گۆڕینی پاسەکان بڕیارێکی دروستە

11:03 - 2024-11-13
هاشم غەمگین
78 خوێندراوەتەوە

هاشم غەمگین


ئێستا باسی ئەوە لە ئارادایە کە پاسی نوێ بۆ هێڵەکانی گواستنەوەی ناوشاری سلێمانی بهێنرێت، ئەمەش بڕیارێکی دروستە و پێویستە تەواوی شار و شارۆچکەکان بگرێتەوە، لەبەرئەوەی زۆرێک لەو پاسانەی لەناو شار و شارۆچکەکاندا کار دەکەن، مۆدێلیان کۆنە و هی ساڵانی هەشتاکانە، سەرباری ئەوەی دیمەنێکی جوان نابەخشێت و لەگەڵ ئەو پێشکەوتن و دەستکەوتانەی بەدیهاتوون ناگونجێت، هاووڵاتیان شیاوی ئەوەنین بەو جۆر و مۆدێلی پاسانە بگوازرێنەوە، لە هەمانکاتدا لە زۆربەی ناوچەکاندا هاووڵاتیان بە گواستنەوە و هاتوچۆکردن بەو پاسە کۆنانە نیگەرانن، لەبەرئەوەی، پاسەکان لە قەبارەدا بچووکن و شوێنی دانیشتنی سەرنشینان تەسک و ئاڵۆزە، هۆکارەکانی گەرمی و ساردکەرەوەی تێدانییە و کەشوهەوای ناوچەکەش وا هەڵکەوتووە کە هاوینی وشک و گەرمە و زستانی سارد و باراناوییە، پاسەکان کوالێتییان نزمە و لە کاتی رۆشتندا دەنگ و دوکەڵی هەیە و دەبێتە هۆی پیسبوونی ژینگە و بێزارکردنی سەرنشینان.
پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان پاسی نموونەیی و گەورە و فراوانی کارەبایی بهێنێتە ناو هەرێم و بە شێوەی قیستی درێژخایەن بدرێت بەو شۆفێرانەی تائێستا لە هێڵەکانی گواستنەوەی گشتیدا کاردەکەن، هەروەها قیستەکەش بەجۆرێک بێت شۆفێران توانای دانەوەیان هەبێت.
بە مەبەستی ئاشنابوون بە سیستمێکی هاتوچۆی رێکوپێک، نموونەی هۆڵەندا دەخەینەڕوو، شێواز و تایبەتمەندی پاسەکانی گواستنەوەی شار و شارۆچکەکانی هۆڵەندا گەورە و کارەبایی و دوو دەرگایە، دەرگای لای شۆفێرەکە تەنها بۆ سەرکەوتنە و دەرگای ناوەڕاستی پاسەکە بۆ دابەزینی سەرنشینان تەرخانکراوە، هەروەها کۆنترۆڵی کردنەوە و داخستنی دەرگاکان لەلای شۆفێرە و تەنها ئەو دەتوانێت مامەڵەی لەگەڵدا بکات.
چۆنێتی پارە وەرگرتن وەک لای خۆمان نییە کۆبکرێتەوە و ژاوەژاو دروست بێت، بەڵکو هەر کەسێک سەردەکەوێت، راستەوخۆ بە دەستیی بێت یان ئەلیکترۆنی پارە بە شۆفێرەکە دەدات و بلیت وەردەگرێت، بەو بلیتە هاووڵاتی دەتوانێت بۆ ماوەی یەک سەعات بە پاس هاتوچۆ بکات.
پاسەکان لە ماوەی هەر 15 خولەکێکدا دەگەن بە وێستگەکان، بۆ هەڵگرتن و دابەزینی سەرنشینان، لەناو پاسەکاندا لە تەنیشت هەر کوشنێکدا دوگمەی زەنگلێدان هەیە، بۆ ئاگادارکردنەوەی شۆفێرەکە، بۆ راوەستان و بوونی دابەزینی سەرنشینان لە وێستگەکاندا.
هەر پاسێک بۆ چەند شوێنێکی دیاریکراو دەڕوات و ژمارەی تایبەتی خۆی هەیە، بۆ بە ئاگابوونی هاووڵاتیان لە بەشی پێشەوەی پاسەکە، شاشەیەکی ئەلیکترۆنی هەیە کە ژمارە و ناوی شوێنی رۆیشتووی پاسەکەی تێدا دەنوسرێت، هەروەها پاسەکان تەنها لەو وێستگانەدا دەوەستن کە بۆیان دیاریکراوە.
ئەگەر جێگەی دانیشتن لەنێو پاسەکاندا نەبێتەوە، رێگە پێدراوە هاووڵاتیان سەربکەون و بەپێوە بوەستن، لەبەرئەوەی شوێنی دەست پێوەگرتن لەنێو پاسەکاندا دەستەبەر کراوە، هەروەها شێوازی پاسەکانی ناو شار و شارۆچکە و گوندەکان، یەک جۆر و رەنگ و مۆدێل و تایبەتمەندییان هەیە.
وێستگەی سەرەکی پاسەکان کەوتووەتە سەنتەری شارەوە، کە گۆڕپانێکی گەورە و فراوانی قیرتاوکراویان بۆ تەرخانکراوە، هەروەها شوێنی حەوانەوە و ئاڵوگۆڕکردنی شۆفێرەکان لەو وێستگانەدا هەیە، پاشان شاشەیەکی گەورەی ئەلیکترۆنی هەڵواسراوە، کە کات و ژمارە و شوێنی گواستنەوەی پاسەکانی تێدا نمایش دەکرێت، لە هۆڵەندا شۆفێران بە مووچەی مانگانە لە هێڵەکانی پاسدا کار دەکەن، هەروەها بۆ ئاگاداری هاووڵاتیان، چۆنێتی کارکردن و کاتی هاتنی پاسەکان بە خشتەیەکی چاپکراو لە هەموو وێستگەکاندا دانراوە.
پێویستە لەسەر وەزارەتی گواستنەوەی حکومەتی هەرێم گواستنەوەی گشتی بە شێوازێکی نموونەیی و سیستم و سەردەمیانە بۆ هاووڵاتیان رێکبخات.

وتارەکانی نوسەر