دیموکراسی لە عیراق لەژێر پرسیاردایە؟

09:08 - 2024-03-03
هیوا محەمەد
256 خوێندراوەتەوە

ئەگەر لەم وڵاتەدا دیموکراسی هەبوایە، یان بڕێک پەیڕەومان بکردایە، ئەوا بە لادانی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، حەلبوسی، خێرا جێگرەوەیەکیان بۆ دادەنا، چونکە فراکسیۆنی ئەو کەسە و حزبەکەی هەر ماون لە پەرلەماندا.
فراکسیۆنەکان هەریەکەیان بەرنامە و پەیڕەوی کارکردنیان بۆ ناو پەرلەمان هەیە، ئەگەر پەرلەمانتارێک لاببرێت یان بمرێت بەپێی ئەو پەیڕەوە جێگرەوەی بۆ دادەنێن، لەناو فراکسیۆنەکەدا ئەندامێتیی لیژنەکان یان دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان گۆڕانکاریی بەسەردا بێت، بە کەسێکی تر پڕی دەکەنەوە، بەڵام ئەمە لەو وڵاتەی کە دەیەوێت کار بە سیستمی دیموکراسیی بکات.
ئێمە وا تێگەیشتین کە دیموکراسی ئەمەیە وەک ناو بیلکێنی بەخۆتەوە و چەپڵەی بۆ لێبدەیت، لەبەر ئەوەشە کە ئێستاش هەر قاچ لەو ئاوە دەخشێنین کە پێشتر رژێنراوە بۆمان.
بەعسییەکان بەو هەموو تاوانە گەورانەوە کردیان  بەرامبەر بە گەلانی عیراق، کەچی سێ وشەی گرنگییان کردبووە دروشمی سەرەکییان ئەویش یەکگرتن و سەربەستی و سۆشیالیستی بوو کە لە راستیدا بەلای هیچیاندا نەدەچوون.
ئەگەر گازندەمان لەوە بێت کە لە شوێنێکدا یان لەناو خێزان و بنەماڵەیەکدا کار بە هیچ بنەمایەکی دیموکراسی ناکرێت، بەڵام زەحمەتە دواخستنی دانانی سەرۆکێکی نوێ بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دیموکراسییە هاوردەکەی عیراق نەخاتە ژێر پرسیارەوە.
هەرچی سەیرە لەم وڵاتەدا دەیبینین، هەرێمی کوردستان چەند مانگێکە بە بڕیاری دادگای فیدراڵی سڕکراوە و هەرێم ئەگەرچی دوو سەرۆکایەتیی دیکەی ماوە، بەڵام بێ پەرلەمان دەڕوات بەڕێوە، جا لەم نێوەندەدا کێ دەیەوێت چی بکات؟ ئەوا دەتوانێت و کەس لێپێچینەوەی لەگەڵ ناکات، یاساشمان هێندە زۆرن، شتێک نەماوە بە یاسا نەکرێت، ئیتر لەبەر ئەمە پەکمان ناکەوێت!
دانەناوەی سەرۆکێک لە بری حەلبوسی، پێمان دەڵێت کە نەک یەک، بەڵکو چەند دەستێک هەن لەسەر ئیدارەدانی ئەم وڵاتە و بە زەحمەت رێدەکەون و بەرژەوەندییەکانیان لەیەکتری جیاوازە، لەمەش ناخۆشتر ئەوەیە کە هەر بەرپرسێکی حکومی دەدوێت باس لە یەکپارچەیی خاک و سەروەرییەکەی دەکات و لەکاتی وەرگرتنی پۆستەکەشدا هەر بەو مەبەستە سوێندی یاسایی خواردووە.
تاوانە ئەم وڵاتە بەمجۆرە بەڕێوەدەچێت، تەنانەت دادگای فیدراڵی کە باڵاترین دەسەڵاتە لەم وڵاتەدا، کاتێک بڕیارێک دەردەکات، لایەنێک ئەگەر لە بەرژەوەندیی نەبێت، نەک بڕیارەکان رەتدەکاتەوە، بەڵکو خودی دادگاکەش رەتدەکاتەوە و دەڵێت شەرعییەتی نییە!
خەڵکیش چاویان لە هەموانە و گوێبیستی هەموو هەواڵەکان دەبن، زۆرێکیش لە سیاسەتمەدارەکان گەمە بە هەستی خەڵک دەکەن. 

زیاتر لە سێ مانگە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بێ سەرۆکە

وتارەکانی نوسەر