باکگراوند

بەیاننامەی لەکۆڵخۆکردنەوە

10:23 - 2024-04-07
جەمال ئارێز
179 خوێندراوەتەوە

(39)

خەسڵەتێکی ناقۆڵا لەناو ئێمەی کورد بەتایبەتی و گەلانی عیراقدا بەگشتی بەدیدەکرێت کە لەلایەک  نیشانەی ناجدییەت و لاوازیی زاکیرەمان نیشان دەدات، لەلایەکی دیکەشەوە، ئەم خەسڵەتە تادێت هەستی مرۆڤدۆستی و نەتەوایەتی و هاونیشتمانیبوون لاواز و لاوازتر دەکات.
44 ساڵە لە رۆژی 4ی نیساندا هەر حزبە بە لاپەڕەیەکی فولسکاب یان ئەی فۆڕێک و چەند دروشمێکی باق و بریق یادی راگواستنی زۆرەملێی کوردە فەیلییەکان دەکەینەوە و ئەوپەڕی نیشاندانی جدییەت لەو بابەتەدا لە کردنەوەیی پیشانگیەکی فۆتۆگرافی و هەڵڕشتنی چەند دڵۆپە فرمیسکێک تێنەپەڕیووە.
رەنگە زۆرێک لە حزبە کوردستانی و وعیراقییەکان لەسەردەمی خەباتی ئۆپۆزسیۆنبووندا زۆرترین ئیستیسماریان لەو  مەینەتییەی کوردە فەیلییەکاندا کردبێت، هەرچی بەشێک لە حزبە کوردییەکانە وەک بەڵگەیەکی بەرجەستەی راگوێزان و سڕینەوە و پاکتاوی رەگەزیی و تاڵانکردنی ماڵ و سامانیان سوودیان لەو کەیسە بینیووە بۆ خۆناساندن بە رێکخراوە مرۆییە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەکان و لەرێیی ئەو رێکخراوانەشەوە خۆیان بە مەحفەلە نێودەوڵەتییەکان ناساندووە و رەنگە فەیلییەکانیش لە بێدەسەڵاتیی ئەو سەردەمەی ئەو حزبانە چاوپۆشیبکەن.
حزبە عیراقییەکانیش بەناوی ستەمی رژێم لە فەیلییەکان بە پاساوی شیعەبوونیانەوە، بەهەمان شێوە ئیستیسماریان لەو کەیسەدا کردووە، بەڵام بەداخەوە نە حزبە کوردستانییەکان و نە حزبە شیعەکانیش وەک پێویست ئەو کەیسە گرنگەیان بە هەند وەرنەگرتووە ئەوەش لەکاتێکدایە کە هەم لە یاسای ئیدارەی دەوڵەت لە 2004 – 2005 و هەم لە دەستووری هەمیشەیی عیراقیشدا گرنگترین خاڵێک کە کاری لەسەر نەکراوە بابەتی هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی (مجلس قیادة الثورة)ی سەردەمی رژێمی بەعسە لە (1968 - 2003) کە لەسەردەمی حوکمڕانیی بەعسییەکاندا هێزی قانوونی هەبووە. 
کارنەکردن بۆ پراکتیزەکردنی ئەو مادە و بڕگانەی دەستوور کە پەیوەستن بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەو مەجلیسە و نەهێنانیان بۆ ناو هۆڵی ئەنجومەنی نوێنەران بە مەبەستی هەڵوەشاندنەوەیان و دەرکردنی قانوونی نوێ لە بەرژەوەندیی فەیلییەکان بۆخۆی کەمتەرخەمی و بێباکییەکی گەورەیە بەرامبەر فەیلییەکان چ لەلایەن فراکسیۆنە کوردستانییەکانەوە و چ لەلایەن فراکسیۆنە شیعەکانیشەوە، بۆیە ئەو دیمەنە پێمان دەڵێت کە کوردە فەیلییەکان لە غوربەتەوە گەڕاونەتەوە بۆ غوربەت، چونکە لە سەرەتای ساڵی 1980 وە و بەرلە جەنگی هەشت ساڵەی ئێران - عیراق کاتێک فەیلییەکان بە پێخاوسی تەسفیر کران بەرەو ئێران و دەست بەسەر ماڵ و موڵک و سامانی گواستراوە و نەگواستراوەیاندا گیرا بە تۆمەتی (تەبەعییەی ئێرانی)، کەچی لە ئێرانیش وەک پەناهەندەی عیراقی مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرا و هەرگیز مافی هاووڵاتیبوونی ئەو وڵاتەیان وەرنەگرت، بە دیوەکەی دیکەشدا کاتێک رژێمی بەعس لە ساڵی 2003دا روخێنرا، فەیلییەکان بە کۆمەڵێک خەونی رەنگاڵەییەوە گەڕانەوە بەو هیوایەی دوو پشتیوانیان هەیە و بەشێک لە مافە زەوتکراو و لەدەستچووەکانیان بۆ دەگەڕێننەوە پشتیوانێکیان حزبە کوردستانییەکانن کە لەژێر کاریگەریی سۆزی نەتەوەییدا و ئەوی دیکەشیان حزبە شیعەکانن لەژێر کاریگەریی سۆزی مەزهەبیدا بەدەنگیانەوە دەچن، بەڵام وا نزیکەی 21 ساڵ تێپەڕبوو بەسەر روخانی رژێمدا نە کورد هیچی بۆکردن و نە شیعە و بەداخەوە ساڵانە بە بەیاننامەیەکی (A4) دەیانەوێت یادەکە و هەموو مەینەتییەکانی فەیلییەکان لەکۆڵ بکەنەوە. 

وتارەکانی نوسەر