هەموان ئامانجی خۆیان پێکا

10:13 - 2024-04-21
بڵێسە جەبار فەرمان
197 خوێندراوەتەوە

ئێران لەسەر ئاستی جیهان و ناوچەکە نەیاری سەرسەختی ئیسرائیلە.
لەناوخۆدا هەموو دەمێ زاخاوی ئەو گوتارە دەدات بەوەی ئیسرائیل هاوشانی ئەمریکا دوژمنی ئەوانن.
بەم گوتارەوە ئێران توانیویەتی پەل بهاوێژێت بۆ ناو وڵاتانی ناوچەکە، رێک وەک هێزێکی ئیقلیمی رکابەر لە مەیدانەکە ئامادەیی هەیە.
بە تێگەیشتنی من ئێران لە کاردانەوەکەی بەرامبەر بە ئیسرائیل سەرکەوتوو بوو.
ئێران مەبەستی نییە جەنگی جیهانی سێیەم بەرپا بکات و خۆی لەوە زیاتر بکاتە ئامانج.
هەروەها خۆی لە بەریەکەوتنی راستەوخۆی دوژمنەکانی دەپارێزێت و لە رێی وڵاتانی تر و خاکی غەیرە ئێرانەوە دەیکات.
کە ئێران کاتی تەقاندنی راکێتەکانی و پەلاماری ئیسرائیل ئاشکرا دەکات. بەو شێوازە کاتی گەیشتنی بە ئیسرائیل ئاشکرا دەکرێت، مەبەستی بوو بەرپەرچ بدرێتەوە زیانی گەورەی مڕۆڤی لێنەکەوێتەوە. ئەمەش لەپای ئەوەی نەگاتە جەنگی راستەوخۆ و بەنزین بە ئاگرەکەدا نەکرێت.
ئەوەی باس ناکرێت ئەمەیە: بەشێکی زۆری ئەو مووشەکانەی بەکاریهێنا، چەکی کۆنی سەردەمی شەڕی ئێران عیراق بوون کە پێیان دەوترێت ئەرزئەرز.
 پەیامەکەشی ئەوە بوو کە بڵێت بە چەکی کۆنیشەوە دەتوانم بگەمە ناو خاک و سنوورتان.
بەمشێوەیە نەجاتی بوو لە بەشێکی زۆری چەکە کۆنەکانی و پەیامی پێدان کە بترسن لەو چەکە نوێیانەی هەیەتی و ئاشکرای ناکات و توانا راستەقینەکەی خۆی پیشان نادات، یان راستر بیڵێم نایەوێت توانای راستەقینەی خۆی لە ئێستادا پیشان بدات.
بەوشێوەیە و بەو چەکە کۆنانە توانی زەرەری ئابووری گەورە بە ئیسرائیل بگەیەنێ، چونکە بۆ پووچەڵکردنەوەی هەر مووشەکێکی کۆنی تەقێندراو و لەلایەن ئێرانەوە، ئیسرائیل پێویستی بە چەندین مووشەکی بەرگری هەیە بۆ گۆڕینی ئاڕاستەی مووشەکەکە یان تەقاندنەوەیان.
ئێران زیاتر لە 300  مووشەکی ئاڕاستەی ئیسرائیل کردووە لە پەلامارەکەی هەفتەی رابردوودا، ئیسرائیل چەند هەزار موشەکێکی زیرەکی بەرگری بۆ بەتاڵکردنەوە بەکارهێناوە.
هەروەها فڕۆکەی ئێف 35 ی جەنگی هەڵساندووە بۆ تەقاندنەوەی مووشەکە ئێرانییەکان لە ئاسمانەوە.
زۆربەی مووشەکەکان توانرا لە مەودای دوورەوە بخرێنە خوارەوە، ئیسرائیل توانی فڕۆکەی جەنگی ئێف 35 کە بە پێشکەوتووترین فڕۆکەی جەنگی دادەنرێت بنێرێت بۆ ئەوەی رێگری لێبکات. 

لە پشتی پەردەی رووداوەکانەوە  زۆر بابەتی  شاراوە هەن  میدیا و رای خەڵک ناتوانن دەستیان بکەوێت.


بەپێی ئامارەکانی هێزەکانی بەرگری ئیسرائیل، لە 30 مووشەکی کروز کە لەلایەن ئێرانەوە ئاڕاستەی کراوە،20 مووشەکیان لە دەرەوەی وڵات خراوەتە خوارەوە.
زیانی ئابووری ئیسرائیل لەو شەوەدا تەنیا لە رێگەی سیستمی بەرگرییەوە زیاتر لە یەک ملیار و نیو دۆلار بووە.
لە پەلامارەکەیدا ئێران 170 فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانیشی بەکارهێناوە، ئەگەرچی بە گاڵتەجاڕییەوە باسی ئەوە کرا لە میدیا جیهانییەکانەوە کە تەنیا یەک منداڵ بە سووکی بریندار بووە. دیوەکەی تری ئەوەیە ئێران خۆی نەیویستووە کەس بە تایبەتی سڤیل بکاتە ئامانج لەو پەلامارەدا.
بە شێوەیەکی گشتی دەمەوێ ئاماژە بەوەش بدەم، ئەمریکا بەرەو هەڵبژاردن دەڕوات و پێویستی بەم جۆرە لە فەوزای نیوەشەڕە هەیە و دروستکردنی دوژمنی وەهمی هەمیشە بەشێک بووە لە ستراتیژی  هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا.
لە مێژووی ئەمریکادا هەموو جارێک دوژمنێکی وەهمی دروستدەکەن بۆ راکێشانی دەنگ و رای خەڵک لەناوخۆ، سوود لە ترساندن و تۆقاندنی خەڵکی خۆیان دەبینن و خۆیان بە بەرگریکاری خەڵکەکە پیشان دەدەن کە زەرەریان پێ نەگات. 
یەکێک لە سیحرەکانی ئەم شەڕە ئەوەیە کە بەردەوامیی هەبێت و بە بەرژەوەندیی تەواوەتی یەک لادا کۆتایی نەیەت.
لەم جەنگەدا زانیارییەکان بە تەواوەتی ئاشکرا ناکرێت بۆ خەڵکی، لە پشتی پەردەی رووداوەکانەوە زۆر بابەتی شاراوە هەن میدیا و رای خەڵک ناتوانن دەستیان بکەوێت.
مەبەستی کۆتاییم ئەوەیە کە هەریەک لە ئێران، ئیسرائیل، ئەمریکا ئامانجی خۆیان پێکا.

*ئەندامی سەرکردایەتیی (ی.ن.ک)

وتارەکانی نوسەر