محەمەد كەریم
من هەمیشە لە چاوی چیرۆكنووسێكەوە بەوردی سەرنجی دیمەن و رووداو و دیاردەكان دەدەم، گوێ بۆ دەنگە دەنگ و ژاوە ژاوەكان هەڵدەخەم، چونكە دەزانم دواتر ئیشم پێیان دەبێت. تەنانەت بایەخ بە شێوازی قسەكردنی خەڵكیش دەدەم و دەنگی گڕ و ناسك و زیقاوڵە ئاساش لەیەك جیادەكەمەوە. ئەوەی بە پیادە و بە ئوتومبیلیش سەرنجم داوە، زۆربەی ئەو كەسانەی لای ترافیكەكان یان لە هەر جێگایەكی دیكەی وەستانی ئوتومبیلدا دەوەستن و شت دەفرۆشن، كلێنس دەفرۆشن. من نازانم ئایا كلێنس فرۆشتن ئەو خێرەی هەیە وا هەموویان سەریان تێكردووە؟ ئایا ئەو هەموو كلێنسە دەفرۆشرێت؟ بەڵام دەزانم روخساری زۆربەمان تەڵخە و پێویستی بە پاكردنەوە هەیە.
گرنگە سەربزێوەكان سەركوت نەكرێن و لەسەر راو رەفتاریان داوی تۆڵەیان بۆ نەنرێتەوە
بەهەرحاڵ ئەمە مەبەستی سەرەكی ئەم ستوونە نییە، بەڵكو مەبەستم ئەوەیە ئەو كەسانەی بەرپرسیارێتییەكیان لە ئەستۆیە ئیتر بچووك بێت یان گەورە، یان وەكو دەڵێن سەرەگوریسێكیان بەدەستە، تا چەند پێویستە دەروونیان پاكژ بێت، بۆ ئەوەی زوڵم لەو كەسانە نەكەن كە بەرپرسیانن. دیارە ئەمە تەنیا بە دروشم و قسەی بریقەدار نابێت و كردار سەنگی مەحەكە. لە زۆر بەرپرسی گەورە و بچووكم بیستووە چ لە شاخ و چ لە شار، كاتێك كەسێكی خوار خۆیان بە قسەی نەكردوون یان راستتر بەپێی پرەنسیپی حزبی یان حكومی كاری كردووە و بە دڵی ئەوان پرەنسیپ و یاسای نەكردووە بە لاستیك و بەكەیفی ئەوان راینەكێشاوە، وتویانە: «بۆم كردۆتە ناو نانێكی گەرمەوە»!! یانی دامناوە بۆ رۆژی خۆی تۆڵەی لێبكەمەوە.
ئەمە پێش هەموو شتێك نیشانەی نامەدەنیبوون و خێڵەكیبوون و دەروون پیسییە، چونكە خێڵەكی و دەروون پیسەكان ئەسڵەن نازانن لێبووردەیی چییە و چێژ لە تۆڵەكردنەوە دەبینن.
لە كاتێكدا دادپەروەری راستەقینە ئەو بەرپرسە گەورە یان گچكەیەیە ستەم لەو كەسە ناكات كە راو رەفتاری جیاوازی هەیە، یان رۆبۆت نییە و بە دڵ و ئیعازی ئەو هەڵسوكەوت ناكات.
ئەمە ئەزموونێكی زۆر گرنگە بۆ هەر كەسێك كە سەرەگوریسێكی بەدەستە، لە هەمانكاتدا پێویستی بە دەروونێكی پاكژ هەیە كە جێگەی تۆڵەكردنەوە و نانی گەرمی تێدا نەبێتەوە.
جەنەڕاڵ دیگۆل لە چاوپێكەوتنێكی درێژدا دەڵێت: «دڵسۆزانی راستەقینەی نیشتمان بە دەگمەن لەناو ملكەچەكاندان». كەواتە زۆر گرنگە سەربزێوەكان سەركوت نەكرێن و لەسەر راو رەفتاریان داوی تۆڵەیان بۆ نەنرێتەوە.
ئەمەش دەروون پاكژی لە بەرپرسە گەورە و گچكەكان دەخوازێت و ئەگەر بیانەوێت و ئیرادەیان هەبێت ئەركێكی قورس نییە.