کەرکوکیانە

کەرکوک و کۆڕەو

09:46 - 2024-04-02
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج
100 خوێندراوەتەوە

راستیەکەی نیازدار بووم بۆ ئەمجارە لەسەر بابەتی پێکەوەبوون و پێکەوە نەبوونی کەرکوکییەکان بنووسم، کەرکوکییەکان لە مزگەوت و بازاڕ و چایخانە و قوتابخانە و گەڕەک وشوێنە گشتییەکان، کێشەیەکی ئەوتۆیان نییە و پێکەوەن و پێکەوە هەڵدەکەن، کێشە لە بارەگا سیاسیەکاندایە کە هەندێکیان لە شوێنی دوورترەوە ئاراستە دەکرێن و هەر لەو دوورەشەوە رێنمایی دەکرێن کەچی بکەن و چۆن، لەگەڵ کێ بن و لەگەڵ کێ نەبن، لێ کە رۆژانی کۆڕەو و جێهێشتنی کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکانی دیکەم بیرکەوتەوە، هاتمە سەر ئەوەی جێی خۆیەتی لەم بۆنەیەدا ئاوڕ لە کەرکوک و کۆڕەو بدەینەوە.
لەکۆڕەودا هەرە زۆری کوردی کەرکوک رێی هات و نەهاتیان دایە بەرو دوای چەند رۆژێکی کەم لە ئازادی دەر و دراوسێ، لەڕێی چەمچەماڵ و پردێوە بەچاوی پڕ فرمێسکەوە پشتیان کردە شار و روویان کردە نادیار، ترسی کەرکوکییەکان زیاتربوو لە ترسی ئەوانی تر لەبەر ئەوەی هەمیشە لەبەردەم هەڕەشەدابوون و پێش راپەڕینیش بەچەند رۆژێک لانی کەم دوازدە هەزار گەنجیان لێگیرابوو، ئەوەش لەولاوە بوەستێت کە غەوارەش زۆر دڕندانە کەوتنە هاوکاری سوپای بەعس و هەرکێیان دەستکەوتبا دەیانکوشت.
لە کۆڕەوەکەدا کەرکوکییەکان بەنائومێدییەکی زۆرەوە دوای بەرەی کوردستانی کەوتن، ئەوان مانەوەیان خۆخستنە قوڕگی ئەژدیها بوو، لەبەر ئەوەی نەک هەر حکومەتی عیراقی تەنانەت شۆڤێنیزمی کوێربینیش بۆیان لەبۆسەدا بوو، لەدوای کۆڕەویشەوە بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ نەیانتوانی بگەڕێنەوە شار و شوێنگەی خۆیان، هەڵبەت ئەو برینە هێشتا خوێنی لێدەچۆڕێت و نەوەی کەرکوکییەکانی ئەو رۆژگارەش هێشتان چاویان لەئاسۆی رزگاری یەکجارییە، رزگاریەک عەرەباندن و تاراندن بۆ هەتاهەتا فڕێداتە سەر رەفەکانی دیرۆک و چی تر کوردی کەرکوک ئاخ بۆ خۆخاوەنی هەڵنەکێشن.
وەک خۆم کەئێستا یادی ئەو رۆژە تاڵانە دەکەمەوە، خەیاڵ دەمبا بۆ لای نەنکم زینە، ئەو نەنکە سپیکەلە چاوشینەی هەمیشە حەکایەتەکانی پڕبوون لە درنج و دێو، بەڵام دێوەکانی ئەو هەرگیز وەک درنجەکانی سەر زەوی ئازاری کەسیان نادا، ئەو لەکۆڕەوەکەدا لەتەوێڵە بۆ یەکجاری سەفەری نەگەڕانەوەی کرد، هەر ئەوە نا سەعیدی پورزاشم ئەو کوڕە رێکپۆشەی کشتوکاڵی بەکرەجۆ، ئەو کەرکوکییەی دەیان ساڵ بوو باوکی و دایکی کوردبوون، کەرکوکی لێ یاساغ کردبوون و لە سەرچنار نیشتەجێ بوون، ئەویش لە دووەم رۆژی کۆڕەوەکە بوو بە قوربانی و شێخ حەسیبی شاعیریش باسی دەکات، لێ لەبری ناوی سەعید بەرێ دەڵێ نادر خۆی کوشت نادر باوکی سەعید بوو.
من لەکۆڕەوی کەرکوکدا هەر ئەو دوو ئازیزەی خۆم نا هاوڕێ و هاوپۆلێکی شیرینیشم لەدەست دا، بەهرۆز جەلال ئەو لە دەربەندی بازیان فڕۆکەی بەعس کوشتی،  ئەمە هەموو ئازاری کوردبوونە، دەنا پیرەژنێک کەهەموو ژیانی لەگوندەکەی خۆیان و دواتر قەرەهەنجیر بووە، بۆ دەبێت لە تەوێڵە چاو لێک بنێت، لەکاتێکدا هەر یەک دوو ساڵ بوو قەرەهەنجیرەکەشی تەختی زەوی کرابوو.

وتارەکانی نوسەر