لە روانگەی یاساوە

سۆشیال میدیا و قانوون

10:56 - 2024-02-29
شۆخان‎ عەبدوڵڵا ‌ سەمین
182 خوێندراوەتەوە

شۆخان عەبدوڵڵا سەمین*

لە گۆشەکانی رابردوودا سەرجەم دیوە دیار و نادیارەکانی تایبەت بە لایەنی قانوونی سۆشیال میدیام خستەڕوو کە خۆی لە تاوانەکان و بکەرەکانیاندا لەگەڵ بکەر و سزاکانیاندا دەبینییەوە کە سەرجەمیان پەیوەندیدارە بە  قانوونی (قەدەغەکردنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن ژمارە 6ی ساڵی (2008)ەوە.
لە کۆتا گۆشەی تایبەت بە (سۆشیال میدیا و قانووندا)، گوزەرێک دەکەین بەناو تاوانە ئەلەکترۆنییەکاندا بە گشتی و هۆکار و چارەسەر و  گرنگیی قانوون و کەموکورتییەکان و چارەسەرەکانی.
دیارترین تاوانە ئەلەکترۆنییەکان رێژەیەکی بەرچاو و دیار لە تاوانەکان دەگرێتەوە، ئێستا ئەوەش هۆکاری جیاوازیی خۆی هەیە، بەم شێوەیە بە کورتی ئاماژەی پێ دەدەین:
 هۆکارەکان بریتییە لە نەبوونی هۆشیاریی لە بەکارهێنانی ئامێرە زیرەکەکاندا کە بەشێکی گەورەی دەگەڕێتەوە بۆ بوونی کەموکورتی لە پەروەردەی تاکەکان و نەبوونی چاودێریی پەروەردەیی، بێکاری گەنجان، نەبوونی چاودێریی و سانسۆری پێویست لەلایەن دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی حکومەتەوە بۆ ئەو پێگە ئەلەکترۆنییانەی تاوان ئاسان دەکەن، پەنانەبردنی تاوانلێکراو بۆ وەرگرتنەوەی ماف و لێخۆشبوون لە تاوانکار لە دەرەوەی دادگادا.
 چارەسەر بریتییە لە دەرچواندنی یاسایەکی گشتگیرتر و تووندتر و سەردەمیانە تر، هەوڵدان بۆ نەهێشتنی هۆکارە ئاماژەپێکراوەکان بە رێگەی شیاو و کاریگەر.
بوونی قانوونەکە گرنگی و پێگەی تایبەتی خۆی هەیە، بەڵام  ئێستا جۆر و رێژە و ژمارەی تاوانەکان و رێگەکانی کردنی تاوانەکان گۆڕاوە و دەتوانین بڵێین کە ئەم قانوونە ناتوانێت و لە توانایدا نییە رێگریی تەواو بکات لە کەمکردنەوەی تاوانە ئەلەکترۆنییەکان، چونکە تەکنۆلۆژیا بە تەواوی پێشکەوتووە و رێگە و شێوازی زۆر جیاوازتر لە پێشووی بەخۆوە بینیووە کە هەندێک جار ئەستەمە رووە راستییەکەی بینین.
لە لایەکی ترەوە   ئەو تاوانانەی کە دەکرێن لە رێگەی ئامێرەکانی پەیوەندیکردنەوە، جیاوازە لەو تاوانانەی ناسراون بە تاوانی ئەلەکترۆنی.
بۆ ئەمەش پێویستمان بە قانوونی نوێ و گۆڕانکاری هەیە لە قانوونە بەرکارەکان و دامەزراوە دادوەریی و سکوێریتییەکان  تا سەرجەمیان پێکەوە ببنە هۆکاری باشتر جێبەجێبوونی قانوون و ئەنجامی شایستە و کۆمەڵگەیەکی ئارام بەرهەم  بهێنێت.

 

*پارێزەری راوێژکار و چالاکوانی نێودەوڵەتی 

وتارەکانی نوسەر