جیهان کەوتۆتە ژێر دووکەڵی جەنگی روسیا و ئۆکرانیاوە

09:37 - 2022-05-14
وتار
226 خوێندراوەتەوە

راستی جەلال

لەبەرئەوەی میدیای کوردی و خۆرهەڵاتی بەگشتی ئاراستەکراون و کەمترین میدیاکار سەرقاڵی سێرچکردنە بەشوێن هەواڵ و زانیاریی نوێ و جێ بایەخدا، بۆیە زۆربەی رۆژەکانی رۆژنامە کاغەزی و سایتەکان و زۆربەی گەشتی  هەواڵی تەلەفزیۆنەکان خۆیان سەرقاڵی رووماڵکردنی ئەو هەواڵ و رووداوانە دەکەن کە حازربەدەستن و زۆرترین لێدوان و شیکردنەوە لەبارەیانەوە بەردەستە و گەرمترینیشە. 
راستە هەنووکە کێشەی روسیا و ئۆکرانیا بووەتە بابەتێکی گەرمی رۆژانە و کاریگەرییەکی گەورەشی لەسەر دۆخی سیاسی و ئابووریی ئەوروپا بەتایبەتی و جیهان بەگشتی داناوە، بەڵام ئیدی ئەوە بەو مانایە نییە میدیاکاران و میدیاکان کێشەکانی دیکەی ناوچەکە و جیهان فەرامۆش بکەن 
تەنیا قسەم لەسەر میدیای کوردی نییە، کە بەشێک لەو رووداوانە ئەگەر راستەوخۆش پەیوەست نەبن بە کورد و کوردستان و دۆزەکەیەوە، ئەوا کاریگەریی دەبێت جا بە پۆزەتیڤ یان نێگەتیڤ ئەوەیان بابەتێکی دیکەیە.
هەڵبژاردن لە لوبنان
لوبنانییەکان کە ئێستا لەگەڵ مایەپوچ بوونی دەوڵەتەکەیاندا بەرەوڕوو بوونەتەوە و بە گوێرەی دوا ئاماری رەسمیی میدیاکانی ئەو وڵاتە، رێژەی هەژاریی لە لوبناندا گەیشتۆیە 70 % کە ئەوەش بۆخۆی رێژەیەکی زۆر مەترسیدارە، سەرباری ئەوەش لە لوبناندا مەسەلەی هەڵبژاردنی پەرلەمان لەپێشە و ئێستا دەنگدەرانی لوبنان لە تاراوگە لە 48 وڵاتی جیهان سەرقاڵی دەنگدانن و بەگوێرەی زانیارییەکانیش کە ئاژانسەکانی هەواڵ لە زاری چاودێرانی لایەنە سیاسییەکان و کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەوە بڵاویان کردۆتەوە، سەرباری ئەو دۆخە دارایی و ئابوورییەی لەو وڵاتە سەریهەڵداوە، بەڵام لوبنانییەکان بە رێژەیەکی مام ناوەندی بەشدارن لە پڕۆسەکەدا و وەک ئەوەی راگەیەندراوە، رێژەی بەشداریی لوبنانییەکانی تاراوگە 59 ٪-ە، وەک ئەو ئاژانسانە و شرۆڤەکارانی سیاسیی لوبنانیش ئاماژەی پێدەکەن، زۆربەی لایەنە رکابەرەکانی حزبوڵڵا ئومێدی زۆریان لەسەر دەنگی ئەو 193 هەزار دەنگدەرەی تاراوگە هەڵچنیووە.
دەشێ بڵێین ئەوە چ پەیوەندییەکی بە خوێنەر و بینەری کوردەوە هەیە، بەڵام گرفتەکە ئەو لێکچوونەیە کە لەنێوان پێکهاتەی لوبنان و عیراقدا هەیە، ئەو ململانێ تایفییەیە کە ئەو وڵاتەی لە سومبولی کەلتووریی و رووناکبیریی عەرەبییەوە کردووە بە وڵاتێکی هەژار و نائارامی سیاسی و ئابووریی و کۆمەڵایەتی. وڵاتێک کە سیاسییەکانی هاوشێوەی بەشێک لە سیاسییە تایفییەکانی عیراق ماوەی نزیکەی نیو سەدەیە لەیەک بازنەی سیاسیدا دەخولێنەوە و دوای چەندین سکانداڵ و ئابڕووچوونی سیاسی کەچی لە دەرگایەکی دیکەوە دێتەوە سەر ستەیجی سیاسیی ئەو وڵاتە، تەنانەت ئیستا زۆرێک لە سیاسییەکان دڵنیاشن لە پاشەکشەی دەنگ و سەنگەکانیان، بەڵام کەسایەتییەکی وەک فوئاد سەنیورەی سەرۆک وەزیرانی پێشووتر دەڵێت: «بۆیە پاشەکشە ناکەین، چونکە ئەوە واتای چۆڵکردنی مەیدانەکە بۆ حزبوڵڵا»، ئەوەش بەو واتایە دێت کە چۆن ئەوان پێیانوایە حزبوڵڵا و نەسروڵڵا ئێران ئاراستەیان دەکات، ئەوا بەشێک لەوانەی دیکەش وڵاتانی سوننە ئاراستەیان دەکات و موغەزیی بۆ هەڵواسیون ئەگەرنا خۆی لەخۆیدا رۆڵی سیاسییان کۆتایی پێهاتووە.

 

سینای میسر لە روبەڕوبوونەوەی تیرۆردا
لەدوای هەڵمەتی (رابیعەی عەدەوی) لە 2013 بۆسەر ئیخوانەکان و لابردنی محەمەد مورسی لە پۆستی سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە کە هەندێک پێی دەڵێن کودەتای سەربازی و هەندێکی تر پێی دەڵێن راستکردنەوەی رێڕەوی شۆڕشی یەنایەر، لەو سەروبەندەدا میسر تووشی چەند روبەڕوبوونەوەیەکی چەکداریی بۆوە لەگەڵ چەند گروپێکدا ئەوکات ئاماژە بەوە دەکرا کە داعشن و هاتوون بە هانای مورسی و ئیخوانەکانەوە، بەڵام ئەوکات سوپای میسر توانی کۆنترۆڵی زۆربەی مەکۆ و تونێلەکانیان بکات کە بەشێکیان لە ناوچەی رەفەح-ی دیوی میسرەوە درێژ دەبۆەوە بۆ دیوی رەفەح-ی دیوی کەرتی غەززەی فەلەستین.
ئەو هەڵمەتەی ئەوکاتەی سوپای میسر تاڕادەیەک ئارامیی بۆ سنووری سینا و دەستپێکردنەوەی گەشتیاریی بۆ میسر گێڕایەوە گەشتیاری یەکێکە لە سەرچاوە ئابوورییەکانی ئەو وڵاتە، ئەوەش زیاتر دوای ئەوە هات کە زۆربەی ئەو سەرکردە و کادرانەی گروپی ئیخوان موسلیمین دەستگیر نەکران بەرەو تورکیا و ئەوروپا هەڵاتن و لەوێوە دەستیان کردەوە بە چالاکیی سیاسی و میدیایی و چەندین کەناڵیان لەو وڵاتەوە لە دژی میسر خستەگەڕ.
لەماوەی دوو مانگی رابردوودا پەیوەندییەکانی نێوان قاهیرە و ئەنقەرە تاڕادەیەک ئاسایی بۆتەوە و لەسەر ئاستی باڵا نوێنەرانی هەردوو وڵات دیداریان هەبووە، لە ئەنجامی ئەو ئاسایی بوونەوەیەش، تورکیا چالاکییەکانی ئیخوانییە میسرییەکانی بەشێوەیەکی بەرچاو لە وڵاتەکەیدا بەرتەسک کردۆتەوە، بەڵام هاوکات تورکیا پشتیوانیی خۆی بۆ ئەسیوپیا دەردەبڕێت لە بابەتی بەنداوی نەهزەدا.
هاوکات لەگەڵ بەرتەسکبوونەوەی چالاکییەکانی ئیخوان لە میسر دەستبەجێ گروپێکی تیرۆریستی لە ناوچەی سینا پەلاماری سەنگەرێکی سوپای میسریان داو 10 سەربازیان لێ کوشتن، ئەوەش هاوکاتە لەگەڵ ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی تورکیا و ئیسرائیل و تورکیا و سعودیە و ئاڵۆزبوونەوەی دۆخی قودس لە نێوان گروپە چەکدارە «جیهادییەکان»ی  کەرتی غەززە و دەوڵەتی ئیسرائیل لە نزیک ئۆردوگا جولەکە نشینەکان.
لیبیای دەبیبە و لیبیای باشاغا
پاش ماوەیەک لە هێوربوونەوەی دۆخی لیبیا بە نێوەندگیریی میسر و وڵاتانی دیکەی باکووری ئەفریقا و کۆتایی هاتنی جەنگی نێوان هێزەکانی جەنەڕاڵ خەلیفە حەفتەر و فایز سەراج و ئامادەکاریی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان لەو وڵاتە، دووبارە گرژیی و ئاڵۆزی شانۆی سیاسیی ئەو وڵاتەی داگیرکرد، لەجیاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، پەرلەمان تەمەنی خۆی درێژکردەوە و متمانەی لەو کابینەیە سەندەوە کە بە سەرۆکایەتی عەبدولحەمید دەبیبە پێکهێنرا بۆ قۆناغی راگوزەر و متمانە بەخشرایە کابینەیەکی نوێی حکومەت بەسەرۆکایەتی فەتحی باشاغا.
ئەم جۆرەش لە پڕۆسەی سیاسی لە لیبیا دەگوزەرێت لە هەندێک دیمەنیدا هاوشێوەی عیراق و هەرێمی کوردستانە، بۆیە گرنگی خۆی هەیە کە میدیای کوردی و عیراقی لانیکەم هەڵوێستەی لەسەر بکەن.
ئەوەی سەیرە لەم دۆخە سیاسییەی لیبیادا، پەرلەمانێک هەیە و لەبەر ململانێ سیاسییەکان هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتی دواخست و تەمەنی خۆی درێژکردەوە و متمانەی بەخشیوەتە کابینەیەکی دیکە، کەچی ئێستا سەرۆکی حکومەتی متمانە لێوەرگیراوە ئامادە نییە پۆستەکەی و بارەگای سەرەکی حکومەت رادەستی کابینەی نوێ بکات، ، پەرلەمانی لیبیا بۆ خۆلادان لە شەڕی چەکداریی لە تەرابلوسی پایتەختدا پێشنیازی کردووە باشاغا بارەگای  حکومەتەکەی بباتە شاری سیرت، لەوەش سەیرتر بەگوێرەی ئاژانسەکانی هەواڵ تا هەنووکە پارێزگاری بانکی ناوەندیی لیبیا مامەڵە لەگەڵ حکومەتەکەی دەبیبەدا دەکات کە ماوەیەکە متمانەی لێوەرگیراوەتەوە، هەرچی بەشێکی پەرلەمانی ئەو وڵاتەشە هەموو پەیوەندییەکیان لەگەڵ دەبیبە و کابینەکەیدا پچڕاندووە.
ئەگەر دۆخی عیراقیش بەراورد بکەین بە لیبیا، ئەوا دەبینین لێکچوونێکی زۆر هەیە، چونکە راستە عیراق هەڵبژاردنەکانی لە ماوە دەستوورییەکاندا کردووە و بگرە دوا هەڵبژاردنی پێشوەختەش بووە، بەڵام ماوەی زیاتر لە حەوت مانگە هەڵبژاردن کراوە، بەڵام هێشتا لایەنە ناکۆکەکان لەسەر سیما و شێوەی کابینەی نوێ ساغ نەبوونەتەوە و تەنانەت هیچ لایەنێکیش کاندیدی ئەوی دیکە قبووڵ ناکات و زۆربەی لایەنە سەرەکییەکانیش هێزی چەکداری تایبەت بەخۆیان هەیە و دوورنییە وڵات تەنیا پەرلەمانێکی یەکگرتووی هەبێت و زۆربەی ناوچە و پاریزگاکان ببنە زۆنی هەژموونی ئەو لایەنانەی زۆرترین دەنگیان تێدا بەدەستهێناوە، ئەگەرچی لەدوای 40 رۆژەکەی پێش مانگی رەمەزانەوە وا خەریکە ئەو وادە 15 رۆژییەش بەسەر دەچێت کە سەید موقتەدا سەدر وەک دوا مۆڵەت داینابوو بۆ «هەڵبژاردنی حکومەتی زۆرینەی نیشتمانی» و بەڵام لەبارەی ئەوەی دوای ئەو 15 رۆژە دەرفەتە چی روو دەدات هێشتا هیچ دیارنییە.

وتارەکانی نوسەر