له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
بۆ كۆڕێك ده‌رباره‌ی نه‌ورۆز، له‌سه‌ر خواستی هاوڕێیان چووینه خورماتوو، ئێمه له‌وێ باسی نه‌ورۆزمان كرد وه‌ك جه‌ژنێكی ئایینی نه‌ته‌وه‌یی سروشتی كورده‌واریانه، به‌بۆنه‌ی زه‌بر و زه‌نگ كه‌وتنی زستانی و گیر و گازی كوردستان و هه‌روه‌ها دواتر دژی سته‌می سته‌مكاران، ئاینییش به‌و مانایه‌ی پێده‌چێت سه‌ره‌تای جه‌ژنه‌كه په‌یوه‌ندییه‌كی راسته‌وخۆی به نیشتنه‌وه‌ی لافاوه‌كه‌وه هه‌بێت، كاتێك به‌له‌مه‌كه له‌سه‌ر چیای جودی له‌نگه‌ر ده‌گرێت و پێغه‌مبه‌ر نوح و هاوڕێكانی ده‌رباز ده‌بن، دیاره هه‌ر ئه‌وكات ئاگر وه‌ك هێمای ئاگاداركردنه‌وه و په‌یامناردن كراوه‌ته‌وه، هه‌ندێك له‌سه‌ر ئه‌فسانه‌كه‌ش وه‌ستاین، هه‌روه‌ها باسی نه‌ورۆزمان له شیعری كوردیدا هێنایه نێو باسان، به‌تایبه‌تی له‌و باره‌وه حه‌زره‌تی خانی زێتر له 350 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر دبێژت پیر و كه‌ونه‌ساڵ و پڕساڵ و كۆساڵی ئێمه ده‌گێڕنه‌وه له رۆژی نه‌ورۆزدا كه‌س له ماڵ نه‌ماوه‌ته‌وه و پیر و جوان و منداڵ بۆ جه‌ژن و پیرۆزبایی و ئاهه‌نگ چوونه‌ته ده‌ر و ده‌شت.
كۆڕه‌كه گه‌رم و گوڕ بوو، ئه‌وه‌ی سه‌رنجی منی په‌لكێشكرد گوێگرتنی هه‌موان له قسه‌وباسه‌كه و دواتر به‌شداریی ئاماده‌بوان بوو به سه‌رنج و تێبینییه ورده‌كانیان، دیاره به‌گشتیش گازنده‌ی ئه‌وه‌یان بوو كه ته‌وژمێكی نه‌یار به جوانی و ره‌نگاوره‌نگی و ئاڵ و واڵای كورد ده‌یانه‌وێت له نێوان ئه‌و جه‌ژنه هه‌میشه و به‌ردوامه و كورددا له‌مپه‌ر و دیوار چێ بكه‌ن. راسته ئه‌وڕۆ له‌سه‌ر باره‌گای حزبه كوردستانییه‌كان و ناوه‌ند و رێكخراوه كوردییه‌كان ئاڵای كوردستان و ئاڵای حزبه‌كانیش نابینرێت، به‌ڵام كوردبوون له ئاستێكی باڵادایه، كوردبوون له‌وێ ئاڵنگاری و بوونه، من جگه له‌سه‌ر باره‌گای به‌ره‌ی توركمانی كه ئاڵایه‌كی به‌ره‌ی به سه‌ره‌وه‌بوو له‌سه‌ر دارتێلێكی نزیك باره‌گاكه‌ش ئاڵایه‌كی گه‌وره‌ی به‌ره هه‌ڵدرابوو، به‌ڵام هی خۆمان نا هه‌قه ئه‌و گازنده و ده‌رده دڵه ببه‌ینه سه‌رۆكایه‌تی كۆمار و لای نوێنه‌رانی به‌غدا گه‌لۆ سه‌ردانێكی خورماتووش بكه‌ن.
وه‌ك سه‌رجه‌م ناوچه دابڕێنراوه‌كانی دیكه له خورماتووش هه‌ستم به‌و گیانی لێبوورده‌یی و توله‌رانسه كوردییه كرد، كه چه‌ند تینووی پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتیانه و هه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ڕه‌ی نوێن له ته‌ك ئه‌وانی تردا، باشه ئه‌وه جێی هه‌ڵوێسته نییه كورد كه قوربانی یه‌كه‌می نێو ئه‌و سته‌مكاریه دیرۆكییه‌ی ناوچه‌كه‌یه و به‌رده‌وامیش به‌رخودانی كردووه، به‌ڵام هه‌رگیز ده‌رگای ئاشتی و پێكه‌وه‌ژیانی پێوه نه‌داوه؟ پێناچێت ئه‌مه‌شی له ترس و هه‌تره‌ش چوونه‌وه بووبێت، خۆ ئه‌گه‌ر وا با، ئه‌و كز كز داده‌نیشت و هه‌رگیز خه‌باتی خۆخاوه‌نی نه‌ده‌كرد، كه ئه‌وه‌تا ساڵ به ساڵ گه‌رم و گوڕتر ده‌بێت، لێ به شێوه و شكڵی جیا جیا.
هه‌رچه‌نده نه‌یاری نه‌ورۆز و ئه‌و بۆنه پیرۆزه كار بۆ كاڵكردنه‌وه‌ی ئه‌و جه‌ژنه ده‌كه‌ن و پرسی گوناه و گوناهباری ده‌ده‌نه پاڵی، به‌ڵام ئه‌و جۆشان و خرۆشانه كوردییه‌ی نه‌ورۆزی كردۆ‌ته بیانووی بوون و مانه‌وه و به‌رده‌وامی، به ئاسانی ده‌ستبه‌رداری ئه‌و پیرۆزییه نابێت، بۆ تاریكی و كوێربوونه‌وه‌ی وه‌جاخ.