باکگراوند

نازکێشانی سیاسی

09:43 - 2024-05-05
جەمال ئارێز
125 خوێندراوەتەوە

(43)

هەڵوێستە هەنووکەییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پێداگرییەکەی سەبارەت بە پێویستیی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لەوادەی دیاریکراوی خۆیدا، لەلایەک بۆتە مایەی بێهیوابوونی پ.د.ک لەوەی چیتر یەکێتی لە هەموو وێستگەیەکدا قوربانیدەر بێت و لەوسەرەوە خۆی ببێتە قوربانی، لەلایەکی دیکەشەوە بۆتە مایەی بێهیوابوونی ئەو لایەنە پۆپۆلیستانەی دەیانەوێت لە رێگەی میدیا چەواشەکارەکانیانەوە وا لە هاووڵاتیان بگەیەنن کە یەکێتی و پارتی نایانەوێت هەڵبژاردن بکرێت و بۆ ئەوەش هەڵوێستی ئێستای پارتی بە هەڵوێستی ساڵی رابردووی یەکێتی دەچوێنن!

یەکێتی لەپێناوی پاراستنی ئیرسی سەرۆک مام جەلال و دەستگرتن بە یەکڕیزیی ناوماڵی کورد و بەهێز مانەوەی قەوارەی هەرێمدا زۆرترین نازی سیاسیی پارتی کێشا

سەرەتا دەبێت ئەوە روون بێت کە ئەگەر بگەڕێیینەوە بۆ باکگراوندی هەڵوێستی ساڵی رابردووی یەکێتی، لەوێوە دەستپێدەکەین کە سەرۆکی یەکێتی بە ئاشکرا و بێ پێچ و پەنا وتی: ((یەکێتی ناچێتە هەڵبژاردنێکەوە کە لیستێکی دەنگدەرانی خاوێن و یاسایەکی جێی رەزامەندیی هەموولایەنەکان نەبێت و پێکهاتەکان نوێنەرایەتی خۆیان نەکەن)) هەروەها وتی ناچینە یارییەکی فوتبۆڵەوە هەر لەسەرەتاوە  لایەنێک بەرلە دەستپێکردنی یارییەکە 11 گۆڵی بۆ تۆمارکرابێت.
دیارە ئەم خواستەی یەکێتی هەر بە تەنها هی یەکێتی نەبوو، بەڵکو خواستی هەموو لایەنەکان بوو بەتایبەتی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان کە لە ساڵانی رابروودا  هەمیشە یەکێتیان بەوە تۆمەتبار دەکرد کە هێندە نازی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستانی کێشاوە بۆیە ئەو حزبە بێمنەتە بەرامبەر هەموو خەڵک و حزبەکانی دیکە بەوانەشەوە کە بەشدارن لە کابینەی حکومەتدا. 
دیارە نامانەوێت لێرەدا ئەوە هەمووی رەتبکەینەوە، چونکە بەڵێ یەکێتی لەپێناوی پاراستنی ئیرسی سەرۆک مام جەلال و دەستگرتن بە یەکڕیزیی ناوماڵی کورد و بەهێز مانەوەی قەوارەی هەرێمدا زۆرترین نازی سیاسیی پارتی کێشا و هەمووشی بوو بەزیان بۆ یەکێتی وەک حزب و لەوەش خراپتر، بووە گورز و لە هاوسەنگیی هاوکێشەی سیاسیی هەرێم وەشێنرا،  بۆیە لە ئەنجامی هەڵسەنگاندنی هەموو ئەوانە و دەرهاویشتەکانی لەسەر ئەرزی واقیع و گەڵاڵە بوونی بیروڕای هەڤاڵانی ی.ن.ک لە دیداری یەکێتی لە  ساڵی 2022 و پێنجەمین کۆنگرە و داڕشتنەوەی سیاسەتی نوێی یەکێتی، ئەم حزبە دەنگی خۆی خستە پاڵ دەنگی هەموو لایەنەکان لە پێناوی راستکردنەوەی رێڕەوی حوکمڕانی و دوای چەندین کۆبوونەوەی دوو قۆڵی و چەند قۆڵی لەگەڵ پ.د.ک بەجیا یان کۆبوونەوەکانی لووتکەی حزبەکان لەگەڵ سەرۆکایەتی هەرێم و یۆنامی و کونسوڵخانەکان و بێهیوابوون لەو هەموو هەوڵە، هەمووان لە دۆڵێک مانەوە و پ.د.ک - یش لە دۆڵێک، بۆیە پەنا برایە بەر دادگای فیدراڵی تا گرێکوێرەکە بەگوێرەی یاسا و دەستوور بکرێتەوە، وەک  ئەوەی هەموو لایەنەکان جگە لە پ.د.ک داوایان دەکرد! یەکێتیش سوورە لەسەرئەوەی چیتر نازی سیاسیی هیچ کەس و لایەنێک نەکێشێت.

وتارەکانی نوسەر