پێکهاتەکان دەتوانن سەربەرزانە نوێنەریان لە پەرلەماندا هەبێت

10:55 - 2024-02-29
هیوا محەمەد
390 خوێندراوەتەوە

هیوا محەمەد


کەمکردنەوەی ژمارەی ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان لە 111 کورسییەوە بۆ 100، هەرچەندە دەبوا 101 بێت بۆ یەکلاکردنەوەی دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاساکانی ناو پەرلەمان، خواستی زۆرینەی لایەنە سیاسییەکان بوو، بەو ئامانجەی ئەو 11 کورسییە کە گوایە بۆ ئەو پێکهاتانەی تورکمان و ئاشووری و ئەرمەن دانراون، لایەنێک قۆرخیان نەکات بۆخۆی و دادوەریی بگەڕێتەوە بۆ چۆنێتی دروستبوونی هەیکەلی پەرلەمان.
لە وڵاتی سوید سەدان هەزار کورد یان بۆسنی و فارس دەژین، بەڵام هیچ لایەکیان بەناوی پێکهاتەکەی خۆیانەوە کورسییەکی پەرلەمانیان پێنادرێت، هەرکەسیش خۆی بۆ ئەوێ کاندید بکات، ئەوا لە رێگەی پارتێکەوە کە خۆی تێیدا ئەندامە، دەبێتە پەرلەمانتار.
لە هەرێمی کوردستان، ئەگەر بە شێوازی دیموکراسییانەی دوور لە گەندەڵی و داتاشینی یاسا بین، ئەوا دەبێت هەڵبژاردن وەک حزبەکان بکرێت، نەک وەک نەتەوەکان، هەرچۆن لە کەرکوک کورد بەجیا و لە رێگەی حزبەکانیییەوە چووە هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عیراقەوە. 
ئەوەی لە هەرێمی کوردستان دەژی، بەوانەشەوە کە لەبەشەکانی دیکەی عیراقن، بە هەموان دەوترێت عیراقی، بە هەموو نەتەوەکانەوە، بەمەش بە پێی دەستوور مافی هاووڵاتیبوون دەبێت بە یەکسانی بۆ هەموان دابینبکرێت، نەک لە رێگەی ئەوەوە کام نەتەوە سەردەستە و زۆرینەیە.
ئەگەر ئەمە کرا، ئەوە هیچ کەس لە بیری قووڵکردنەوەی هەستی نەتەوەیی خۆیدا نابێت، چونکە کاتێک ئەم هەستە نەتەوەییە لای تاک قووڵدەبێتەوە کە هەست بە ستەم بکات و پێی وابێت دەسڕرێتەوە.
نەتەوەکانی کە لە هەرێم دەژین، تورکمان، ئاشوری، ئەرمەن هەن، هەریەکەیان خاوەنی حزبن و بەشی خۆیان ئەندام و لایەنگریان هەیە، بۆیە دەتوانن وەک حزب بەشداریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بکەن و دەنگ بەو کاندیدانە بدەن کە سەر بە خۆیانن. 
لە دوا لێدوانی یەکێک لە کەسایەتییە سیاسییەکانی تورکمان لە دوای بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی دەڵێت: لە ناوەندی شاری هەولێر 400 هەزار تورکمان دەژین، ئەگەر ئەمە راستە، ئیتر بۆچی ئەوان خۆیان راستەوخۆ کاندیدی خۆیان نەبێت؟ خۆ ئەم رێژەیە بەسە بۆ ئەوەی چەند کورسییەک بهێنن.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پشتیگریی هەموو پێکهاتەکانی کردووە بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان، کاتێک سەرۆک مام جەلال بژاردەی دابەشکردنی کەرکوکی بەسەر سێ بەشدا خستەڕوو، زۆرێک رەتیان دەکردەوە و پێیان وابوو عەرەب و تورکمان نابێت بە چارەکی کوردیش بن، بەڵام ئەوە سیاسەتێکی حەکیمانەی راست بوو، لە روانگەی شەراکەتی راستەقینە و بەڕێوەبردنی شارەکە بە ئاشتی و ئارامی و پێشخستنی، ئەمە لە بریتی سیاسەتی عینادی و سڕینەوەی پێکهاتەکان بوو. 
لە پێنجەمین کۆنگرەشدا، یەکێتی جەختی لەسەر بەردەوامیدان بەم سیاسەتە کردۆتەوە بۆ هەموو پێشهاتەکان و گونجاندنیان لەگەڵ سەردەمدا. 
لێرەوە دەبێت نەتەوەکانی غەیرە کورد لە هەرێم و کەرکوکیش دڵنیا بن لەوەی کە یەکێتی دۆستی نزیک و پشتگیری سەرەکییانە بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان. 
ئەوەش کە لە دادگای فیدراڵی جووڵێنراوە، بۆ راستکردنەوەی نادادییەکەیە، نەک بۆ کەمکردنەوەی رۆڵی پێکهاتەکان.
دەکرێت میکانیزمێک بدۆزرێتەوە لە رێگەی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانەوە، بۆ ئەوەی نوێنەری هەر پێکهاتەیەک بتوانێت دەنگ بهێنێت بە پێی ژمارەی بوونیان لە هەرێـم.
لەمەودوا، بۆ شانی پێکهاتەکان سەربەرزییە کاتێک بە هەوڵی خۆیان دەتوانن بچنە ناو پەرلەمان، ئەمەیان سەلمێنەری بوونی رۆڵ و پێگەی خۆیانە نەک کورسییان پێببەخشرێت.

وتارەکانی نوسەر