داخوازیی ئەمڕۆی گەنجان لەبەردەم سبەینێدا

10:49 - 2023-11-07
نەسرین کوردە
195 خوێندراوەتەوە

نەسرین کوردە

ناکرێت کێشەی گەنجان  بەشێک نەبێت لەکێشەکانی کۆمەڵگە، هەمیشە داخوازی بەپێی  پێویست دێتە کایەوە،  بوونی بۆشایی  لەداخوازیدا وادەکات گەنجان هەستی نەتەوایەتی لەبیر بکەن. دەبێ حزب و حکومەت ئەوە لەپێش چاو بگرن، لە کۆمەڵگەی ئەمڕۆماندا ئەم بۆشاییانە لەسەر یەک کەڵەکە بوون، دەبێ دان بەوەشدا بنێن کە هەستکردنی گەنجانی ئەمڕۆ بە کێشەی خۆیان لە چاو سەردەمی دوێنێ لەم سەدەیەدا پاشەکەشەی کردووە، بەڵام لەمپەرەکانی  ئەمڕۆی بەردەم داخوازیی گەنجان  لە کۆمەڵگەدا نەتوانراوە داخوازیی نوێ لەپێش چاو بگرن  تا کار بۆ دابینکردنی داخوازییەکان بکات.
 هێمای پێشکەوتنی هەموو کۆمەڵگە و هێمای ئەوئاستەیە کە کۆمەڵگە لە نوێگەری و هەڵکشانی بەرەو ژووردا بڕیویەتی و داخوازیی  گەنجان و ئازادی، لەم سەردەمەدا بەشێک دەبێ  لە پڕۆسەی داڕشتنەوەی کۆمەڵگەیەکی  نوێ لەگەڵ بونیادێکی  کۆمەڵایەتی جیاواز و نوێدا. 
ئەم رەوشە هەستیارە، هەنگاوی نوێی دەوێت  کە هەموو کۆمەڵگە بکرێنەوە بە حکومەت و حزب و دامەزراوە سیاسی و کۆمەڵایەتییە جۆراوجۆرەکانەوە، بێگومان ئەمەش هەوڵ و تێکۆشانی دەوێت دەبێت گەنجانیش ژیرانە و هۆشیارانە رەفتار بکەن و لە هەموو بوارەکاندا  شوێن و کرداری شیاوی خۆیان بگرنەبەر لەگەڵ دەورووبەردا هەلی یەکسانیان هەبێت، زۆر ئاساییە گەنجان لەهەر پلەیەکی لێپرسراوێتیدا بن، دەبێ هەوڵبدەن ئەو دەرگایانەی لەبەردەم تواناکانیان داخراوە بیکەنەوە، نەک داوا بکەن  دەرگایان بۆ بکرێتەوە، چونکە کاتێ بەدەستی خۆیان و بە هەوڵی خۆیان کۆسپ و لەمپەری بەردەم سەرکەوتن و پێشکەوتنیان لابرد، ئیتر کەس ناتوانێت جارێکی تر بیخاتەوە رێیان. 
 دڵنیام بەبێ  هاوکاری و تێگەیشتنی هەموو چین و توێژەکان  بۆ گەنجان، سەخت دەبێت، هەر چەندە جۆری  ژیانی گەنج لە وڵاتێکەوە بۆ ولاتێکی تر لە کۆمەڵگەیەکەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی تر جیاوازە، ئەمەش بەپێی ئاستی هۆشیاریی تاک و کۆمەڵگە دەگۆرێت.
دروستە ئەگەر بڵێین قۆناغی گەنجێتی دوای تێپەربوونی هەرزەکاری و هێنانە پێشەوەیان بە پێدانی رۆڵ گوێگرتن لە خواست و هیوا و ئامانجەکانیان لەپێناوی بەدیهێنانی کۆمەڵگەیەکی تەندروست، هەموو ئەو ئاستەنگانە تێکبشکێنرێت کە گەنجی  وابەستەی نائومێدی و رەشبینی کردووە. 
خۆکوشتنی گەنج  و هەڵهاتن و تووشبوونی بەمادە هۆشبەرەکان، روو لە زیادبوونە، پێویستە بۆ نەهێشتنی رێ لەو دیاردانە بگیرێت کە ئەمڕۆ لە کۆمەڵگەدا رەنگی  داوەتەوە، پێویستە بە دەرکردنی رێنمایی  و ئاگادارکردنەوەی کۆمەڵانی خەڵک لە مەترسییەکانی ئەو دیاردانە هەوڵبدرێت و کار بۆ داهاتووی گەنج بکرێت و ئاشنا بکرێن  بەداهاتووی خۆیان.

وتارەکانی نوسەر