ململانێی میسر لەگەڵ فیكری توندڕەودا

11:11 - 2022-05-11
گۆران فەتحی
455 خوێندراوەتەوە

لەگەڵ ئەوەی گەلی میسر و سوپاكەی توانییان لەدوای روخانی رژێمی حوسنی موبارەك لەبەهاری عەرەبیدا رێگربن، لە داڕوخانی دام و دەزگاكانی ئەو وڵاتەو نقومبوونی لەشەڕی ناوخۆ، هاوشێوەی سوریا و لیبیا و یەمەن، بەڵام فیكری توندڕە و هێزی تاریكپەرست، توانییان لەهەندێ ناوچەی ئەو وڵاتە جێ پێی خۆیان بكەنەوە، بەتایبەت لە ناوچەی سینای باکووری خۆرهەڵاتی ئەو وڵاتە، كە رێكخراوی داعشیش ویلایەتێكی تێدا راگەیاند، بەڵام تا ئێستا گەرای توندڕەویی و فیكری تاریك لەو وڵاتە ماوە.
ئێمە دەزانین میلیشیای چەكدار و توندڕەو هێزی ئاینی فیكرتاریك ویستیان تەواوی كۆمەڵگەی میسری لەدوای بەهاری عەرەبی كۆنترۆڵ بكەن، بەتایبەتیش دوای ئەوەی ئیخوانەكان دەسەڵاتیان گرتەدەست، بەڵام فیكری شارستانیانەی میسرییەكان و سوپای ئەو وڵاتە توانییان رێگریەكی باش لەو خاوەن فیكر و گروپە توندڕەوانە بكەن، كە ئەوەش تەواو ئەو هێزو گروپ و خاوەن فیكرانەی تووڕەو بێزاركردووەو لەهەر هەلێك دەگەڕێن بۆ گورزوەشاندن.
بۆیە دەبینین مونەزیڕ و كەسایەتییە توندڕەوەكان لەو وڵاتە هەردەم لە رێگەی لێدوان و دنەدانی گەنجانەوەو راكێشانی سۆزیان لەرووی ئاینیەوە، دژ بە حكومەتەكەی سیسی و سوپای ئەو وڵاتە، دەیانەوێت ئاڵۆزی و پشێوی دروست بكەن، هێرش و تەقینەوەكانی ناوچەی سینا و هەروەها شارە گەورەكانی میسر كە دژ بە سوپا و هێزە ئەمنییەكان و هەروەها قیبتییەكان كران، هۆكارەكەی لێدوانی كەسایەتییە توندڕەوەكانی ئەو وڵاتەیە، وەك چۆن هێرشەكەی سەرەتای ئەم هەفتەیەی ناوچەی سینا كە ژمارەیەك سەربازی تێدا كوژرا لەپاڵ چەندین بریندار، دەرهاویشتەی ئەو فیكرەیە.
لەو هێرشەی ئەم دواییە گروپێكی توندڕەو كردییە سەر یەكێك لە وێستگەكانی ئاو لە خۆرئاوای ناوچەی سیناو ژمارەیەك سەرباز رووبەروویان بوونەوە، 11 سەربازی میسری كوژران و ژمارەیەكی تریشیان لێ برینداربوو.
هێرشەكەش بێگومان، دوای شكستی ولایەتی سینای داعش لە میسر و پاشەكشەی هێزە ئیسلامییە توندڕەوەكان دێت لەو وڵاتە، كە بەردەوام لەهەل دەگەڕێن بۆ گورز وەشاندن لەهێزە ئەمنیەكان و دام و دەزگا و پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان و هەروەها مەسیحییەكانی میسر، بەمەبەستی نیشاندانی ماونەوە و توانایان.
ئێستا دوو ئاراستەی جیاواز لە ناو كۆمەڵگای میسریدا هەیە، كە یەكێكیان فیكری ئیسلامیی توندڕەوە و دەیان ساڵە لەو وڵاتەدا بوونی هەیە، لە پاڵ فیكری مۆدێرن و شارستانی و هەروەها ئیسلامی میانڕە و قیبتی و باقی كۆمەڵگای میسری، ئەوەش ململانێی زۆری لەناو ئەو كۆمەلگایەدا دروستكردووە، كە هەر لێدوان و تەنها زنجیرەی تەلەفزیۆنیش كاریگەری لەنێو ئەو كۆمەڵگایەدا بەجێ دێڵێت، وەكو چۆن چەند زنجیرەیەكی ئەم رەمەزانە دروستیان كرد، كە باس لە ساڵانی دوای بەهاری عەرەبی و گروپە چەكدارییە توندڕەوكانی سینا و هەروەهاحوكمی ئیخوانەكان لەمیسر دەكات .
وەكو وتمان كۆمەڵگەی میسری جیاواز لە كۆمەڵگە عەرەبییەكانی دەوروبەری، خاوەن شارستانییەت و فیكری كراوەیە، هەر ئەو فیكرەش توانی ببێت بە پاڵپشت بۆ سوپا و هەروەها دەسەڵاتی ئەو وڵاتە كە رێگربێت، لە نقومبوونی میسرییەكان لەزەلكاوی تیرۆر.

وتارەکانی نوسەر