عیراق و هەرێم داڕشتنی پلانی ئابووریی هاوبەش

09:59 - 2024-04-17
هاشم غەمگین
191 خوێندراوەتەوە

 عیراق و هەرێمی كوردستان دەبێت بیر لەپلان و بەرنامەیەك بە هاوبەش بكەنەوە كە جێگرەوەی نەوت و غاز بێت بۆ مەبەستی دەستكەوتنی سەرچاوەی دیكەی داهات، بۆئەوەی ئابوورییەكی سەقامگیرتر بۆ وڵات و هاونیشتیمانیان دەستەبەر بێت، دابەزینی نرخی نەوت، یاخودهۆكاری تر، نەبێتە هۆكاری كورتهێنان و قەیران و تێكچوونی ژیانی خەڵك و راوەستاندنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان.
عیراق لەڕابردوودا لەبواری پیشەسازیی و كشتوكاڵدا، لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا  پێشەنگ بووە چەندین كارگەی بەرهەمهێنانی هەبووە، ئەگەر كارگە لەكاركەتووەكان بخاتەوە گەڕ و كار بۆ كردنەوەی كارگەی نوێ و سوودبەخش بكات، ئەوا لەئایندەدا عیراق دەبێتە وڵاتێكی بەرهەمهێن و لەبەرهەمی هاوردەو دەرەكی رزگاری دەبێت، هەروەها وەك پێگەی دراوی بەرامبەر بە وڵاتانی دەوروبەر ئاستی ئابووریشی بەرەو گەشەكردن و پتەوبوون دەڕوات.
ئەگەر هەرێمی كوردستان و عیراق هاریكاریی و هەمەهانگییان هەبێت و بە هاوبەشی كەرتی و كشتوكاڵ ئاژەڵداریی و پەلەوەر بەشێوەیەكی سەردەمیانە و هاوچەرخانە ئامادە و رێكبخەن و پشتیوان و هاوكاری جوتیاران بن بۆ دابینكردنی پێداویستیەكانیان و ساغكردنەوەی بەرهەمەكانیان، بەدڵنیاییەوە هەردوولا جگە لە پڕكردنەوەی پێداویستییەكانی ناوخۆ و بە پیشەسازیكردنیان،توانای هەناردەكردنیان بەهێزتر دەبێت.

 

 عیراق و هەرێمی كوردستان دەبێت بەهاوبەشی بیر لەپلان و بەرنامەیەك بكەنەوە كە جێگرەوەی نەوت و غاز بێت

 

لەبواری گواستنەوەدا وەك وڵاتانی پێشكەوتوو هەرێم و بەغدا پێكەوە دەتوانن لەڕێی دامەزراندنی هێڵی شەمەندەفەر و  بەستنەوەی تەواوی شارەكان بە یەكترییەوە، پەیوەندی كۆمەڵایەتی و هاتوچۆی نێوان شارەكانی عیراق و هەرێم خێراو بەردەوام و  توندوتۆڵ بكەن، ئەمەش وا دەكات كەرتی گواستنەوە و گەشتیاری نێوانیان پتەو بێت.
لەبەرئەوەی هەڵكەوتەی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان گەشتیارین،پێویستە حكومەتی عیراق بۆ پتەوبوون و پێشكەوتنی ئەو كەرتە ئابوورییە سوودبەخشە هاوكاریی و پاڵپشتی حكومەتی هەرێم بكات، بۆئەوەی ئەو كەرتە بەرەو نموونەیی و سەردەمیانە بڕوات و هاوشێوەی وڵاتان كەرتی گەشتیاری ببێتە سەرچاوەی گرنگیی داهاتی نیشتیمانی.
پلاندانان بۆ  پڕۆژەو سوودی ئایندە، یەكێكە لەهەنگاوە گرنگەكانی وڵاتانی پێشكەوتوو بۆ مەبەستی خزمەتكردنی داهاتووی نەوەكانیان، كە دەخرێتە بەرنامە و پلانی كاركردن و جێبەجێكردنەوە، بۆئەوەی ببێتە سەرچاوەیەكی پڕ بەیاخ و  سوودبەخش  جێگرەوەی سەرچاوەی دارایی دیكە بێت،بۆ دەستكەوتنی داهات و زیادكردنی بودجەی وڵات
چاندنی دارو درەخت لەگەڵ ئەوەی سیمایەكی جوانی هەیە و ژینگەیەكی پاك و تەندروست دەخوڵقێنێت، لەگەڵ ئەوەشدا لەڕووی ئابوورییەوە لە وڵاتان بووەتە سەرچاوەیەكی داهاتی نیشتیمانی و پڕۆژەی پیشەسازی جۆراوجۆر و رەخساندنی دەرفەتی كار بۆ هەزاران كەس. ئەگەر بێت و هەرێمی كوردستان و عیراق بۆ بە دارستانكردنی ناوچەكانی كوردستان پلان دابنێن، لە داهاتوودا بۆ بە پیشەسازییكردنی تەختەودار سوودێكی ئێجگار زۆری دەبێت و دەبێتە سەرچاوەیەكی گرنگی دیكەی داهات و بەرهەمهێنانی جۆراوجۆر  و رەخساندنی هەلی كار.

وتارەکانی نوسەر