تا قەوارەی هەرێم و ئەو مافە دەستووریانەمان لە عیراق وەدەستهێناون گەلەكەمان قوربانییەكی بێ ئەندازە گەورەی داوە. ئەوەی وەدەستمان هێناوە بەری خوێنی لاوەكان و فرمێسكی دایك و باوكانە. ئەگەر بە پێوەری رێژەی دانیشتوان بێ، تا گەیشتووینەتە ئەم قۆناغە لەسەر رووی زەمین هیچ گەلێكی تر بەقەد گەلی كوردستان لەپێناوی ئازادی و رزگاری قوربانی نەداوە. كەچی، دوای (31) ساڵ لە فەرمانڕوەوایی خۆمان، هێشتا بەناوی خەبات و شەرعییەتی شۆڕشگێڕانەوە رۆژ لە دوای رۆژ دامودەزگا نیشتمانییەكانمان نەك هەر دادەڕزێنین، بەڵكو زیاتریان دەكەینە دامەزراوەی كەڵەكەكردنی سەرمایەی تایبەت و دەستبەسەرداگرتنی زەوی و زاری زیاتر، بۆ كەسانێك كە ئەگەر دادگایەكی رەوا هەبێ نەك هەر شانازی خەبات و رابردوویان لێ دەسێنێتەوە، بەڵكو بەتوندترین شێوەش سزا دەدرێن و دەبێ لە كونجی زیندان ئاخ و ئۆف بۆ رابردوویان هەڵكێشن.
بەڵێ، قەوارەی هەرێمی كوردستان لە خەم نەڕەخسیوە و هەڕەشەی دەرەكی و ناوخۆیی لەسەرە، بەڵام لە هەموو هەڕەشەكان مەترسیدارتر هەڕەشەی گەندەڵی و گەندەڵكارانن، كە بەشێوەیەكی مافیایی رێكخراو دەسەڵاتی وڵات بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیان بەكاردێنن. هەر وڵاتێك كە تازە دادەمەزرێ هەنگاو بە هەنگاو چارەسەری گرفت و كەموكووڕییەكانی دەكات، بەڵام بەپێچەوانەوە ئێـمە رۆژ دوای رۆژ خراپتری دەكەین.
ئایا دەزانن بۆچی؟
چونكە یاسا سەرەوەر نییە، دادپەروەری نییە، ئەوانەی بەپاساوی خەباتی رابردوو دەست بەسەر سامان و موڵكی وڵاتدا دەگرن ویژدانیان نییە و لە خواش ناترسن.
ناكرێ چیتر ئێمە دەستی چەوری خۆمان بە سمێڵی دوژمنان بسڕینەوە، یان ئۆباڵی شكستەكانمان بخەینە ئەستۆی خەڵكی تر. دەزانین لە بنەڕەتەوە خەڵكی تر دژی مافە رەواكانی ئێمەن، بەڵام ئایا ئەو دژایەتی و پیلانگێڕییەی ئەوان بەقەد ئەو گەندەڵكاری و بێ سەروبەرییەی ئەمڕۆ مەترسییە بۆ سەر هەرێم؟
بێگومان نەخێر، چونكە ئەگەر دار بەڕوویەك گەندەڵ نەبێ خۆی لەبەر بەهێزترین رەشەبادا دەگرێ.
ئایا دەتوانرێ تا سەر بەم شێوەیە وڵات بەڕێوەببرێ؟
ئایا دەبێ دەوڵەتداری بكەین یان حوكمی قەرەقوش؟
خەریكە ماوەی چارەسەر بەسەر دەچێ، ئەگەر ئەوەندە دەرفەتۆكەی ماوە نەقۆزرێتەوە بەدڵنیاییەوە دەقەومێ و كە قەوماش دیارە كێ لێی بەرپرسیارە.