا له‌ قاهیره‌ سه‌رپه‌رشتیی‌ گفتوگۆكانی‌ ئاشتی ده‌كه‌ن له‌نێوان ئیسرائیل و حه‌ماسدا کە ئازادكردنی بارمته‌كانی‌ ئیسرائیل یه‌كێكه‌ له‌ مه‌رجه‌ لەپێشینەكانی ته‌لئه‌بیب بۆ دانوستان.
ته‌وه‌رێكی دیکەی دانوستانەکانیش ئاڵوگۆڕكردنی‌ دیله‌كانی‌ لای هه‌ردوولایه‌، له‌پاڵ داوای حه‌ماس بۆ كشانه‌وه‌ی‌ سوپای ئیسرائیل له‌ باكووری‌ غه‌ززه‌.
خاڵی‌ یه‌كه‌م گەیاندنی یارمه‌تیی‌ مرۆییه‌كان بۆ كه‌رتی‌ غه‌ززه‌‌یە ئەگه‌رچی‌ ئه‌مریكا، ئوردن، میسر، ئیمارات، قه‌ته‌ر و فه‌ره‌نسا له ‌چه‌ند رۆژی‌ رابردوودا دروست لە 2/3/2024 له‌ رێی‌ فڕۆكه‌وه‌ هاوكاییه‌ مرۆییه‌كانیان بۆ كه‌رتی‌ غه‌ززه‌ ناردووە، خاڵی‌ دووه‌میش كشانه‌وه‌ی‌ هێزه‌كانی‌ ئیسرائیله‌ بۆ سنووری‌ ده‌روازه‌ی‌ ئێرێز و گەیاندنی پاڵپشتی‌ دارایی‌ و فریاگوزاریی نێوده‌وڵه‌تی‌ و نه‌ته‌وه ‌یه‌كگرتوه‌كانە بۆ په‌نابه‌رانی‌ فه‌له‌ستین كه‌ به‌هۆی‌ كاولكارییه‌وه‌ زیانیان پێگه‌یشتووه‌، هەرچی خاڵی‌ سێیه‌میشە بریتییە لە ناچاركردنی‌ ئیسرائیل بە کشانەوە له ‌كه‌رتی‌ غه‌ززه.‌ ئه‌مه ‌ئه‌و سێ خاڵه‌ جه‌وهه‌رییه ‌بوو كه ‌ده‌بێته پێشینەی دانوستانه‌كان له‌نێوان ئیسرائیل و حه‌ماسدا.  
به‌درێژایی جەنگی نێوان فه‌له‌ستین و ئیسرائیل، توندی‌ وەک ئەمجارەی به‌خۆوه‌ نه‌بینیووە‌، كه‌ قوربانییه‌كی زۆری مه‌ده‌نی لێكه‌وتۆته‌وه‌، بۆیه‌ هه‌موو هه‌وڵه‌كان بۆ كۆتاییهێنانە به ‌كێشه‌ی‌ نێوان فه‌له‌ستین و ئیسرائیل، چونكه‌ جه‌نگی نێوانیان ماڵوێرانیی گه‌وره‌ی تێدایه‌ بۆ هه‌ردوولا و له ‌ئه‌گه‌ری‌ به‌رده‌وامبوونیشیدا، كاره‌ساتی‌ گه‌وره‌تری بۆ فه‌له‌ستین و ئیسرائیل و ناوچەکەش لێ دەکەوێتەوە کە ئێستا بەشێک لە ئاماژەکانی لەسەر ئاستی ئیقلیمی و نێودەوڵەتیش دەرکەوتوون. 

وتارەکانی نوسەر