هەڵبژاردن، بۆ پاراستنی شەرعییەت

10:02 - 2024-04-14
راسان بارام رەسوڵ
269 خوێندراوەتەوە

هەرێمی كوردستان لەبەردەم قۆناغێكی سەختدایە، ئەگەری نەکردنی هەڵبژاردنیش مەترسیی گەورە لەسەر سەقامگیری و شەرعیەتی سیستمە سیاسییەكەی دروستدەكات. هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەوپەڕی گرنگیدایە، بەو پێیەی رۆڵێكی گرنگ دەگێڕێت لە كاراكردنەوەی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاكان.
دواخستنی هەڵبژاردن و دەرئەنجامە یاساییەكانی:
دواخستنی دووبارەی هەڵبژاردن له ماوەی رابردوودا، بۆشایی بەرچاوی لەناو كایەی سیاسی هەرێمدا دروستكردووه. 

ئەگەر هەڵبژاردن نەكرێت، دۆخەکە دەشێوێت و  خەڵک دەبێتە قوربانیی تاکڕەویی سیاسی

ئەمەش وایكردووە سكاڵای یاسایی لە دادگای فیدراڵی تۆمار بكرێت، كە لە بەرامبەردا رەنگە ئەو بڕیارانە بدات كە لێكەوتەی دوورمەودای بۆ هەرێمی كوردستان هەبێت.
ئەگەر هەڵبژاردن بەهۆی بایكۆتی پارتییەوە نەکرێت، مەترسی لە ئارادایە كە دادگای فیدراڵی عیراق رەوایەتی دامودەزگا رەسمییەكانی هەرێمی كوردستان پووچەڵ بكاتەوە، ئەمەش بە پلەی یەكەم دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی دەستووری هەرێم كە لە دۆخێكی نادیاردا جێیهێشتووە. 
سەرەنجام نازانرێت ئایا لایەنە نێودەوڵەتییەكان یان عیراقییەكان دامودەزگاكانی هەرێمی كوردستان بەرەسمی دەناسن و پەیوەندییان پێوە دەكەن؟ 
سیناریۆیەكی لەو شێوەیە گورزێكی سەخت لە ناوچەكە دەدات، هاوشێوەی دەرەنجامی ریفراندۆمی 2017.
دۆخی ئێستای هەرێم جیاوازە لە جاران، چونكە  وێڕای كێشە ئابوورییەكان خەریكی ململانێیە و بژاردەیەکی دیکەی نییە، وەك فرۆشتنی نەوت. پێشتر دەتوانرا پرسی نەوت وەكو هێڵی كاریگەری بەكاربهێنرێت. هەرێم پێشتر شایەتی لەدەستدانی متمانەی گشتی و زیادبوونی قەرزەكان و زیادبوونی پشتبەستن بە داهاتی نەوت بووە. 
ئەگەر هەڵبژاردن نەكرێت، دۆخەکە دەشێوێت و  خەڵک دەبێتە قوربانیی ئینكاریی سیاسی، بەرپرسیارێتیش لە ئەستۆی لایەنێكی دیاریكراودایە. 
هەڵبژاردن باشترین بژاردەیە بۆ پاراستنی هەیكەلی دەستووری و یاسایی هەرێمی كوردستان و شەرعیەتی دامودەزگاكانی و دەستەبەركردنی وەڵامدانەوەی كۆمەڵگەی كوردی بۆ خواستە دێرینەكانیان. 
بەڕێوەنەچوونی هەڵبژاردن، نەك تەنها دەبێتە هۆی تێكدانی ئیعتباری هەرێم، بەڵكو ئەو ئاستەنگە ئابوورییانەی ئێستا رووبەڕووی دەبێتەوە، توندتر دەكات. 
بۆیە ھەرێمی كوردستان لە قۆناغێكی ھەستیاردا وەستاوە، كە کردنی ھەڵبژاردن گرنگییەكی سەرەكیی ھەیە. رێكنەخستنی ئەم هەڵبژاردنانە سەقامگیری و شەرعیەت و وەستانی هەرێم لە چاوی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەخاتە مەترسییەوە.  
كاتی ئەوە هاتووە گەلی كوردستان مافە دیموكراسییەكانی خۆی بەكاربهێنێت و دڵنیابێت لەوەی دەنگی خۆی ببیسترێت، وەك چۆن ماندوونەناسانە لەپێناوی دۆزی خۆیدا خەباتیان كردووە.

وتارەکانی نوسەر