كارتی بانكی و گرفتی دابەشكردنی مووچە

10:05 - 2024-03-17
هاشم غەمگین
212 خوێندراوەتەوە

ئاساییە لەهەر وڵاتێكدا چەندین خزمەتگوزاری تۆڕی كارتی بانكی هەبێت،هەر فەرمانبەر و هاووڵاتییەكیش سەربەست و ئازادە بەشداری چ خزمەگوزارییەكی كارتی بانكی دەكات،بۆئەوەی فەرمانبەران و كرێكاران مووچەكانیان بەشێوەیەكی مانگانە راستەوخۆ بۆ بگوازڕێتەوە سەر ژمێریاریی کارتی بانكییەكانیان.
خەڵكی لە ئەوروپا لەسەر بنەمای چالاكبوون و كارایی سیستمی بانكیی و ئاستی پێشكەوتن و خزمەتگوزارییەكانی بەشداری كردنەوەی حسابی بانكیی لە بانكەكان دەكەن،بەشداریكردن لە چ خزمەتگوزارییەكی کارتی بانكیی دیارییكراودا لەلایەن حكومەتەوە نییە،ئەوەی لە نێوان هەرێم و بەغدا دەگوزەرێت،تەنها دروستكردنی ئاستەنگە بۆ دابەشكردنی مووچەخۆرانی هەرێم لەكاتی دیاریكراوی خۆیدا.
لێرەدا بە چەند خاڵێك روونی دەكەینەوە كە باشترین سیفەت و خەسڵەتی خزمەتگوزاری کارتی بانكیی بۆ بەشداربووان دەستەبەر بكرێت ئەوەیە كە:
*مانگانە لە كاتی دیارییكراوی خۆیدا پارە بگوازێتەوە سەر حسابی مووچەخۆران.
*خێرا بێت لە گواستنەوەی پارە بۆ سەر حسابی بانكێكی دیكە.
*بنكە بانكییەكان دوو شەفت دەوام و كاركردنیان هەبێت،بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی بەشداربووان و كردنەوەی حساب بانكیی بۆیان
*بنكە و لقی لە هەموو شار و شارۆچكە و ناحیەیەكدا هەبێت.
*وێستگەی راكێشانی پارەی فراوان بێت و لە زۆربەی شوێنەكاندا هەبێت.
*سیستمەكەی لە ئامێری ئەلیكترۆنی (pos) دا جێگیر كرابێت، بۆئەوەی خەڵكی بتوانن لەڕێی کارتە بانكییەكانەوە، پارەی شمەك و كەلوپەل و كەرەستەكانیان بدەن.
*سیستمەكەی نێودەوڵەتی بێت،خەڵكی بتوانن لە وڵاتێكی تردا بەكاری بهێنێن.
*سیستمەكەی باوەڕپێكراو و جێی متمانە و دڵنیایی بێت،پارەكانیان پارێزراو بێت لە فەوتاندن.
*خەڵكی بتوانن پارەی باج و قەرزەكان لەڕێی کارتە بانكییەكانەوە بداتەوە.
*خەڵكی بتوانن بەشێوەی ئۆنلاین مامەڵەی كڕین بكەن.
*بانكەكان دەبێت وێپ سایت و ئەپی مۆبایلی تایبەت بە خۆیان هەبێت لە هەردوو سیستمی ئەندرۆید و ئای ئۆ ئێسدا جێگیركرابێت،بۆئەوەی بەئاگابن لەچۆنێتی خەرجكردنی پارەكانیان و لەچ كات و شوێنێكدا.
*لەگەڵ پێشكەشكردنی داواكاری كردنەوەی حساب بانكی و وەرگرتنی کارتی بانكیدا،دەبێت پەرتووكی ڕێنمایی چۆنێتی بەكارهێنانی کارتی بانكی بە بەشداربوان بدرێت.
خەڵكی لە ئەوروپادا سەرپشكن لەوەی بەشداری چ كارتێكی بانكیی دەكەن،بۆ ئەوەی مووچەی مانگانەی بۆ بگوازرێتەوە سەر ژمێریارییەكەی. لە ئێستادا وەزارەتی دارایی عیراق ماوەی مانگێكی دیاریكردووە بۆ ئەوەی فەرمانبەرانی هەرێم حساب بانكییان لە بانكەكانی ژێر هەژموونی خۆیاندا بۆ بكەنەوە، وەك كی کارتی بانكی رافیدەین و کارتی بانكی رەشید،بەبێ ئەوەی بنكەی بانكیی ئەو بانكانە بنكە و لقیان جگە لە شارەكان، لە ناوچەكانی دیكەدا هەبێت،ئەمەش ناڕەزایی و گلەیی و گازندەی لێدەكەوێتەوە،بیانوو و هۆكارێكە مووچە لەكاتی خۆیدا نەدرێت و دوابكەوێت.

وتارەکانی نوسەر