-2-
هەڵبژاردن بۆ ئەوانە دەکرێت و بەوانە دەکرێت کە ئامادەن بەشداری تیا بکەن، ئەولەویەت بۆ ئامادە و بەشدارە و دەبێت رێز لە ئیرادەی دەستپێشخەر و دەنگدەری ئامادەی کێبڕکێکە بگیرێت، پێش ئەوەی دڵی بایکۆت و ئەوانەی بەشداری ناکەن رازی بکرێت.
چۆن دەبێت دڵی ئامادە و گیانباز بشکێنین بۆ دڵدانەوەی ئەوانەی بەشەرتی چەقۆ نەبێت، بیری لێناکەنەوە؟
دەگوترێ هەڵبژاردن بێ فڵان و فیسار ناکرێت و خاوەنانی ئەم گوتەزایانە گەرەکیانە ئەم رەچەتەیە بە واقیعبینی و شرۆڤەی سەنگین و پەرۆشیی نیشتمانی بفرۆشنەوە بە رای گشتی . گوایە ئەگەر وا نەبێت وا دەقەومێت.ئەم پەرۆشخوازانە دایمە و درهەم دەڵێن؛ ئامان خزمینە! واقیعەکە رەچاو بکەن و ناسکی دۆخەکە بخوێننەوە.
ئەم رۆحە بەزیو و ترساوە کەوا (خۆشی حەشار داوە)، روحێکی کۆنەپەرستانەیە و تەواوکاری گیانی خۆدزینەوەیە لە پێشبڕکێیەکە، هەردووکیشیان هیچ مانایەک بۆ دیموکراسی و دادپەروەری بەشداریکردن و وازییە وەرزشێکەی هەڵبژاردن ناهێڵنەوە، چونکە پێش دەستپێکردن، لە بەلاش و حەلاش، بەرتیل دەداتە ئەم و ئەو.
قوربان! جیاوازی زۆر زۆرە لە نێوان واقیعبینی و تەسیلم بوون بە واقیعی ناجۆر و ناپەسەند.
بێگومان خۆشە و دیمەنەکە جوانترە هەموو تێدابن و هەموو بەشداری بکەن، چونکە ئێمە گشتمان کوردین و (یەکین و لەکین)، بەڵام خراپ ئەوەیە پێشوەختە داشی یەکتری سوار بکەین و لە لێواری گەمەکە تیپ و یاریزانەکان بە بارمتە بگرین.
ئەفسانە ئەوەیە لەسەر حیسابی فەقیر و فوقەرا کە ئامادەی رەنج و کۆششن، پاداشتی تەلەبەی خواپێداو بکەین و دنەی نا عەدالەتی بدەین.