لەبەرئەوەی ئەمریکا مەڵبەند و داهێنەری چەمکی هێزی نەرمە کە ساڵانێکە بۆتە پڕۆگرامی گەلێک لە وڵاتانی جیهان، دەبێت وەک رووداوێکی گەورە سەیری بڕیاری بەشداریی کردنی لە لێدانی ئێراندا بکەین و بە هەنگاوێکی راگوزەر و بچووکی دانەنێین. ئەمەی روودەدات ئیدی ئاماژەی ئەوپەڕی بێ ئومێدبوونە لە چارەسەرکردنی کێشەکان بە رێگەی دیپلۆماسی و قەناعەت پێهێنان و ئاشتییانە، بەڵکو باوەڕبوونە بە هێزی زبری ترۆپکی توندوتیژی کە جەنگە. کەواتە ئێستا شەڕەکە دەستی پێ کرد، دوای ئەوەی ئەمریکای خاوەن ئەزموون لە خستنی حوکمی وڵاتاندا، بە فەرمیی هاتە ناو شەڕی ئێران- ئیسرائیلەوە و نەخشەی گۆڕینی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشی لەبەرنامەدایە. ئەمریکا وەک بینیمان راستەوخۆ نەهاتە ناو شەڕەکەوە، سەرەتا رۆڵی ناوبژیوانی بۆ خۆی هەڵبژادبوو، بەڵام کە هەردوو لایەنی شەڕکەر گەیشتنە خاڵی بێگەڕانەوە، واتە کە دۆخەکە گەیشتە مریشکە رەشە، ئەمریکا دەستی لە هەستیارترین جومگەی ئێران وەشاند و بەردەوام دەبێت لە لێدانی ئەو وڵاتە دراوسێیەمان، بەڵام هەر هێزی ئەویش بوو گەیشتە قورتمی لە دراوسێ نزیکتریش بۆ ئێمە، قورتمی پایتەختی عیراقی بە مێژوومانەوە لکاو، دەسەڵاتی سەدامی نەهێشت و ئەو پاداشتەشی لەیادنەکرد کە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وەک داگیرکەر سەیری وڵاتەکەی کرا و تاکێ پێڵاو نێردرا بەرەو رووی سەرۆکی ئەو کاتەی ئەمریکا، کە مستەر بووش بوو.
ئەو کاتە و هەموو کاتەکانی تریش، ئێمەی خەڵکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بینەرێکی ئۆقرە لێبڕاوین، بەڵام ناتوانین رێڕەوی هیچکام لە رووداوەکان بگۆڕین. لەوانەیە لە بەرژەوەندیی ئێمەی کورد یان دژی بەرژەوەندییەکانمان بشکێتەوە، یان پریشکی شەڕەکەمان بەربکەوێت، بەڵام نابێت چاوەڕوانیمان ئەوەبێت کە ئەمەی روودەدات لەبەر چاوی کاڵی خەڵکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. چونکە ئەوەی روودەدات پێکدادانی بەرژەوەندیی زلهێزەکانە و ئێمە بینەرانی ئازیزین. دوێنێ شاعیرێکی عەرەب نامەیەکی بۆ ناردبووم، سەبارەت بە دۆخی عیراق نووسیبوی: «ئێمە چیمان لە دەست دێت؟ هیچ دەسەڵاتێکمان نییە لەم شەڕەدا، بۆیە کە لێمان دەپرسن چۆنن؟ تەنانەت نازانین باشین یان خراپ». ئینجا بەڕاستی دۆخی دەروونیی زۆرینەی خەڵک بەمجۆرەی لێهاتووە. شەڕەکە وەک یاریی کردنە لە یاریگای کەسانی دیکەدا، بەجۆرێک جەماوەرەکەش ترساو و حەپەساوە و توانای هاندانی یەکێ لە تیپە یارییزانەکانیشی لێ بووە بە هێڵی سوور. خەڵکی کوردستان چاوەڕوانی مووچەن کەچی بە گیرفانی بەتاڵەوە لە حەلەبەی زۆرانبازییەکی خوێناویدا دانیشتوون و سەیری ئەنجامی گێمەکانی شەڕەکە دەکەن.