خوێندنی باڵا و کێشەی مووچە

08:38 - 2022-05-12
عەتا تەها
749 خوێندراوەتەوە

پەیکەری هەر حکومەتێک لەسەر کۆمەڵێک بنەمای زانستی و لە چوارچێوەی دەستوور و یاسا و رێسای تایبەتمەندی ئەو وڵاتەدا بە رەچاوکردنی کەلتوور و داب و نەریتی کۆمەڵگە و پاراستنی بەرژەوەندی گشتی رێکدەخرێت و دادەمەزرێت، هەڵبەتە حکومەتەکان جیاوازن چ لە رووی ژمارەی وەزارەت و چ لە رووی ژمارەی دانیشتوان، بەڵام دەبێت ئەوەشمان لەبیر نەچێت، لە جیهانی دیموکراسی و پێشکەوتوودا ئەوە بەدی دەکرێت کە ژمارەی وەزیرەکان لە کابینەکاندا ئێجگار کەمە و بە شێوەیەک رێکخراوە کە زۆرترین سێکتەرەکانی بەڕێوەبردنی وڵات خراوەتە چوارچێوەی یەک وەزارەتەوە، تەنها بەئامانجی ئەوەی خەرجی زۆر نەکەوێتە ئەستۆی حکومەت،  یان بەشێک لە دەسەڵاتەکان لای ئەنجومەنی شارەوانییەکانە، وەک دابینکردنی شوێن و بینای زەبەلاح و رۆتینیاتی تری ئابووریی و پێداویستییە هەمەجۆرەکانی وەک ئۆتۆمبیل و کەرەستە و ئامێرەکان بۆ ئەوەی باری سەرشانی حکومەت قورستر نەکات و بە کەمترین تێچوو سیستمی بەڕێوەبردن و کارگێڕیی بەڕێوەبچێت. 
کاتێک باسی سێکتەرێکی گرنگی وەکو وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی دەکەین، ئەوا پێویستە لە گۆشە نیگای جیهانەوە رۆڵ و گرنگی ئەم سێکتەرە بخرێتە بەر باس و لێکۆڵینەوە، بۆ ئەوەی بزانرێت کەرتی خوێندنی باڵا داینەمۆی زانست و پێشکەوتن و گەشەکردنی وڵاتە.
دەکرێت هەندێک جار لەبەر قەیران و ئاستەنگی ئابووری وەزارەتەکان تێکەڵ بەیەک بکرێت و  یەک بخرێتەوە، بەڵام وەزارەتی خوێندنی باڵا یەکێکە لەو وەزارەتانەی کە هەمیشە سەربەخۆیە و تێکەڵ بە هیچ وەزارەت و دەستەیەکی تر ناکرێت، خۆ ئەگەر حکومەتێک توانای بەڕێوەبردنی نەبێت ئەوا دەتوانێت بە کەمکردنەوە و یەکخستنی هەندێک لە دامودەزگا هاوشێوەکان  ئاستەنگی بەردەم کابینەکە کەم بکاتەوە.
جەژنانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ جەژنی رەمەزان برسی کردنی فەرمانبەر و کارمەندان و مامۆستایانی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بوو، بە پێنەدانی مووچە و شایستە دارییەکانیان کە چەندین رۆژیش لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا تێپەڕی بوو، لەکاتێکدا کە ئەم کەرتە سەرچاوەی سەرەکی کۆی زانستە جیاوازەکانی وەک پزیشکی و ئەندازیاری و میکانیکی و تەواوی سێکتەرەکانی تری خوێندنە کە سەرچاوەی بەرهەمهێنان و پێگەیاندنی کادرە بۆ تەواوی سێکتەر و وەزارەت و دامودەزگاکانی تری حکومەت، یاخود روونتر بڵێین هەموو دامودەزگا دەوڵەتییەکان پشت بە بەرهەمی مرۆیی خوێندنی باڵا دەبەستێت بۆ پڕکردنەوەی میلاکی فەرمانگەکانی تری دەوڵەت، پێنەدانی مووچە لەکاتی خۆیدا کە دواجار لایەنی سلبی تری بەدوادا دێت چونکە لە ئێستادا کاتی تاقیکردنەوەی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکانە لە هەرکاردانەوە و ئەگەری بایکۆتکردنی مامۆستایان و فەرمانبەران، ئەوا خوێندکاران باجەکەی دەدەن و هاوکات بە زیانی زانست و رۆشنبیری دەشکێتەوە .

وتارەکانی نوسەر