شریت

كامه‌یه‌ تێكستی‌ باش؟!

10:33 - 2024-03-27
مەریوان مەسعود
250 خوێندراوەتەوە

(44)

له‌باره‌ی‌ شیعری‌ گۆرانییەوە‌ بۆچوونی‌ زۆر شاعیری‌ دیار و به‌ سه‌لیقه‌م وه‌رگرتووه‌، زۆربه‌یان پێیان وایه‌ شیعری‌ گۆرانی‌ چ وه‌كو تێكست و چ وه‌كو فانتازیا زۆر لاوازه‌ به‌به‌راورد به‌شیعری دیكه‌، چونكه‌ ئه‌و وشانه‌ی‌ له‌ شیعری‌ گۆرانی‌ هه‌یه‌، زۆر ساده‌ن و پشتیان به‌ وه‌زن و قافیه‌ به‌ستووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ گۆرانیبێژ له‌ كاتی‌ ئه‌داكردنی‌ ئاسانتر بتوانێت ده‌ریببڕێت و ناوه‌ڕۆكێكی‌ قووڵیان نییه‌.
 جگه‌ له‌مه‌ش پێیان وابوو، شاعیری‌ (شیعری‌ گۆرانی‌) ده‌بێت تایبه‌تمه‌ندی‌ وه‌ربگرێت، نه‌ك ئه‌مڕۆ شیعرێكی‌ گۆرانی‌ بنووسێت و به‌یانی‌ شیعرێكی‌ ئاسایی و ئازاد بنووسێت، یان شیعرێكی‌ نیشتمانی بنووسێت. 
بێگومان ئه‌م بۆچوونانه‌ی‌ سه‌ره‌وه‌ له‌وانه‌یه‌ گفتوگۆیه‌كی‌ زۆر هه‌ڵبگرێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌ گریمانه‌یی ئه‌و بۆچوونانه‌ش راست بێت، ئه‌وه‌ ده‌بێت ئه‌وه‌مان بیر بێت كه‌ شیعری‌ گۆرانی‌، چونكه‌ له‌ رێگه‌ی‌ ده‌نگی‌ گۆرانیبێژێك و تیپێكی‌ میوزیكه‌وه‌ وشه‌كانی‌ ده‌گاته‌ وه‌رگر، بۆیه‌ شتێكی‌ حاشا هه‌ڵنه‌گره‌ شیعره‌كه‌ كاریگه‌ری زیاتره‌ له‌ جۆره‌كانی‌ شیعری‌ دیكه‌، چونكه‌ هه‌ست و سۆزی‌ شیعره‌كه‌، له‌و كاتانه‌دا ته‌نیا هی‌ شاعیره‌كه‌ نابێت، به‌ڵكو هه‌ست و ئه‌دا و ده‌نگی‌ گۆرانیبێژێكیشی‌ تێكه‌ڵ ده‌بێت و تیپێكی‌ میوزیكیش هاوكاره‌ بۆ باشتر و جوانتر گه‌یاندنی‌ ناوه‌ڕۆكی‌ شیعره‌كه‌. واته‌ هه‌موو كاره‌كته‌ره‌كانی‌ نێو بابه‌ته‌كه‌ (شاعیر، گۆرانیبێژ، میوزیك) له‌ خزمه‌تی‌ گه‌یاندنی‌ تێكستی‌ شیعره‌كه‌دان بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌ كاریگه‌رترین شێوه‌ بگاته‌ وه‌رگر. 
له‌ راستیشدا، به‌ درێژایی مێژووی‌ ئه‌ده‌ب، هه‌میشه‌ ئه‌و شیعرانه‌ به‌ نه‌مریی و یان زۆر ده‌مێننه‌وه‌ له‌سه‌ر وێردی‌ خه‌ڵكی‌، ئه‌و شیعرانه‌ن كه‌ ده‌بنه‌ گۆرانی‌ و سروود، چونكه‌ وشه‌كان زیاتر ده‌چێته‌ ناخی‌ وه‌رگره‌كان و ئه‌مه‌ش وا ده‌كات شیعره‌كه‌ نه‌مر بێت. 
بۆ نموونه‌، له‌وانه‌یه‌ زۆربه‌ی‌ شیعره‌كانی‌ كه‌ نه‌مران (حه‌سه‌ن زیره‌ك، ماملێ‌ و هی‌ تریش) كردبێتیان به‌ گۆرانی‌، ئه‌گه‌ر له‌ رێگه‌ی‌ ده‌نگی‌ ئه‌وانه‌وه‌ نه‌بوایه‌، ئێستا نه‌ك ده‌قه‌كان، به‌ڵكو یه‌ك وشه‌ش له‌ شیعره‌كان نه‌ده‌مایه‌وه‌.
له‌م روانگه‌یه‌وه‌ من پێموایه‌، شیعری‌ گۆرانی‌ زۆر جوانمان هه‌یه‌، دیارترینیان له‌و سه‌رده‌مه‌دا له‌وانه‌یه‌، شیعره‌كانی‌ (ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د) بێت، به‌ڵام زۆر تێكستی‌ لاوازیشمان هه‌یه‌ كه‌ كراونه‌ته‌ گۆرانی‌ به‌داخه‌وه‌ ئه‌گه‌ر وه‌كو تێكستێكی‌ سه‌ربه‌خۆ سه‌یری‌ بكه‌یت و دایماڵی‌ له‌ گۆرانی‌ و میوزیك، جگه‌ له‌ ریزكردنی‌ هه‌ندێك وشه‌ی‌ بێ‌ ته‌رتیب و بێ‌ ئاست هیچی‌ تر نییه‌ !.
ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنێت، كه‌ تێكستی‌ باش ، جا شیعری‌ گۆرانی‌ بێت، یان شیعری‌ غه‌یره‌ گۆرانی‌، هه‌میشه‌ وه‌رگری‌ باش و به‌ سه‌لیقه‌ ده‌یانناسێته‌وه‌، جا به‌ گۆرانی‌ و میوزیك بێت، یان به‌بێ‌ ئه‌وان.

وتارەکانی نوسەر