مەترسییەکانی گرنگینەدان بە ژینگە

09:51 - 2024-04-17
نەرمین عوسمان
140 خوێندراوەتەوە

5 ی 6  ی هەموو ساڵێک رۆژی جیهانیی ژینگەیە، لەگەڵ ئەوەی جیهان لەبەردەم پیسبوونی زیاتری ژینگەکەیدایە، بەڵام هێشتا دەستەوەستانە لە گرتنەبەری رێوشوێنی وا کە ژینگەیەکی پاکمان هەبێت، راستە کۆنفرانس و کۆنگرەی گەورەی جیهانی لەبارەیەوە سازدەکرێت، بەڵام پەیوەستبوون بە راسپاردەکانییەوە لە ئاستی پێویستدا نییە و ئەوەش هۆکاری سەرەکی ئەو پیسبوونەیە زیاتر.
ژینگە، پەیوەندییەکی راستەوخۆی بە ژیانی خەڵکەوە هەیە، ئەوە وادەکات بەرپرسیارێتییەکە گشتەکی بێت و لەسەر هەمووان بێت کە رۆڵبگێڕن لە پاکڕاگرتنیدا، کاتێک ئەو رۆڵگێڕانە لە ئاستی پێویستدا نابێت، ئەوا نابینە خاوەن ژینگەیەکی تەندروست.
دەرهێنانی نەوت و پیشەسازیی وڵاتانی گەورە، زۆربوونی رێژەی ئۆتۆمبێل و مرۆڤ و هاتوچۆ و خواردن و فڕێدانی، رۆڵی نەرێنییان هەیە لە پیسبوونی زیاتری ژینگە، گرفتی گەورە ئەوەیە هەر زۆرێک لەو وڵاتانەی هۆکاری سەرەکیی پیسبوونی ژینگەن، بە رۆڵی خۆیان هەڵناسن لە پرۆسەی یان لە چوارچێوەی هەوڵە جیهانییەکاندا بۆ راگرتنی باڵانسی ژینگە.
عیراق یەکێکە لەو وڵاتانەی ژینگەیەکی پیسی هەیە، بەو دواییانە ئامارێکی جیهانی ئەوەی خستەڕوو کە بەغدای پایتەخت یەکێکە لە پێنج پیسترین پایتەختەکانی جیهان، لەکاتێکدا عیراق دەرفەتی ئەوەی زۆری هەیە کە ببێتە خاوەن ژینگەیەکی پاک و رۆڵیشی هەبێت لە پاکڕاگرتنی ژینگەی جیهانیدا.

 

ئامارێکی جیهانی ئەوەی خستەڕوو کە بەغدای پایتەخت یەکێکە لە پێنج پیسترین پایتەختەکانی جیهان

 

گرفتی سەرەکی ئەوەیە ژینگە نەبووەتە سەنتەری بیرکردنەوەی سیاسیی عیراقی و دەستەبژێرە فەرمانڕەواکەی، هێشتا وەزارەتی ژینگە وەکو وەزارەتێکی سیادی سەیرناکرێت، تەنانەت وەزارەتی پەروەردەش وەکو وەزارەتێکی سیادی سەیرناکرێت لەکاتێکدا ئەو دووانەیان دەتوانن رۆڵی زۆر گرنگیان هەبێت لەوەی پاکڕاگرتنی ژینگە بکەنە کەلتور و قۆناغ بە قۆناغ عیراق بەرەو بکەنە خاوەن ژینگەیەکی پاک.
هەرێمی کوردستانیش لەو چوارچێوەیەدا ژینگەکەی لەئاستی پێویستیی پاکدا نییە، گرفتی زۆری هەیە، پاکڕاگرتنی ژینگە نەبووەتە کەلتور، ئەوە گرفتێکی زۆر بنەڕەتییە، تەنانەت زۆرجار دەبینیت خەڵکانێک شوێنی گەشتکردنی خۆشیان پاکناکەنەوە و بەپیسی جێیدەهێڵن.
لەگەڵ ئەوەی پیشەسازی و پێشکەوتنی رۆڵیان هەیە لە پیسبوونی ژینگە، بەڵام پێشکەوتنی زۆریش دەرکەوتوون بۆ ئەوەی رێگە لەوە بگرێت کە ژینگە زیاتر پیش بێت، من وای دەبینم گرفتی سەرەکی لە بیرکردنەوەدایە، لەوەدایە ژینگە و پاکڕاگرتنی هێشتا لای زۆرینە نەبووەتە بابەتێکی گرنگ، لەکاتێکدا دەبێت بەرپرسیارێتیی پاکڕاگرتنی ژینگە لەسەر هەمووان بێت بە رێژە و ئاستی جیاواز.
دەبینین کاریگەرییە نەرێنییەکانی پیسبوونی ژینگە بوونەتە هۆکاری زۆربوونی نەخۆشییە جۆراوجۆرەکان بەتایبەت لەو وڵاتانەی دواکەوتوو و هەژارن، هەروەها گرفتی کەمبوونەوەی ئاوی خواردنەوەی پاکیش دروستبووە و بووەتە مەترسیی لەسەر ژیانی ملیۆنان خەڵک، پێویستە لە هەرێمی کوردستان ئەوە روونەدات و ببینە خاوەن ژینگەیەکی پاک.

وتارەکانی نوسەر