ئاکاری کەسابەت و پڕەنسیپی نرخی کاڵا

09:53 - 2024-03-19
وتار
104 خوێندراوەتەوە

ئارێز حسێن

پابەند بوون بە پڕەنسیپی بازاڕ و نرخی کاڵاکان بە هەموو جۆرەکانییەوە لە هەرێمی کوردستاندا، هێندەی وابەستەی مەزاج و ئاکار و ئەخلاقی تاکە کەسییە، هێندە پابەندیی نییە بە یاسا و رێسا و رێنمایی و حکومەت و دەزگا پەیوەندیدارەکانەوە.

یەکێک لەو گرفتانەی کڕیار لەم هەرێمەی ئێمەدا پێوەی دەناڵێنێت، مامەڵە کردنە لەگەڵ مەزاجی فرۆشیارەکان لە فرۆشیاری کاڵاکان لە پیکابێکی گەڕۆکەوە تا دەگاتە فرۆشیاران لە مۆڵ و مارکێتە گەورەکاندا. جگە لەوەش بۆنە ئایینی و نەتەوەییەکان و ئاستی خواست لەسەر کاڵایەکی دیاریکراو لە رۆژێک یان وەرزێکی دیاریکراودا فاکتەرێکی دیکەی ئەو مەزاجەن کە کڕیارانی تووشی نیگەرانی کردووە.
زۆر جار بەو پێیەی حکومەت یان وردتر وەزارەتی بازرگانی خۆی رۆڵی نییە لە هاوردەکردنی کاڵادا، یاخود زۆربەی کاڵای ئێمە هاوردەیە و لە دەرەوەی سنوورەکانەوە بە دراوی بیانی دەهێنرێن و دراوە بیانییەکانیش لە هەڵبەز و دابەزی بەردەوامدان، ئەوا یاریکردن بە نرخی کاڵاکان لە دەرەوەی خواستی فرۆشیارەکانە، بەتایبەتی فرۆشیارە لاوەکییەکان، بەڵام زۆرجاریش لێنەپرسینەوە، جیاوازیی کرێی دوکان و مارکێت و شوێنەکانی فرۆشتنی کاڵا رۆڵ دەبینن لە جیاوازیی نرخەکاندا.
لە هەمووی خراپتر ئەو جیاوازیی نرخەیە کە بەهۆی قۆستنەوەی خواستی کڕیارەوە لەلایەن فرۆشیارانەوە لە ناوچەیەکی دیاریکراودا گەمەیان پێ دەکرێت.
بۆ نموونە، زۆرێک لە فرۆشیارانی کاڵاکانی تایبەت بە مانگی رەمەزان وەک خورما، میوە، سەوزەوات و شیرینی و...هتد زۆر بەئاسانی دەرفەتی رەمەزان دەقۆزنەوە و هەموو ئەو کاڵایانە گران دەکەن بەو پییەی دەزانن خواستی زۆریان لەسەرە، یاخود لە بۆنەی سەروبەندی جەژنەکاندا هەندێک قوماش، نوقڵ، شەربەت و پێداویستی هەن کە بەرلەو بۆنەیە نرخەکەی هەزار تا دوو هەزار دینار کەمتر بووە، بۆ مەترێک، یان کیلۆیەک، یان هەر یەکەیەکی پێوانەیی دیکە، بەڵام لەگەڵ نزیکبوونەوە لە بۆنەیەکی دیاریکراو ئەو گەمە کردنە بە نرخەکان دەستپێدەکات.
دەمەوێت لێرەدا یەک نموونەی زۆر سادە باس بکەم کە بەسەر خۆم هات، چەند رۆژێک لەمەوبەر فرۆشیارێکی دەستگێڕ لە شەقامی مەولەوی سلێمانی چەتری دەفرۆشت و هاواری دەکرد (بە دوو هەزار شازی چەترت بەمێ)، رۆژی دواتر بە رێکەوت لە هەمان شوێنەوە تێپەڕیم بارانێکی بەخوڕ دەباری، بینیم دەوری قەرەباڵغە، منیش هەر وەک فزوولی پرسیاری نرخی چەترەکەم لێکرد، یەکسەر وتی: (مامۆستا بەلاشە بە سێ هەزار!).
لێرەدا گرفتەکە ئەوەیە کە بەڵێ حکومەت چاودێریی نییە، بەڵێ حکومەت زەبت و رەبتی راگرتنی نرخی نییە، بەڵێ هیچ پڕەنسیپ و یاسایەک نییە جیاوازیی لە نێوان نرخ لای دەستگێڕێک و خاوەن مارکێتێک دیاری بکات کە یەکەمیان هیچ باج و رسوماتێک نادات و ئەوی تریان کرێی کارەبا و شارەوانی و تابلۆ و باجی دەرامەت و...هتد-ی لێ دەسەنرێت، بەڵام گرفتە هەرە سەرەکییەکە نەبوونی ئاکاری کەسابەت و چاودێریی ویژدانیی خودە لەناو تاکەکانی کۆمەڵگەدا، لەکاتێکدا ئەگەر لێپرسینەوەش هەبێت، پێش دەستگێڕەکە دوکاندارەکە دەگرێتەوە. 

وتارەکانی نوسەر