وەرچەرخان لە خەباتی یەکسانیخوازانەی ژن و پیاودا

09:32 - 2024-03-12
نەسرین کوردە
102 خوێندراوەتەوە

بەهۆی چەوسانەوەی نەتەوەیی و چینایەتییەوە لەکوردەواریدا، چەوساندنەوەی رەگەزی و جێندەری یەکێک بووە لەو جۆرە چەوساندنەوەیەی کە  دەکرێت بڵێین تا رادەیەک فەرامۆش کراوە، بەڵام دەتوانین بڵێین هەمیشە ژن خەباتی بۆ دەکات نەک تەنها لە و رۆژەی پێی دەڵێن 8ی مارس کە گوایە هەر ئەو رۆژە  رۆژی راپەڕینە دژی چەوساندنەوەی پیاوسالاری.
بەڵکو خەبات و راپەڕینی رەگەزی مێینە لە دژی نەریتی کۆمەڵایەتی یان هەر ناوێکی تر کە ژن لەڕێیەوە ئەشکەنجە و سزا دەدرێت.  یان دوچاری توندوتیژی دەرونی دەبێت خەباتێکی بەردەوامە، چونکە چەوساندنەوەکە هێشتا بەردەوامە. 
ژنانێکی زۆر هەن لە کۆمەڵگەی ئێمەدا کە لەناو ئازاری هەمیشەییدان و بەرکەوتەن لەگەڵ تونتوتیژییەکاندا و ئەو دۆخەش بۆتە مۆتەکە لەناو بیر و هزر و جەستەیاندا، ئەمەش بۆ خۆی رەگ و ریشەی قووڵی هەیە و کەلتورێکی بەردەوامە و هەمیشە کاری لەسەر کراوە و شەرعییەتیشی پێدراوە. 
هەندێک جار ئەو جیاوازیی و چەوساندنەوەیە بۆتە یاسای وڵاتەکە و لە هەندێک بڕگەیدا بە ئاشکرا رێگە بە تەمبێکردنی ژن دراوە یان حیلەی شەرعیی بۆ دۆزراوەتەوە تا ڕێگە بە فرە ژنی و چەوساندنەوەی ژن بدرێت. 
لەدەرەوەی یاساش هەر لەناو خودی بەشێک لە بنەماڵەکاندا، زۆر جار بەشە میراتی ژن خوراوە بەناوی جۆراوجۆرەوە یان بە ئاشکرا بەشەکەی خوراوە، کاتێک کچەکە ناڕەزایی دەڕدەبڕێت یان باسی لەو بڕە میراتییەی خۆی کردبێت، وەک مافی شەخسی و شەرعی کە دەبێت پێی بدرێت، بەڵام بەپێچەوانەوە لە بری ئەوەی مافی پێ بدرێت ، دووبارە کەوتۆتەوە بەر تانە و تەشەر و جۆرێکی تر لە توندوتیژیی دەروونی.
 ئەم دۆخە بەردەوام نا یەکسانی و بە پلەدووکردنی رەگەزی مێینەی لێ کەوتۆتەوە و کەسایەتی ژنی هەمیشە رووبەڕووی سەرکوتی جەستەیی و دەروونی کردۆتەوە تا وای لێ بکات داواکردنی ماف نا ئاساییە و بگرە حەرامیشە! بۆیە ئەم نایەکسانی و ناعەدالەتییە تەنها بە بەرزڕاگرتنی رۆژی جیهانی ژنان چارەسەر ناکرێت.
 کۆمەڵگەی کوردی ئێستا لەگەڵ ئەوەی هاوشانی شارستانییەکان تا رادەیەک هەنگاوی ناوە و خاوەنی مێژوویەکە لە خەباتی سیاسی و چەکداریی و ژنانیش بەدەرنەبوون هەم لە خەباتکاری و هەم لە بەرکەوتنی گورزی نەیارانی کوردەواری، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە ئیتر توندوتیژیی جێندەری لە کۆمەڵگەی کوردیدا نەماوە. بەڵکو توندوتیژی و چەوسانەوە و کوشتن و خۆکوشتنی ژنان لە ژێر ئەو کاریگەرییە نەرێتیی و کۆمەڵایەتی و سیاسییە فاشیلەدا هێشتا لەئارادایە. سەرەڕای ئەوەش کە ژنی کورد لە هەموو دۆخەکاندا توانیویانە لەگەڵ پیاواندا هەموو قۆناغەکان تێپەڕێنن، تەنانەت ئەگەر پێویستی کردبێت لە خەباتی چەکداری و سیاسیشدا بەشداربوون و وێڕای ئەوەش ماڵداری و پەروەردەکردنی منداڵیان بە رێژەی سەرەکی لە ئەستۆ بووە و لەوای راپەڕینیشتەوە لە سەرپەرشتی و بەڕێوەبردنی دامودەزگاکاندا رۆڵیان هەبووە، بەڵام بەو شێوەیەش هەندێکیان رووبەڕووی  توندوتیژیی جیاجیای وەک دەستدرێژی و توندوتیژی و کوشتن بوونەتەوە. 
ئەوەی کە بۆ ئێستا پێویستە هەنگاوی بۆ ببدرێت و تا خزمەت بە ژنان و رەگەزی مێینە بەگشتی بکرێت ئەوەیە هەموو رۆژەکان بە رۆژی ژن هەژمار بکرێن نەک تەنها رۆژێک بگەڕێینەوە و سەرلەنوێ نەهامەتییەکان بکەینەوە، چونکە ژن زۆر لەوە گەورەترە  کە تەنها بە یەک رۆژ پێناسەی پرسەکەی بکرێت، بەڵکو هەمیشە ئەو خەباتە رۆژانە دەوربکرێتەوە و قسەی لەسەر بکرێت و هەوڵ بدرێت یاسای توندتر دابنرێت بۆ ئەو کەسانەی کە ژن دەکوژن یان دوچاری حاڵەتی خۆکوشتنیان دەکەنەوە لەڕێی ئەوەی توندوتیژییان بەرامبەر دەکەن جا جەستەیی بێت یان دەروونی، هەربۆیەش بابەتەکەم تەرخان نەکرد بە 8ی مارس تا بیرمان بێت هەموو رۆژێک رۆژی جیهانیی خەباتی ژنانە.

وتارەکانی نوسەر