له‌مێژه ده‌وترێت كورد میلله‌تێكی دێرینه، رۆژگار به‌ڵگه‌ی ئه‌وه ده‌خاته به‌رده‌می هه‌موو جیهان كه خاكه‌كه‌مان لانكه‌ی مرۆڤایه‌تی بووه، كورد له‌و نه‌ته‌وانه‌یه به‌ڵگه‌ی بوون و دێرینییه‌كه‌ی له‌سه‌ر خاكه‌كه‌یه‌تی و هه‌وڵیشی نه‌داوه بۆ نیشاندانی به‌دنیا، زۆر به كه‌می و كورتی له هه‌ندێ سه‌رچاوه‌دا ئاماژه‌ی لاوازی پێدراوه و له‌به‌رده‌م جه‌ور و سته‌می داگیركه‌رانیدا به ئازایه‌تی و قووربانیدانی خۆی به‌رگریی له‌زمان و جل و به‌رگ و رابردوویی كردووه. له‌مڕۆژانه‌دا هه‌مووان باسی ئه‌و ده‌ستكه‌وته زانستییه ده‌كه‌ن كه تیمێكی زانكۆی كامبریجی به‌ریتانی له ئه‌شكه‌وتی شانه‌ده‌ر ساڵی 2018 به‌ده‌ستیان هێناوه، ئه‌ویش دۆزینه‌وه‌ی كه‌لله سه‌ری ژنێكی چل بۆ چل و پێنج ساڵی نیاندرتاڵه له‌و ئه‌شكه‌وته‌دا. یه‌كه‌مجار نییه له‌و ئه‌شكه‌وته‌دا كنه‌وپشكنین ده‌كرێت، له‌ساڵی 1951 ئێسكه‌په‌یكه‌ری ژماره‌یه‌ك ژن و پیاو و منداڵ دۆزرانەوە كه به‌هه‌مان شێوه‌ی یه‌كتر نێژرابوون، به‌ڵام ئه‌م هه‌رایه‌ی نه‌نایه‌وه كه ژنه شانه‌ده‌رییه‌كه ناویه‌ته‌وه، ئه‌م خانمه لووته گه‌وره‌كه‌ی كرد به‌چاوی هه‌موو ئه‌وانه‌دا كه نكوڵیی له كورد و مێژووه دێرینه‌كه‌ی ده‌كه‌ن، خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌شیان بۆ نه‌لوا ده‌ستكه‌وته‌كه ده‌كه‌ن به‌هی خۆیان و ده‌ڵێن له‌عیراق دۆزراوه‌ته‌وه، به‌زارياندا نایه‌ت بڵێن له ئه‌شكه‌وتێكی نزیك شاری سلێمانی و له‌سه‌ر خاكی كوردستان بووە. ئه‌وه‌ی وایكرد دۆزینه‌وه زانستییه‌كه زۆر كاریگه‌ربێت، به‌رجه‌سته‌كردنی په‌یكه‌ره دۆزراوه‌كه‌ی ئه‌شكه‌وتی شانه‌ده‌ربوو به 3D واته به ته‌كنیكی سێ ره‌هه‌ندیی ئه‌مه وایكرد ژنێكی حه‌فتا و پێنج هه‌زار ساڵ له‌مه‌وپێش بگه‌ڕێته‌وه و باسی مێژوویه‌كی سه‌رسوڕهێنه‌ری كوردمان بۆ بكات، ژیریی ده‌ستكرد له ده‌ستپێكی كارێكیدا بۆ به‌رژه‌وه‌ندیمان هێنده‌ی سه‌دان شه‌ڕ و ململانێ و كتێب و ده‌ستنووس خزمه‌تی ماده‌ی خامی كه‌له‌سه‌ری ژنێكی جوان و ئێسك سووكی زۆر دێرینی كردین. ساڵانێكه له ئه‌شكه‌وت و گرد و ته‌پۆڵكه‌كانی سه‌ر خاكی كوردستان به‌ڵگه‌ی مێژوویی ده‌دۆزرێنه‌وه و ده‌دزرێن و شوێن بزر ده‌كرێن، دڵخۆشم به ئه‌م دۆزینه‌وه شوێنه‌وارناسییه‌ی دیزه‌به‌ده‌رخۆنه نه‌كراوه. دڵگرانیشم به قسه و ره‌فتاری ئه‌و كورده‌ی دۆزینه‌وه‌كه ده‌كات به نوكته‌ی ئاست نزم یان نكۆڵیی له راست و دروستیی ده‌كات، حه‌زده‌كه‌م به‌وانه بڵێم ئێوه كاڵه‌ك خۆرن یان بێستان ڕن؟ دڵنیابن زه‌ره‌رتان نه‌كردووه له‌وه‌ی نه‌نكتان نیاندرتاڵه و 75 هه‌زار ساڵ له‌مه‌وپێش له‌وئه‌شكه‌وته‌ی نزیک سلێمانی ژیاوه.