سیستمی هێڵی گواستنەوەی شەمەندۆفێر

09:54 - 2024-04-03
هاشم غەمگین
191 خوێندراوەتەوە

هێڵەكانی گواستنەوەی ئاسن هەمەجۆرن، وەك شەمەندۆفێر، میترۆ، تراموا، هەر یەكێك لەم هێڵانە خەسڵەت و خزمەتگوزاریی و تایبەتمەندیی تایبەتی خۆی هەیە و چۆنێتی كاركردنی هەر یەكەیان جیاوازە. هێڵی شەمەندۆفێر بەوە جیا دەكرێتەوە و دەناسرێت، كە هەموو شار و شارۆچكە و شارەدێ و گوندەكان دەبەستێت بەیەكەوە، بەسیستمێكی چالاك و ئامادەكراو و رێكخراو بۆ سوودمەندبوونی هاووڵاتیان لەم هێڵە كارەكانی بەڕێوەدەچێت.
وێستگەکان
لەهەر شار و شارۆچكە و گوندێكدا بە شێوەیەكی نموونەیی بە پێی قەبارەی دانیشتوان وێستگە بۆ راوەستان و دەرچوونی شەمەندۆفێرەكان و دابەزین و سەركەوتنی گەشتیاران دروست دەكرێت. وێستگەكان كافتریا و سۆپەرماركێت و خواردنگە و فرۆشگەی جۆراوجۆر لەخۆ دەگرێت. بنكەی فرۆشتنی بلیت و پێدانی پلان و رێنمایی بە گەشتیاران و ئامێری ئەلیكترۆنی بۆ راكێشان و كڕینی بلیت بە كارتی بانكی بۆ گەشتیاران دەستەبەر كراوە.
لەگەڵ چوونە ژوورەوەت بۆ وێستگەكان شاشەیەكی گەورەی ئەلیكترۆنی هەڵواسراو دادەنرێت، كە سەرجەم گەشتەكانی ئەو وێستگەیەی تێدا نوسراوە،ئەمەش یارمەتیدەرە بۆئەوەی بزانیت لەچ شوێنێك رادەوستیت بۆ سەركەوتنی ئەو شەمەندۆفێرەی كە بۆ ئەو شوێنەی تۆ دەڕوات. لەهەر وێستگەیەكی شەمەندۆفێردا وێستگەی پاس و تاكسی،یان میترۆ و ترام، بۆ گەشتیاران بۆ هاتنیان بۆ وێستگەكە و بۆ گەڕانەوەشیان بۆ ماڵەوە دەستەبەر كراوە.
لەهەر وێستگەیەكدا بەپێی قەرەباڵغی و رێژەی دانیشتوان چەند بەشێك دروست دەكرێت و جیادەكرێتەوە بۆ راوەستاندنی شەمەندۆفێر و گەشتیاران بۆ سەركەوتن و دابەزینیان، بە هەر بەشێكیان دەوترێت (sport) هەر بەشەو ژمارەی تایبەتی خۆی هەیە و شاشەیەكی لێ هەڵدەواسرێت كە شوێن و كاتی گەشتەكانی لێدەنووسرێت،لەهەر یەك لەو بەشەناشدا كورسی دانیشتن بۆ پشودانی گەشتیاران و شوێنی جگەرە كێشانی لێدروستكراوە و هەر بەشەو فرۆشگەیەكی بچووكیشی لێیە بۆ كڕینی پێداویستییەكان، لەگەڵ ئەوەشدا ئامێری مۆركردنی بلیت لەهەر بەشێك دانراوە و بڵندگۆیەكیش بۆ ئاگاداركردنەوە و رێنماییكردنی گەشتیاران لەسەرچۆنێتی گەشتەكان دانراوە. لەهەر بەشێكدا كارمەندێك دادەنرێت، بۆ وەڵامی هەر پرسیارێك كە گەشتیاران  هەیانبێت، ئامێرێكی ئەلیكترۆنی بچووكی پێیە كە سەرجەم گەشتەكانی تێدا تۆماركراوە.
سیستمی كات و نرخ و چۆنێتی گەشتەكانی هەموو هێڵەكانی گواستنەوەی وشكانی لەوێپ سایتێكدا جێگیركراوە، بۆئەوەی ئەگەر گەشتیارێك بیەوێت لە شارێكەوە بۆ شارێكی تر بڕوات، یان لەوڵاتێكەوە بۆ وڵاتێكی تر بچێت،بتوانێت پلانی گەشتەكەی ئامادە بكات و بشزانێت چەندی تێدەچێت.

 

هێڵی شەمەندۆفێر بەوە جیا دەكرێتەوە و دەناسرێت، كە هەموو شار و شارۆچكە و شارەدێ و گوندەكان دەبەستێت بەیەكەوە

 

هێڵی شەمەندۆفێر لە هۆڵەندا
لە هۆڵەندا ئەوانەی رۆژانە یان هەفتانە بە شەمەندۆفێر هاتوچۆ دەكەن، خزمەتگوزارییەك دەستەبەركراوە كە پێی دەوترێت (korting kard) بۆ ماوەی ساڵێك لە ٪40 لەنرخی بلیتەكەیان دادەشكێت، بۆ هەر بەشداربوویەكی ئەم خزمەتگوزارییە ناسنامەیەكی بۆ كراوە و بڕێكی كەمی بۆ ئەو مەبەستە لێوەگیراوە.
بلیتێك نرخی (25) یۆرۆیە هەندێكجار لە ماركێتەكان دەستدەكەوێت پێی دەوترێت (dagkaart) داخ كارت بەو بلیتە لەكاتژمێر شەشی بەیانییەوە تا كاتژمێر (12)ی شەو،دەتوانرێت بە پاس و میترۆ و تراموا و شەمەندۆفێر بە ناو هەموو هۆڵەندادا هاتوچۆی پێبكەیت. خاوەن پێداویستییەكی تایبەت بەتایبەتی ئەوانەی لەسەر كورسین هەر هاوەڵێكی لەگەڵدا بێت،پارەی بلیتی لێ وەرناگیرێت.
لە شەمەندۆفێرەكان دووبەشی دانیشتن هەیە، كە پێیان دەوترێت (klas1) و (klas2) نرخی بلیتی دانیشتن لە كڵاسی یەك گرانترە لە كڵاسی دوو. جابیەكان بەردەوام لەنێو شەمەندۆفێردان بۆ پشكنینی بلیتی سەرنشینان،هەر كەسێك بەبێ بلیت سەركەوتبێت، دەستبەجێ غەرامە دەكرێت،بڕی سزاكەی بە پۆستە بۆ دەنێرنە ماڵەوە.
بەگشتی ئەم جۆرە شەمەندۆفێرانە لەهۆڵەندا كاردەكەن، شەمەندەفەری (ns.intercity) دوو قاتە و توانای لەخۆگرتنی سەرنشینی زۆرە و بە خێرایی لەنێوان شارەكاندا گەشتیاران دەگوازنەوە، پاشان (stoptiren) لەجموجۆڵدا تاڕادەیەك خاوەوە لەوێستگەی نێوان  شارۆچكە و گوندەكاندا ڕادەوستێت،هەروەها شەمەندۆفێری(sprinter.ns) یەك قاتە و بەوپەڕی خێرایی لەسەرجەم وێستگەكانی شار و شارۆچكە و گوندەكاندا بۆ دابەزین و سەركەوتنی هاووڵاتیان رادەوستێت بەگشتی كاتی دیارییكراوی خۆیان هەیە و لەوكاتەدا بۆیان دیارییكراوە پێویستە بگەنە شوێنی مەبەست،لەهیچ شوێنێكیشدا رانەوەستن تەنها لەو وێستگانەدا نەبێت كە بۆیان دیارییكراوە، ئەگەر بێت و پێنج خولەك لەكاتی خۆیان دوا بكەون، ئەوا بەرنامەی گەشتەكان بەگشتی تێك دەچێت.
بەهۆی بچووكی رووبەری خاكی هۆڵەندا و نزیكی شارەكان لەیەكەوە، دوورترین شاری هۆڵەندا بە سێ كاتژمێر دەبڕیت،هەروەها تەختاییەكەیی و نەبوونی شاخ و دۆڵ لەو وڵاتە بووەتە هۆی ئەوەی پێویستی بە دروستكردنی تونێل نەبێت بۆ هێڵی شەمەندۆفێر، ئەوەی بینیومە تەنها وێستگەی شەمەندۆفێری فرۆكەخانەی (schiphol) سخیپوڵ و (Rotterdam.blaak) لەژێر زەویدا بووە.
سەرەتای دامەزراندنی هێڵی شەمەندۆفێر لەهۆڵەندا لەنێوان دوو شاردا دامەزراوە (هارلێم، ئەمستردام)دواتر فراوان بووە بۆ شارو شارۆچكە و گوندەكانی تر،ئێستا لە كوردستان جاروجار باس و خواسی دامەزراندنی هێڵی شەمەندۆفێر دێتەئاراوە، قورسە سەرەتا دیزاینی هەموو ناوچەكان بەیەكەوە بكرێت و جێبەجێ بكرێت، سەرەتا لەنێوان شارەكانەوە دەست پێبكەن، ئەوكات پڕۆژەكە فراوانتر بكەن بۆ ناوچەكانی دیكە.
ئەوكاتانەی لەنێو شەمەندۆفێر دایت، بۆ ئەوەی دووچاری قەلەقی و بیركردنەوە نەبیت، هەمیشە خۆت بە گوێگرتن لە گۆرانی و میوزیكەوە سەرقاڵ بكە، یان بە خوێندنەوەی رۆژنامە و كتێب، یاخود ئەگەر كەست لەگەڵدا بوو بە وتوێژ و گفتوگۆكردن بەشێوەیەكی نەرم و نیان خۆت سەرقاڵ بكە. خۆشترین كات بەسەرم بردبێت بەردەم وێستگەكانی هێڵی شەمەندۆفێر بووە، چونكە قەرەباڵەغییەكی زۆری لێ دروست دەبێت و كاتێكی خۆشی لێ بەسەر دەبەیت.

 

هێڵی گواستنەوەی شەمەندۆفێر

وتارەکانی نوسەر