یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە بە هێزی یەکەم و حزبی پێگە فراوانی پێش راپەڕین دەناسرێت، پشکی شێری بەرکەوت لە قوربانیدان، لەسەردەمی بەعس تا روخاندنی، جگە لە دوژمنە سەرەکییەکانیش، لە زۆر قۆناغەدا لەلایەن دۆستەکانی خۆشیەوە هەوڵی پاشقول لێگرتنی دراوە.
لەدوا رێکەوتن و راگرتنی شەڕی ناوخۆ، ئیتر لەسەر دەستی سەرۆک مام جەلال بڕیاری پێکەوە کارکردن و دۆستایەتی و هاوپەیمانی درا لە بری شەڕکردن، هەر ئەمەش گەیشتە کاری شەراکەت و رێکەوتنی ستراتیژی.
دەبێت یەکێتی ئەمڕۆ جیاوازتر بێت لە 10 ساڵی رابردوو، چیدی رێگە نەدات هیچ حزبێک بە مشەخۆری لەسەر ئەو گەشە بکات
ئەگەرچی یەکێتی رۆڵی گەورەی تێیدا هەبوو، بەڵام بە هۆکاری ئەوەی سەرۆک مام جەلال پۆستی سەرۆک کۆماری عیراقی لەپێناوی خزمەتکردنی کورد لە بەغداوە قبووڵ کرد و هەنگاوەکانیشی شایەتحاڵی ئەمە بوون کە نەک هەر بۆ کورد بەڵکو بۆ هەموو عیراق و عیراقییەکان بە دڵسۆزی هەنگاوی دەنا.
بەم پێیە شەراکەتی ئەم دوو حزبە کەوتە ژێر رەحمەتی پارتییەوە و لە سەرۆکی هەرێمەوە تا زۆربەی جومگە گرنگەکانی دەسەڵاتیان کەوتە دەست.
زۆرێک لە سەرکردەکانی یەکێتی دەڵێن کە لە کۆبوونەوەکاندا گازندەیان خستۆتە روو لەسەر ناهاوسەنگیی ئەم شەراکەتە و هەرچی ئەندامانی یەکێتیشە زۆرێکیان پێیان وابوو کە ناهاوسەنگی هەیە لەم برا بەشییەدا.
هەموو ئەم گازندانە لەلایەن سەرۆک مام جەلال -ەوە بە ئاسایی وەردەگیرا و بە گفتوگۆیەک یان پێدانی ئاگادارکردنەوەیەک بە سەرکردایەتی و سەرۆکی پارتی کۆتایی بە کێشەکە دەهێنا، چونکە بڕیاری دابوو هەموو شت دەکات لەپێناوی رێگرییکردن لە تێکچوونی دۆخەکە و هەڵگیرسانەوەی شەڕی ناوخۆ، ئەمەش پشتبەست بەوەی کە دەیزانی پارتی لە تێکچوونی دۆخەکە و کەمبوونەوەی بەرژەوەندییەکانیان، ئامادەن هەنگاوی توندڕەوانە و تاکڕەوانە بنێن و تێکی بدەن، بۆیە هەمیشە پێیوابووە دەبێت هەر ئێمە چاک بین و دەستمان بە راگرتنی پەیوەندییەکانمانەوە بێت.
پارتی، بە سوود وەرگرتن لە رێکەوتننامەی ستراتیژی، دەسەڵاتی خۆی لەسەر هەرێمی کوردستان سەپاند و دەمارە ئابوورییەکانی کۆنترۆڵ کرد، بەتایبەتی هەناردەی نەوت و خاڵی ئیبراهیم خەلیل و پتەوکردنی پەیوەندیی بەهێز لەگەڵ تورکیا.
هەر لەژێر کەشی ئەم شەراکەتە نا هاوسەنگەدا، پەیوەندییە دەرەکییەکانی هەرێمی خۆماڵی کرد و هەموویانی کردە موڵکی خۆی و لە رێیەوە خۆی بە جیهان و دەوروبەر وەک خاوەنی هەرێم ناساند.
لە رێگەی یاسا نا هاوسەنگەکانی هەڵبژاردنیشەوە هەر خولێک ژمارەی کورسییەکانی زیادی دەکرد بێ ئەوەی یەکێتی بڵێت کوا شەراکەتی هاوبەش و هاوسەنگ وادەبێت؟
پارتی، رۆڵ و خواستی هەبوو لە خوڵقاندنی پشێوی ناو یەکێتی و تێکدانی دۆخی دەڤەری ژێر دەسەڵاتی یەکێتی، کەچی یەکێتی لەپێناوی تێكنەچوونی دۆخەکە و نەگەڕانەوە بۆ شەڕی ناوخۆ، پێداگریی نەدەکرد و هەڵوێستی رەتکردنەوەی نەبوو.
کار گەیشتە ئەوەی کە لەدوای راپەڕینەوە کە هەڵبژاردن کرا و یەکێتی زیاتر لە نیوە بوو، لە ساڵی 2012 بووە چارەکی ئەو رێژەیە بەهۆی دروستبوونی گۆڕانەوە.
ئەوان زیرەکانە هەوڵی فراوانکردنی پێگەی خۆیان دەدا، لەپاڵیشیدا هەوڵی لاوازکردنی یەکێتییان دەدا، دیتمان هەندێک لە سەرکردەکانی گۆڕان روویان کردە پارتی، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە دەستێکی پارتی لەناو گۆڕاندا بە ئاڕاستەی دژایەتیکردنی یەکێتی هەبوو.
ئێستا ئەگەرچی سیاسەتی یەکێتی و مامەڵەی لەگەڵ پارتی لە گۆڕانی بەرچاودایە، بەڵام هێشتا خەڵک لە زۆر وێستگەدا یەکێتی و پارتی وەک یەک تاوانبار دەکەن و پێیانوایە ئەو بێدەنگییەی یەکێتی هەیبووە لەو سەردەمانەدا، نیشانەی رازیبوونی بووە بە رەفتارەکانی بەرپرسانی پارتی لە حکومڕانیدا.
لێرەوە، پێویستە سیاسەتی یەکێتی زیاتر ئەوە بە روونی پیشان بدات کە لەگەڵ هەموو سیاسەتە چەوتە تاکڕەوانەکانی پارتیدا نین، خەڵکیش دەبێت هەنگاو و هەڵوێستەکانی یەکێتی بە دروست بزانن و چیدی ئەم دوو حزبە نەخەنە یەک قەفەزی تاوانبارکردنەوە.
دەبێت یەکێتی ئەمڕۆ جیاوازتر بێت لە 10 ساڵی رابردوو، چیدی رێگە نەدات هیچ حزبێک بە مشەخۆری لەسەر ئەو گەشە بکات، کردە و هەنگاوەکانی خۆی هی خۆی بێت و هەوڵەکانیشی بەرهەمی خۆی بێت و خۆی لێی بەرپرسیاربێت بە چاک و خراپییەوە، ناکرێت بچیتە ژێر بەرپرسیارێتیی هەڵەکانی حزبێکی دیکەوە و ئەویش خۆی لە هەموو هەڵە و تاوان و کەمتەرخەمییەکان بێبەری بکات.