نانبڕینی سیاسی

09:47 - 2025-06-30
که‌ژاڵ ئه‌حمه‌د
323 خوێندراوەتەوە

عەرەب پەندێکی بەناوبانگی هەیە دەڵێت: «سەربڕین نەک نانبڕین» واتە کەسێک بکوژی باشترە لەوەی نانەکەی ببڕیت یان ببیتە هۆی نانبڕینی. ئێمە لە قۆناغى نانبڕینی سەرتاسەری کوردستانداین لەلایەن حکومەتی عیراقەوە، واتا لە بڕگەیەکی سەختتر لە کوشتنمان بە دڵڕەقانەترین شێوە. نانبڕینی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و بەکارهێنانی قووتی خەڵک وەک کارتی سیاسیی لە پێناوی لاوازکردن و خۆبەدەستەوەدانی هەرێمدا یەکێکە لە شەڕە هەرە نامرۆڤانە و سەختەکان دژی خەباتی کورد لە باشووری کوردستان. ئەم زوڵمە نەتەوەییە هاوکاتە لەگەڵ هەوڵەکانی نانەوەی پشێوی لەو جوغزی ئازادییەوەی کە مرۆڤی برسیی و کەسانی نەبووی پێ فریو دەدرێت و لە رێگەیەوە حزبی تر و کەسانی تر دەبنە خاوەن پۆست و سامان و ئەو هەژارانەش کە بە ناوی ناڕەزایەتییەوە لە پشێوییەکاندا دەکوژرێن یان زیندان دەکرێن دواتر لەیاد دەکرێن. ئەگەر سیاسەتێکی دەرەکیی دوژمن بە کورد بە شێوەیەکی گشتگیر هەموو هەرێم و دانیشتوانەکەی بە بڕیار نانبڕاو و برسیی بکات، چ مەنتقێک لە تاوانبارکردنی حزبەکان بۆ یەکتر و خەڵک بۆ حزبەکان هەیە؟
لێدانەکە لە دەرەوە بەرە و کوردی باشوور هاتووە و بەردەوام دێت، بۆچی سەیری ناوخۆت دەکەیت؟ سەیری دەوروبەرت دەکەیت بۆئەوەی تاوانباری بکەیت؟ لەم ساڵانەی دوایدا و پێشتریش بەر لە هەر هەڵبژاردن یان رووداوێکی سیاسی گرنگ، حزبی گوایە ئۆپۆزسیۆن، گوێی هاووڵاتیان کاس دەکەن بە ناو هێنانی یەکێتی و پارتی بۆ ئەوەی  ئۆباڵی هەموو شتێکی خراپ بخرێتە ئەستۆیان، بەڵام دوای هەڵبژاردن دەبن بە هاوبەشیان و حکومەتیان لەگەڵ پێکدەهێنن بەبێ دروستکردنی ئەو گۆڕانکارییانەی ئیدیعایان دەکرد، هەروەک بینیمان گۆڕان ئەو هاوپەیمانییەی قبوڵ کرد و ئەو گۆڕانکارییانەشی نەکرد کە بانگەشەی بۆ دەکرد. تا ئێستا کورد هیچ سودێکی لە خۆخۆریی و پشێوی نەبینیووە کە دەستی دەرەکیی هەندێجار دەیەوێت ئەو پشێوییە بگوازێتەوە بۆ لای ئێمە، هاووڵاتیان نەک سودیان لە (تەپکە)ی هاتوهاوار و بەناو ناڕەزایی نەبینیووە، بەڵکو کراونەتە قووربانیی لە پێناوی دەستە و دایەرە و کەسانی تری بەرژەوەندی پەرست. ئەگەر دڵسۆزی خاک و خەڵکی خۆمانین پێویستە راستییەکان بڵێین، بە روونیی دەستنیشانی بکەین مافی ئێمە لای کێیە و رێگە بەوانە نەدەین کە لەسەر داوا و خەونەکانی ئێمە سیاسەت بۆ خۆ دەوڵەمەندکردن و خەڵک برسی کردن دەکەن. هاوڕێیان جار هەیە ئەوەی دەیبینین رەنگ و مانای دی دەنووێنێت، ئەگەر لە چاوێکی فیمینستانەی خوازیاری مافی ژنانەوە بڕوانین، ئەوا تەیف سامی نموونەی ژنێکی سەرکەوتووە لە کارەکەیدا و پارەی هەموو مەملەکەتەکە لە گیرفانی ئەودایە، بەڵام ئەگەر لە چاوی واقیعەوە بیبینین خانمێکی حزبیی خاوەن دەسەڵاتە لە بەغدا و بە بڕیارەکانی تەواوی هاونیشتمانیانی کوردی باشووری نانبڕاوکردووە. کەواتە ناوەڕۆکی بابەتەکان جیاوازن لە کرۆکیان. ئەمە دەریدەخات ژنان بۆ هەمیشە بوونەوەری میهرەبان و ئاشتیخواز و دڵنەرم نابن.

وتارەکانی نوسەر