(40)
هه‌ندێكجار، نووسینیش وه‌كو سودفه‌یه‌ك یان قه‌ده‌رێك وایه، بۆ نموونه تۆ ده‌ته‌وێ له‌سه‌ر بابه‌تێك بنووسیت، كه‌چی تۆ خەریکی نووسینی بابه‌ته‌كەدایت، هه‌ر به سودفه و قه‌ده‌ری سۆسیال میدیا، نووسینێكت له بابه‌ت و ناوه‌ڕۆكی ئه‌و باسه دێته به‌رچاو كه تۆ به نیازی بینووسیت!. منیش له بابه‌تی قسه‌كردن له‌سه‌ر ئاواز و گۆرانی گه‌لان و ژێرده‌سته‌یی ئاواز و گۆرانی كوردی، وام به‌سه‌رهات. چۆن؟
به‌رله‌وه‌ی نووسینه‌كه بنووسم، هونه‌رمه‌ندی گه‌وره و رووناكبیر (خالید ره‌شید)، له په‌یجی خۆی له فه‌یسبووك، سه‌رنجێكی خۆی له‌مه‌ڕ فێستیڤاڵی ئاوازی گه‌لان نووسیبوو، كه هی 2023 بوو، له‌به‌رئه‌وه‌ی بۆچوونه‌كه‌مان زۆر له‌یه‌كتره‌وه نزیك بوو، بۆیه وه‌كو خۆی دایده‌نێمه‌وه، خالید ره‌شیدی ده‌نگ خۆش و ئاوازدانه‌ر و میوزیكژه‌ن، ده‌ڵێت: «میلله‌ت ده‌بێت ئاوازی خۆی بناسێت، پێش ئه‌وه‌ی ئاشنا بێت به ئاوازی گه‌لان، چونكه ئه‌مڕۆ ئاوازه‌كانی ئیلام به فارسی و ئاوازه كرمانجییه‌كان به توركی ده‌رخواردی خه‌ڵك دراون، فێستیڤاڵی موزیكی گه‌لان كارێكی زۆر باش بوو، به‌ئاشنابوون به هونه‌ری گه‌لان. به‌ڵام ئێمه كێشه‌كه‌مان تێنه‌گیشتنه له خۆمان نه‌ك له جیهان».
ئه‌م بۆچوونه‌ی خالید ره‌شید، به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی منیش بۆچوونی خۆمی تێكه‌ڵ بكه‌م و پرسیاری ئه‌م هه‌موو كۆنسێرته بێ پلانه بكه‌م، كه له‌لایه‌ن هه‌ندێك كونسوڵخانه‌ی بیانی و كۆمپانیا و كه‌ناڵه‌وه ده‌كرێن له كوردستان، بێ ئه‌وه‌ی ره‌هه‌ندێكی زانستی و ئه‌كادیمی هه‌بێت، هه‌ر ئه‌وه‌یه تیپێك چه‌ند گۆرانیبێژێكی له‌گه‌ڵه و هونه‌رێك پێشكه‌ش ده‌كات، بێ ئه‌وه‌ی ئێمه نه له زمانه‌كه و نه ئاشناش بین به ئاواز و ستایله‌كه! بێگومان منیش وه‌كو خالید ره‌شیدی هونه‌رمه‌ند پێموایه بوونی ئاواز و گۆرانی گه‌لان زۆر پێویسته، به‌ڵام ئێمه به‌ر له‌و كاره، ئه‌ی پێویست به‌وه ناكات ئاوازی خۆمان بناسین؟ و بزانین چۆن دزراون؟ و چۆن مۆركی ره‌سه‌نایه‌تی كوردی‌یان هه‌یه، ئێستا به‌ناوی تورك و فارس و هه‌ندێجاریش عه‌ره‌به‌وه بڵاوده‌كرێنه‌وه؟ له‌ملاشه‌وه شاره‌زایانی میوزیك و ئاوازی كوردی واقیان وڕماوه و ته‌نانه‌ت ئاماده نین كۆڕ و سیمینارێكیش بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی ره‌دی ئه‌و دزینی ئاوازانه بده‌نه‌وه، خۆ ئه‌گه‌ر ده‌نگیشمان نه‌گات به جیهان، له‌ناوخۆ سه‌ربه‌رزییه‌كی زۆر ده‌بێت بۆ نه‌وه‌كانمان، رۆژگارێك دێت ئه‌م ره‌تكردنه‌وه و ساغكردنه‌وانه، شوێنی خۆیان ده‌گرن، نه‌ك ئێمه پاره و پولی زه‌به‌لاح خه‌رج بكه‌ین، بۆ هێنانی ئاواز و گۆرانی گه‌لان و خۆشمان هێشتا له قۆناغی هه‌نگاونانبین به‌ره‌و ناسینی ئاوازی خۆمان!.