ئەکرەم ئەمین
رۆژبەڕۆژ لەگەڵ هەندێک رووداو و دیاردەدا، دەستەواژەو وشەی تازە لەگەڵ خۆیان دروستدەکەن، یەکێک لەو وشانە، وشەی گەشتیاری بندیوارە. بەواتای گەشتیاری ناڕاست و فڕوفێڵ.
لە ماوەی پێشوودا دیوانی چاودێریی دارایی عیراق راپۆرتێکیان بڵاوکردۆتەوە کە 151 هەزار گەشتیاری بندیوار (گەشتیاری هەوایی) واتە گەشتیان نەکردووە و بەگەشتیار نووسراون و ناویان لە یەکێک لە بانکەکان تۆمارکراوە و دۆلاریان بە نرخی 132 هەزار دینار بۆ ئەژمارکراوە، بەمشێوەیەش لەکۆی ئەو ژمارەیە 600 ملێۆن دۆلار بەهەدەردراوە و کۆمەڵێک کەس سوودیان لێبینیوە.
ئەم دۆسێیە لاوازی بانکەکان دەردەخات کە نەیانتوانیوە زانیاری راست و دروستی کەسەکان وەربگرن و بەراوردی تەواوەتی زانیارییەکان بکەن
ئەم کارەش زەنگێکی ترسناکە بۆ سیستمی بانکی، لێرەوە چەند خاڵێکی نێگەتیفت بۆ دەردەکەوێت:
1- لاوازی بانکەکان کە نەیانتوانیوە زانیاری راستی و دروستی کەسەکان وەربگرن و بەراوردی تەواوەتی زانیارییەکان بکەن. دەردەکەوێت کە ناوەکان وەهمین.
2 - بێدەسەڵاتی و لێنەپرسینەوەی تەواوەتی حکومەت لە بانکەکان و کەسانی دز و گەندەڵ.
3- دروستبوونی تۆڕی گەورەی گەندەڵ و مشەخۆر لەناو یەکە ئیدارییەکان.
4 - بوونی جیاوازییەکی زۆر لە نێوان نرخی رەسمیی دۆلار (132هەزار دینار) و نرخی کڕین و فڕۆش لە بازاڕی رەش (148هەزار دینار) ئەمەش بووە بە بزنس و هاندان بۆ کۆمەڵێک خەڵکی دەستڕۆیشتوو و دروستبوونی دەوڵەمەندی زەبەلاح.
5 -کەڵەکەبوونی پارە بەشێوەی نایاسایی و پاشان هەوڵدان بۆ سپیکردنەوەی.
6 - سەرنەکەوتنی رێگای دۆلاردان بە نرخی رەسمی بە گەشتیاران بۆ مەبەستی رێگرییکردن لەبەرزبوونەوەی بەهای دۆلار.