ئەفسانەکانی دەوری هەڵبژاردن

03:45 - 2024-04-04
ستران عەبدوڵڵا
130 خوێندراوەتەوە

ستران عەبدوڵڵا

-1-


هەڵبژاردن و دەستاودەستکردنی دەسەڵات راستییە جەوهەرییەکانی دیموکراسیین، ئەم راستیانە بە کۆمەڵێک ئەفسانە دەورە دراون  و حیکایەتیان لەبارەوە دەکرێت کە ئیشی هەموو مرۆڤێکی هۆشیار، یان لانی کەمی هوشیاری هەبێت، ئەوەیە ئەم ئەفسانانە پوچەڵ بکاتەوە و رێی بژاردەی دیموکراسی بکاتەوە. 
یەکێک لەو ئەفسانانە ئیشی حزبە گەورەکانە. حزبی گەورە بۆچی حزبی گەورەیە یان بۆچی حزبی ئەزمووندار و حوکمڕانە؟
حزبی گەورە ئەوەیە  مەسئولیەتی گەورەی لەسەرشانە. دەبێ ئەزموون و قاڵبوونی خۆی لە تەنگژەکاندا دەربخات.
حزبی حوکمڕان چۆن بایکۆتی هەڵبژاردن دەکا و چۆن تەنگژە بۆ پڕۆسەی دەنگدان دروست دەکات؟ ئەی مەسئولیەتی سەرشانی حوکمڕانی و پاراستنی ئەمانەت و ئەمنیەتی فەزای گشتی لە کوێیە؟
ئەی خەڵک چۆن بە قەزاوەت و ناوبژیوانی حوکمڕانی ئەزمووندار رازی بێت کە خۆی سکاڵا و دەفتەری شەکوای هەبێت؟ 
حزبی گەورە چۆن وەک حزبی تازە بابەت و تازە باو بێ هیچ ئیعتبارێک بۆ بەرپرسیارێتی گشتی، رێگە بە بۆشایی  سیاسی و دەستووری دەدا و رێگا بۆ قیل وقال و بەدحاڵی بوون و مەزەندەی هەڵە و خوانەخواستە هەڵسەنگاندنی خراپ دەخاتە سەر گازەرەی پشت؟
حزبی ئەزمووندار و قاڵبووی راڕەوەکانی حوکمڕانی و تۆڕێک پەیوەندی سیاسی بە حیساب خاوەندارێتی لە دەیان دوکان و دامودەزگای حەریف دەکات، چۆن ئاوا دەشەمزێت و نایکەم و نابێت دووپات دەکاتەوە؟
حزبی گەورە چۆن بەم رەمەزان و کەشی تاعەت و رۆژوە جەماوەر و دەنگدەر، فەرمانبەر و شەقام  تووشی دڵەڕاوکێ و سەرگەردانی  دەکات و لە کاری دونیایی وەکو هەڵبژاردن، لە ناوبژیوان و حەکەم و لایەرمەن و  فیکە و رێنوێنی یارییەکە تەوەللا دەبێت؟
ئەی مەسئولیەت چییە ئەگەر بڕیار و سیاسەت و تەگبیری مەحکەم نەبێت؟ 
توخوا خەڵقینە ئەفسانەی وا لە هیچ مەملەکەتێکدا  هەبووە کە حوکمڕان دەستبەردانی ئەرکی سەرشان و واجبی عەیان بێت؟ ئەی کێ دڵی حزبی جەوان بداتەوە و کاندیدی تازە زاوا چی بڵێت و لیستی خێر لەخۆ نەدیو شەکوای بباتە لای کێ؟
خۆ بەرپرسیارێتی هەر حکومەتایەتی و  ئیمتیازەکانی (ئاغا و شێخ و دەوڵەت)  نییە بە وەسفی کوردناسی هۆڵەندی ڤان مارتن برۆنسن. بەرپرسیارێتیی گەورەکان و قاڵبووەکان سەد قاتە.

وتارەکانی نوسەر