وتاری رادەربڕین

غەزە و گەڕان بە دوای هیوادا

09:43 - 2024-03-27
فەرید ئەسەسەرد
100 خوێندراوەتەوە

جەنگی غەزە جارێكی تر تیشكی خستەوە سەر كێشەی فەلەستینییەكان و ئەوەی بە بیری جیهان هێنایەوە كە مانەوەی ئەم كێشەیە بە هەڵپەسێراوی، كاریگەریی خراپی لێ دەكەوێتەوە و دەبێتە مایەی هەڕەشە بۆ سەر ئاشتی لە ناوچەیەكدا كە گرنگی تایبەتی بۆ هەموو جیهان هەیە. 
بە بەراورد لەگەڵ ئەو مەینەتییەی كە لە ساڵی 1948 دا بەسەر فەلەستینییەكاندا هات، مەینەتی ئەمجارە كاریگەرتر و گەورەترە.
هێرشی فڕۆكە جەنگییەكان و پەلاماری درۆنەكان و تۆپبارانی خەست و وێرانبوونی شارەكان، ئەوەی لە بیر جیهان بردۆتەوە كە لە نێوان ئیسرائیل و فەلەستینییەكاندا رێكەوتننامەیەكی هەڵپەسێردراوی ئاشتی هەیە كە 31 ساڵە چاوەڕێی جێبەجێكردن دەكات.
لە دوایین دەیەی سەدەی بیستەمدا، یاسر عەرەفات سەرۆكی رێكخراوی رزگاریی فەلەستین و ئیزهاك رابین سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، پاش دانوستانێكی دوورودرێژ لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج گەیشتن بە رێكەوتنی كۆتایی بۆ چارەسەركردنی كێشەی نێوان فەلەستینییەكان و ئیسرائیل. 
لە ساڵی 1993  دا یاسر عەرەفات وەك نوێنەری فەلەستینییەكان و شیمۆن پێریز وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، بە ئامادەبوونی ئیزهاك رابین لە واشنتۆن لە بەردەم سەرۆكی ئەمریكا بیل كلنتۆن رێكەوتننامەی ئاشتیی ئۆسڵۆیان واژۆكرد. 
بەپێی رێكەوتنەكە، فەلەستینییەكان دانیان بە دەوڵەتی ئیسرائیلدا نا، ئیسرائیلیش دانی بەوەدا نا كە رێكخراوی رزگاریی فەلەستین نوێنەرایەتی فەلەستینییەكان دەكات.
کۆبوونەوەکەی ئۆسلۆ مێژوویی بوو
ئۆسڵۆ دەرفەتێكی مێژوویی بۆ دەستەبەركردنی ئاشتی پێكهێنا و لەم سۆنگەیەوە هەر سێ پاڵەوانی ئاشتی، یاسر عەرەفات و ئیزهاك رابین و شیمۆن پێرێز خەڵاتی ئاشتی نۆبڵیان وەرگرت.
بەپێی ئەوەی هەردوولا لەسەری رێكەوتن، بڕیاردرا كۆتایی بە روبەڕوبوونەوەی چەكداری بێنن و لەم رووەوە دەرفەت درایە فەلەستینییەكان كە ئەنجومەنی یاسادانان پێكبهێنن و لە قۆناغی راگوزەردا حكومەتێكی ئۆتۆنۆم لە غەزە و ئەریحا پێكەوە بنرێ. 
بڕیاریش درا ئیسرائیل بەپێی هەردوو بڕیاری 242 و 338ی ئەنجومەنی ئاسایش، قۆناغ بە قۆناغ لە ناوچە فەلەستینییەكان بكشێتەوە. هەروەها هەردوولا بڕیاریاندا كێشەكانی سنوور، قودس، ئاوارەكان و نشینگەكان بۆ كۆتا قۆناغی دانوستان بهێڵنەوە.
بەڵام توندڕەوەكانی هەردوولا رێكەوتننامەی ئۆسڵۆیان رەتكردەوە. لە فەلەستینییەكان، هەردوو رێكخراوی  حەماس و جیهادی ئیسلامی و گروپە چەپەكانی جۆرج حەبەش و نایف حەواتمە دژی وەستانەوە و عەرەفاتیان بە خۆفرۆش لەقەڵەمدا و بەوە تاوانباریان كرد كە دەستبەرداری (78 %) ی خاكی فەلەستین بووە بۆ جولەكە. 
لە بەرامبەردا، لە ئیسرائیلیش بنیامین نەتەنیاهو و هەموو حزبە ئاینییەكان رەتیان كردەوە و رابینیان بە خۆفرۆش دانا. 
لە ساڵی 1995 دا توندڕەوێكی جولەكە بە ناوی ئیگال عامیر لە ژێر گوشاری گوتاری توندی حاخامە  توندڕەوەكاندا رابینی تیرۆر كرد و لێرە بەدواوە گرژی و توندوتیژی باڵی بەسەر پەیوەندیی جولەكە و فەلەستینییەكاندا كێشا و پڕۆسەی ئاشتی پەكی كەوت.

 

ئەمڕۆ وەكو دوێنێیە، گوتاری رق و كینە لە ناو توندڕەوە جولەكە و فەلەستینییەكاندا وەكو جاران، گەرم و گوڕ و بەتین و تاوە و هەمیشە زمانی زبرە و كرداری زبرترە

 

زمانی زبر و توندڕەویی زاڵە
ئەمڕۆ وەكو دوێنێیە، گوتاری رق و كینە لەناو توندڕەوە جولەكە و فەلەستینییەكاندا وەكو جاران، گەرم و گوڕ و بەتین و تاوە و هەمیشە زمانی زبرە و كرداری زبرترە، ساڵی پار نووسەری ئیسرائیلی دورون ویبەر لە وتارێكدا لە رۆژنامەی (هائارێتس) بەرپەرچی هەوڵەكانی نەتەنیاهوی دایەوە كە لەو كاتەدا سەرقاڵی پووكاندنەوەی دەسەڵاتی دادوەری بوو، ئەوەی بە بیری خوێنەراندا هێنایەوە كە نەتەنیاهو خۆی و دیندارە جولەكە توندڕەوەكان بوون لە پاش رێكەوتننامەی ئۆسلۆ لاوان و شەقامیان دژی رابین هاندەدا تا لە كۆتاییدا بە تیرۆركردنیان دا. 
هەموو ئەوانەی رێكەوتننامەی ئۆسلۆیان لەباربرد، لەوانە نەتەنیاهو و حەماس و جیهادی ئیسلامی و ئیتمار بن گڤیری وەزیری ئەمڕۆی ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل، ئەمڕۆ هەمان رۆڵ دەبینن.
لە هەردوولادا چارەنووسی ململانێكە بەدەست توندڕەكانە كە شەقام دەجووڵێنن و پشت بە مێژوی دێرین و دەقە پیرۆزەكان، دەبەستن و گوتاری  وروژێنەر بەكاردێنن و گوێ نادەنە چارەنووسی هاووڵاتییەكانیان. ئەمەش كێشەكە ئاڵۆزتر دەكات و دەرفەت بۆ دۆزینەوەی دەریچەیەكی گونجاو بۆ ململانێكە ناڕەخسێنێ. 
چارەسەر گەڕانەوەیە بۆ رێكەوتننامەی ئۆسلۆ كە ئەمەش تەنها پاش دەمكوتكردنی گوتاری رق و كینەی توندڕەوەكانی هەردوولا دێتە دی.

وتارەکانی نوسەر