زوڵـفان غەریب
بەدرێژایی مێژوو، یەكێك لە تاوانە هەرە گەورەكانی كە بەرامبەر مرۆڤایەتی و گەلێكی ستەملێكراو لەسەر خاك و نیشتمانی خۆی كرابێت، تاوانی جینۆسایدی ئەنفالی بەدناوە كە بەرامبەر گەلی كوردی ستەمدیدە و بە چەند شاڵاو و قۆناغێك کرابێت كە (182000) مرۆڤی بێتاوان بوونە قوربانی و بەبێ گۆڕ و بە كۆمەڵ زیندەبەچاڵ كران، لەدوای خۆشیان برینێكی ساڕێژنەبوو لەناو دڵی كەسوكاری بەجێماوی ئەنفالكراوان پاش رزگاربوونی گوند و شار و هەموو نیشتمان لە ناخی هەموواندا بەزیندوویی ماوەتەوە.
ئێستا و لەدوای (36) ساڵ لە روودانی، زۆر كات لە گێڕانەوەی لە دەمی كەسوكاری ئەنفالكراوان و رزگاربووانی ئەنفال گوێمان هەزارەها چیرۆكی ناخهەژێن دەبێت و تراژیدیترین چیرۆكیش (سەگەڕەشەكەی نوگرەسەلمان)ی سنووری پارێزگای سەماوەیە كە هەموان دەیگێڕنەوە کە سەگێكی رەشی لێ بووە، كاتێك مرۆڤەكان كە لە برسان و گەرمای ئەو بیابانە نەفرەتییە گیانیان دەسپارد، منداڵ و گەنج و بە تەمەنەكان دەبوونە خۆراكی سەگەڕەشەكە.
پیاوە بێ بەزەییەكانی رژێمی بەعسیش بەوە ئاسوودە دەبوون كاتێك كە دەیانبینی گۆشت و ئێسكی ئەو مرۆڤە بێتاوانانە بەدەمی ئەم سەگەڕەشە و سەگەكانی ترەوە دەبوون.
هەر ساڵێك و لە یادی جینۆسایدی ئەنفالدا یەكێك لە وێنە تراژیدییەكانی كاتی گێڕانەوەی سەرگوزەشتەی كەسوكار و رزگاربووان دەبیستین كە چۆن ئەم سەگانە دەكەونە وێزەی گیانی ئەم مرۆڤە غەریبانە لەم بیابانە نەفرەتییە.
من خۆم لە چەند ساڵی رابردوو و ئێستاش كە گوێم لە باسكردنی ئەم تاوانە دەبێت، ئەو دیمەنەی كە لەبەرچاوی رزگاربووانی ئەنفالكراو لاناچێت و باسی دەكرێت، تەرمی پیرۆزی گەلێكی نامۆ بە بیابانی عەرعەر و چیرۆكەكانی و برینەكانی ساڕێژ نابێت هەرگیز و ئەگەر رۆژانەش سەدان وتار و چیرۆك و رۆمان و فیلمی سینەمایشی لێ نمایش بكرێت، هێشتا خاڵێك لە دەریایەكی تاوانكاری وێنا ناكرێت، هەر كاتێك لە هەموو ساڵێكدا لە (22/2) كە یەكەم شاڵاوی جینۆسایدی ئەنفال لە دۆڵی جافایەتی دوكان و هەتا (14/4) گەرمیان و تا ناوەڕاستی مانگی ئابی (1988)، لاوانەوەی ژنانی رەشپۆشی گەرمیان و كوێستان و پیاوانی ریشسپی و ئاخ و حەسرەتی كپكراویان كە لە هەناویان كڵپە دەدات و فرمێسكی قەتیسكراوی رۆڵەكانی ئەنفالكراوان كۆتایی نایەت، بەرگی رەشی بەتاپۆكراو بۆ ژنانی گەرمیان تاتۆی كوتراوی حەسرەتی ئازیزانیان لەسەر دەست و دەموچاویان تابلۆی وێنەكراوی ئەم تاوانەی لێ هەڵكەنراوە.
خۆزگە فیلمسازان كار لەسەر ئەم دیمەنەش بكەن كە چۆن سەگەڕەشەكەی نوگرەسەلمان تەرمی پیرۆزی مرۆڤەكانمان دەشێوێنێت و ئیتر هیج بەهایەیک بۆ مەرگیش نامێنێتەوە.