پەروەردەی حزبی یەكێتی چۆن رێكبخرێتەوە؟

12:17 - 2022-05-14
نەوزادی موهەندیس
567 خوێندراوەتەوە

*ئاشكرایە پێناسەی رێكخستن بریتییە لە كۆبوونەوەی كۆمەڵە كەسێك لەسەر یەك بەرنامە كە تیایدا ئامانج و ستراتیژیان دیاریكردوە و خەبات بۆ بەدیهێنانی دەكەن. رێكخستن گەلێك جۆری هەیە:
*وەك رێكخستنی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی و ئەدەبی و .. هتد.
*رێكخستنی سیاسی، گرنگی گەورە و هەستیاری هەیە چونكە، رێكخستنی سیاسی بنچینە و داینەمۆی رێكخراوی سیاسییە و هیچ رێكخراوێكی سیاسی بەبێ‌ بوونی رێكخستن گەشە ناكات و فراوان نابێت، هیچ جوڵانەوەیەكی سیاسی بەبێ‌ بوونی رێكخستن لەدایكنابێت. رێكخستن پەیوەندیی نێوان جەماوەر و جوڵانەوەی سیاسی دروستدەكات و ئەرك و شێوەكانی خەبات لە قۆناغە جیاجیاكاندا دیاری دەكات.
*ئاشكراشە هەموو رێكخستنێكی سیاسی زۆرجاران بەقۆناغی نهێنی و ژێرزەمینیدا تێپەڕیكردوە لە سایەی دەسەڵاتێكی تاكڕەو و تۆقێنەری هاوشێوەی رژێمی بەعسی سەدامیدا یان لە كاتی دەستپێك و دامەزراندن و خۆسازداندا بۆ راگەیاندنی حزبێكی سیاسی نوێ‌، چونكە ناكرێت بەبێ‌ بوونی تۆڕێكی گەورە و فراوان و هۆشیار و بوێری رێكخستن لە خۆوە دەست بدەیتە كاری سیاسی و دامەزراندنی حزبی سیاسی، بۆیە هەریەكە لە قۆناغی نهێنی و دواتریش ئاشكرا تایبەتمەندی و ئەركی تایبەتیان هەیە و بۆ ئەنجامدانیشیان دەبێت دار و پەردوو و تەدارەكی گونجاو (میكانیزمی) گونجاویان بۆ دابینبكرێت.
*شێوەكاری رێكخستنەكان:
1.رێكخستنە نهێنییەكان
لە كاتی بەكارهێنانی زەبر و زەنگ و چەوساندنەوە و پێشێلكردنی مافە دیموكراسییەكاندا لە لایەن دەسەڵاتی ناوەندەوە، جوڵانەوەی سیاسی كە لە قەوارەی حزب یان رێكخراو خۆی دەنوێنێ‌ شێوەی خەباتی ژێر زەمینی هەڵدەبژێرێت. بایەخێكی زۆر بە رێكخستنەكان دەدات و پێكهاتنی رێكخستن تەسكە و شێوەی ((نوخبەویەت// دەستەبژێر)) وەردەگرێت. ئەمەش بۆ پارێزگاریكردنە لە ئەندامان و زامنكردنی سەلامەتییانە. ئەندامان لەسەر ئەوە رادەهێنرێن كە بەوریایی كاربكەن و خۆ لە خەڵكی هەلپەرست و بێتوانا بەدووربگرن و گرنگی بدەن بەپاكردنەوەی ریزەكانی رێكخستن، بۆ ئەوەی دوژمن دركیان پێنەكات و زەبری كوشندەیان لێنەوەشێنێ‌. ئەمجۆرە رێكخستنە راهێنانی ئەندامانی رێكخستنە لەسەر خۆڕاگری و ئاشناكردنی جەماوەرە بەكاری حزبایەتی لە پێناوی خەباتێكی درێژخایەن و نەپچڕاودا.
*ئەركەكانی رێكخستن:
ئەركی رێكخستن لە قۆناغی نهێنیدا سەخت و دژوار و پڕ لە ترس و مەترسییە، ئەركەكان بریتین لە:
1. هەوڵدان بۆ بڵاوكردنەوەی بەرنامە و سیاسەتی یەكێتی لە ناو جەماوەردا بەشێوەیەكی نهێنی.
2. بڵاوكردنەوەی بەیان و پۆستەر و نامیلكەی یەكێتی بەناو جەماوەردا.
3. دەستنیشانكردنی مۆڵگە و بارەگا و كەسانی سەر بە رژێم.
4. كۆكردنەوەی زانیاری هەمەجۆر لەسەر دامودەزگا و پیاوەكانی رژێم.
5. ئاسانكردن و كۆمەك كۆكردنەوەیە بۆ دابینكردنی پێداویستی بۆ پێشمەرگە لە كاتی پێویستدا.
6. زیادكردنی دۆست و لایەنگر بۆ یەكێتی.
7. گرنگیدان بە بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاری و روناكبیری.
2.رێكخستنەكان لە قۆناغی دوای راپەڕیندا (قۆناغی شار)
ئاشكرایە دوای هەڵتەكاندنی بنەماكانی زەبروزەنگی رژێمی بەعس لە كوردستاندا و نەمانی ترس و داپڵۆسین، شێوەی رێكخستنەكان ئاشكرابوو.
پێكهاتەی رێكخستنەكان گۆڕدرا و بەشێوەیەكی پان و فراوان كارەكانی ئەنجام دەدا و شێوەی ((تەعبەوی//ئامادەسازی)) وەردەگرێ‌، ئەمەش لەبەرئەوەی زەمینەیەكی فراوانتر و جەماوەرێكی فراوانتریشی لە بەردەمدایە و گیانی هەڤاڵان سەلامەتترە و ترسی راوەدونان و گرتن و داپڵۆسینیان نییە.
*ئەركەكانی رێكخستن لەم قۆناغەدا
ئەركی رێكخستنەكان دوای راپەڕین و دروستبونی پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان گەورەتر و گرنگتر بوو كە ئەمانەن:
1. یەكێتی هێزێكی سیاسی كاریگەرە و هەوڵدەدات رابەرایەتی خەڵكی كوردستان بكات و مافە دیموكراتی و سیاسی و نەتەوەیی و چینایەتیەكانیان بۆ دەستەبەر بكات. بۆیە ئەركی رێكخستنەكانە زۆر هۆشیارانە و بەتێگەیشتنێكی زانستیانەوە ئەم واقیعە هەڵبسەنگێنن و لێیتێبگەن، تابتوانن تەواوی ئامانجەكانی میلەتەكەمان بەدیبێنن.
2. ئێستا رێكخستنەكانی یەكێتی جەماوەرییە و خەباتی دیموكراتی و ئاشكرایە، بۆیە ئەركی رێكخستنەكانە كە جەماوەر لە دەوری بەرنامە و دروشمەكانی یەكێتی كۆبكەنەوە، چونكە سەركەوتنی هەر هێزێك بەندە بەهەڵبژاردنەوە و بەدەستهێنانی كورسیەكانی پەرلەمانەوە.
3. ئاشكرایە كە رێكخستنی جەماوەری و فراوان كە بریتییە لە چەندایەتی، دەبێت و ئەركی رێكخستنەكانە كە لە رووی چۆنایەتیشەوە گرنگی بەخۆیان بدەن. چونكە یەكێتی لەسەر مۆركی شۆڕشگێڕانەی خۆی كە هێزی رەنجدەرانی بیر و بازوە لادەچێت و دەچێتە خانەیەكی ترەوە.
4. پاراستنی دەستكەوتەكانی راپەڕین و بەهێزكردنی دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێم.
5. رابەرایەتیكردنی گشت چین و توێژەكانی كۆمەڵ لە بەدەستهێنانی مافە دیموكراتیەكان و دانەبڕان لە جەماوەر و خۆگونجاندن لەگەڵ ئەو هەل و مەرج و گۆڕانكاریانەی لە واقیعدا دێنەپێش.
*لێرەدا ئەو پرسیارە دێتە پێشەوە كە ئایا ئێستا رێكخستنەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ئاست خواست و داواكاریی قۆناغەكەدان؟
بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە دەبێت بزانین تاچەند رێكخستنەكان ئەركەكانیان بەجێگەیاندوە و كێشە و گرفت و بەربەست لەو رێگەیەدا چییە؟
ڕێكخستنەكان بەڕادەیەكی باش نەیانتوانیوە ئەركەكانیان جێبەجێ بكەن و بگەنە ئەو ئاستەی كە ویستی گشت هەڤاڵێكی دڵسۆز و رێكخراوێكی شۆڕشگێڕو پێشكەوتووخوازی وەك یەكێتی و لە ئاستی گەورەیی و گرنگی و قۆناغەكەشدا نین بەهۆی:
*گرفتەكانی رێكخستن:
1. وێڵكردنی سەرەتاكانی رێكخستن لە كۆبوونەوە و دیسپلینی رێكخراوەیی و گیانی هەڤاڵانە و گیانی شۆڕشگێڕی.
2. گرنگینەدان بەئاستی هۆشیاری و بەرزكردنەوەی و گوێنەدان بەچۆنایەتی ناو ریزەكانی رێكخستن.
3. نەبوونی ئەدەبیاتی حزبی بۆ پەروەردەكردنی هەڤاڵان.
4. كارنەكردن بە بەرنامە و پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی.
5. سەرهەڵدانی دیاردەی خۆخۆری و پێشبڕكێی ناشەریفانە لەناو رێكخستنەكاندا.
6. دروستبوونی دیاردەی گروپ گروپێنە و ململانێی روخێنەر و ملشكاندنی یەكدی لەناو رێكخستنەكاندا.
7. گرنگینەدان بەڕێكخستن و گوێنەگرتن لە رەخنە و پێشنیاز و پرسیار و داواكاریەكان لە لایەن سەركردایەتییەوە.
8. دروستبوونی جۆرە بۆشاییەك لە نێوان سەركردایەتی و بنكەی رێكخستنەكاندا.
9. نەگرتنی پلینۆم و كۆنگرەكان لەكاتی خۆیدا و نەكردنی گۆڕانكاری لە سەركردایەتیدا.
10. دووركەوتنەوە و زویربوونی هەندێك كەسانی دڵسۆز و پاك و خۆشەویست لە سەركردایەتیدا لە كاری حزبی.
11. دووركەوتنەوەی كادری چالاك و بەتوانا لەكاری حزبی و چوونە ناو ئیدارە و دامودەزگاكانی حكومەتەوە.
12. هەموو ئەم هۆكارانە وایانكردوە كە رێكخستنەكان لە هەوڵ و خەباتی خۆیان سست و لاواز و كەمتەرخەمی بكەن و لەو ئاستەدا نەبن كە ویست و خواستی جەماوەری یەكێتییە و خەڵكانی دڵسۆزن.

ئەندامی ئەنجومەنی راوێژكاریی 
مەكتەبی گەشەپێدانی بیر و هۆشیاری

وتارەکانی نوسەر