چۆن منداڵ فێری هونەری وەڵام دانەوە بکەین؟

09:47 - 2022-05-11
هاوژین عەبدولواحید
2286 خوێندراوەتەوە

هونەری وەڵام دانەوە چییە؟ ئەو هونەرەیە وەک هەر هونەرێکی تری  وێنەکێشان و گفتوگۆ و مامەڵەکردن. وەڵامدانەوە هونەرێکی دەربڕینە پەیوەستە بە ژیری و زیرەکی کەسەکەوە، هەروەها بە بەهێزی و کاریگەری ئەو وەڵامەی دەیداتەوە، ئایا تاچەند شوێنی خۆی دەگرێت و کار لە کەسی بەرامبەر دەکات؟.
 رەوانبێژی لە دەربڕین وکورتبڕی  و  بیرتیژی و خەیاڵ فراوانی بەشێکە له تایبەتمەندییەکانی ئەو هونەرە. بۆیه زۆرجار هەر یەکێک لە ئێمە تووشی بارودۆخی وا بووین، پێویستمان بە وەڵامێکی بەهێز و کاریگەرە لە بەرامبەر ئەو پرسیارە و رەخنە و توانجانەی ئاڕاستەمان دەکرێت بۆیە  بە زیرەکی و وریایی خۆمان دەتوانین وەڵامێکی دەمکوتکەر بدەینەوە. 
منداڵانیش رووبەڕووی هەمان دۆخی ئێمە دەبنەوه بۆیه نابێ بەدەر بکرێن لە راهێنان و فێرکردنی ئەو هونەرە کە هەرکاتێک رووبەڕووی پرسیارێکی بێ مانا دەبنەوە، چاو لە دەستی ئێمە نەبن دەبێت خۆیان وەڵامێکی رەوان و پوخت بدەنەوە،  کە جوان شوێنی خۆی بگرێت. 

نموونە:
کوڕ وایە دەبێ باوک چۆن بێت، دەگێڕنەوە زەمانی زوو پیاوێکی دانا هەبوو کەم کەس دەیتوانی لە گفتوگۆ و وەڵامەکانی لێی بەرێتەوە هەربۆیە، دوو پیاو بڕیاریاندا بچن سەردانی ماڵەکەی بکەن تاوەکو گفتوگۆی لەگەڵدا بکەن و بیبەزێنن، لە دەرگایاندا منداڵێک دەرگای کردەوە.
ــ باوکت لەماڵە؟
ــ نەخێر، چووە دۆست بکات بە دوژمن!
ــ ئەی دایکت لە ماڵە، بڕۆ بانگی بکە،
ــ کوڕ، دایکم لە ماڵ نییە چووە یەک بکاتە دوو!
ــ یەکێک لە پیاوەکان وتی بەخوا من سەر لەو منداڵە دەرناکەم ئەوە چی دەڵێت؟
ــ  من تێی دەگەم ئەوە باوکی کە چووە دۆست بکاتە دوژمن، چووه بۆ قەرز و دایکیشی که چووه یەک بکات بەدوان ئەوە مامانە، وادیارە ژنێک منداڵی دەبێت و دەبن بەدوان.
هەردوو پیاوەکە زۆر سەرسام بوون بە وەڵامەکانی ئەو منداڵە و بڕیاریاندا بگەڕێنەوه و گفتوگۆ لەگەڵ باوکیدا نەکەن، وتیان منداڵ وابێت بۆ وەڵامدانەوە دەبێ باوکی چۆن بێت.

 

 
پرسیاری بێ بنەما پێویستی بە وەڵامی بێ بنەما هەیه
 دایکێک کچە حەوت ساڵانەکەی دەبات بۆ لای پزیشکێکی دەروونی، پزیشکەکەش پرسیاری لێدەکات و دەڵێت:
ــ تۆ کوڕی یان کچ؟ بیر بکەرەوە دواتر وەڵامم بدەوە، بەڵام کچەکه بە خێرای وەڵامی دایەوە
ــ وتی من کوڕم.
ــ پزیشکەکە وتی ئەگەر گەورەبوویت ئارەزوو دەکەیت ببی بەچی؟
ــ کچەکە وتی ئارەزوو دەکەم ببم بە باوک.
ــ دایکەکە بە دەنگ هات و وتی کچم ئەوە چیته ئەو قسە بێ بنەما و پڕوپوچانە چین دەیانکەیت؟ 
ــ کچەکەش وتی، پرسیاری بێ بنەما پێویستی بە وەڵامی بێ بنەما هەیه.
چۆن منداڵەکانمان رابێنین، فێری ئەو هونەرەیان بکەین:
*هەوڵبدە هەرگیز لە جیاتی ئەو وەڵام نەدەیتەوە.
*مەیشکێنەوە پێی پێمەکەنە کاتێک بیردەکاتەوە تا وەڵامی پرسیارەکە دەداتەوە و پەلەی لێمەکه.
*لەناو خەڵک مەڵێ شەرم دەکات، پرسیاری ئاڕاستە مەکەن.
*کاتێک کەسێک پرسیارێکی نابەجێی لێدەکات و دەی شکێنێتەوه، مەڵێ قەینا تۆ بێدەنگ بە هیچ مەڵێ.
*زیرەکی دایک و باوک لە وەڵامدانەوه باشترین پێوەره تاوەکو منداڵەکانیان چاویان لێبکەن.
*پێی بڵێ کاتێک تووڕەیت هیچ مەڵێ و وەڵام مەدەرەوە.
*فێری بکە پرسیاری بەجێ بکات تاوەکو فێری وەڵامی بەجێش ببێت.
*فێری بکه بۆ راکێشانی سەرنجی ئەوانی تر درۆ و زێدە گۆیی نەکات و خۆی نەکات بە کارتۆن بۆ دڵخۆشکردنی ئەوانی تر.
*فێری بوێری و چاونەترسی بکه کاتێک قسە دەکات ئاڕاستەیەکی تر نەکات، رێک سەیری کەسی بەرامبەر بکات.
*هەمیشە بیری بێنەوه کە تەرکیز و خەیاڵی لەسەر قسەکانی خۆی بێت.

وتارەکانی نوسەر